لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی عێراق، خەڵکی لوبنانیش هاتوونەتە سەر شەقامەکان و دژ بە گەندەڵی و سیستەمی بەڕێوەبەری ئەو وڵاتە دروشم دەدەن و داوای دەست لە کارکێشانەوەی دەوڵەت دەکەن.
خۆپێشاندانەکانی خەڵکی لوبنان ماوەیەکە بەشێوەیەکی بەردەوام درێژەیان هەیە و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان گوشارەکانیان لەسەر دەوڵەت چڕتر دەکەنەوە. خۆپێشاندەران دەیانهەوێ شوێن و ئیدارە گرینگەکانی دەوڵەت وەک بانک و وەزارەتەکان دابخەن.
لەگەڵ ئەوەی کە سەعد حەریری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام خەڵک داوا دەکەن کە هەموو کاربەدەستانی دەوڵەت دەست لە کار بکێشنەوە و ئەو سیستەمی بەڕێوەبەرییەش بگۆڕن.
خۆپێشاندەرانی لوبنانییش هەر وەک خۆپێشاندەرانی عێراقی دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە سەرەرۆیە دەردەبڕن.
حیزبوڵلای لوبنان کە لە حکوومەتدا بەشدارە، ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە و بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی و، سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی بۆتە هۆی شەڕ و کێشە بۆ خەڵک و وڵاتی لوبنان و بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ژیانی لە خەڵکی لوبنان تاڵ کردووە و هێز و میلیشیای تایبەت بە خۆی هەیە و لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ساڵانە بە میلیۆن دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران پارەی پێدەدرێ بۆ ئەوەی درێژە بە تێرۆر و ئاژاوە بدا لە جیهان و ناوچەکەدا.