Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 19/11/2019 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

نامۆ بە ئازادی و بەها مرۆییەکان

07/11/2019 | 11:14:17
+A
-A
شاهۆ مەتین

یەکەمین بیرمەندانێک کە لەسەر پەروەردە و بارهێنان قسەیان کردووە، فیلسووفانی یۆنان (ئەرەستوو و ئەفلاتوون) بوون.
لە چاخی سەردەمیش دەتوانین بە بیرمەندانێکی وەک جان دیویی و ژان ژاک ڕۆسۆ ئاماژە بکەین کە پێیان وایە:
پەروەردە هونەرێکە کە بەپشتیوانیی سروشتی و لێهاتوویی پەرەگرتوو، وێڕای پاراستنی گەشەی سروشتی و بەهاوکاریی تاک بۆ ژیان‌کردن وەدەست دێ.
سروشتی مرۆڤەکان بۆیە جیاوازی لەگەڵ گیاندارانی تر هەیە کە خوای گەورە کردووتیە خاوەن ئەقڵ و شعوور؛ پەروەردە و بارهێنان وەک پڕۆسەیەک، پێناسەیەکە لە شعووری مرۆڤ‌بوون.
لە قورئانی پیرۆزیشدا خوای گەورە ئاماژە بە ئینسانە جیاوازەکان لە هەموو ڕوویەکەوە (ڕەنگ، ڕەگەز، زمان و …) دەکا و لە هەڵبژاردنی بیروڕای ئازاددا موختاری کردوون. هەر لە سەر ئەم ئەساسە لە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەسڵێکی بنەڕەتی بەفەرمی ناسێندراوە و سەرجەم دەوڵەت و ڕێکخراوەکان دانیان پێداناوە. بەڵام لە ئەساسدا سیستمە دیکتاتۆرەکان (ئێران) گەر بۆ میناک بڵێین ئەوەی لە بەرامبەر نەتەوەکانی نێو وڵاتی ئێران بەڕێوە دەچێ ناکۆکی و دژوازی لەگەڵ هەردوو یاسای گەردوونی و ئینسانیی هەیە . بۆ وێنە گەر ئاماژە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی دیکتاتۆر بکەین، دەزانین کە چەندە حەولی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوە بندەستەکانی داوە و، بە پلان و پیلان دەیهەوێ زمان وەک ناسنامەی هەر نەتەوەیەک بتوێنێتەوە و شوناسی نەتەوەکان نەهێڵێ و ئەو سیاسەتەی لە سەردەمی پەهلەوی (یەک زمان، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت) لە ڕوخساری ئیسلامیبووندا جێبەجێ بکا، بۆیە لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵی سڕینەوەی شوناسەکان دەدا و بەتایبەت لە دوو ئامرازی تەلەویزیۆن و قوتابخانە کە مناڵان دەبنە مەبەست، وەک وەچەی دواڕۆژی هەر نەتەوەیەک بەلاڕێدا دەبەن.
بۆ بەڵگەمەند کردنی بۆچوونەکەمان دەتوانین ئاماژە بە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لەسەر زمان بکەین، کە لە ئەسڵی پازدەدا دەڵێ: زمان و خەتی ڕەسمیی ئێرانییەکان (نەتەوەکانی نێو خاکی ئێران) و نووسراوەی فەرمی بە زمانی فارسی دەبێ و، هەرچەند بەکارهێنانی زمانە ناوچەیی و قەومییەکان (نەتەوەکان) لە چاپەمەنی و ڕاگەیەنە گشتییەکان و خوێندنی زمانی دایک لە قوتابخانە و لەگەڵ زمانی فارسی ئازادە.
بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا ڕێزی ناگیرێ، تەنانەت یاساکانی خۆیشیانە، گەر بە ئینسافەوە سەیری دەسەڵاتی چل ساڵی ڕابردوو بکرێ، بۆ هیچکام لە نەتەوەکانی ئێران هەوڵی پاراستنی زمان نەدراوە، کەمیش نین ئەو مامۆستایانەی وەک زارا محەممەدی کە بەهۆی هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی زمان تووشی زیندان و لێپرسینەوە نەبووبێتنەوە، تەنانەت لە ڕاگەیەنە گشتییەکان بێڕێزیشیان پێ نەکرابێ، داکۆکیکارانی پاراستنی زمان بە ئاژاوەچی و تەجزیەتەڵەب دەناسێنن و لەلایەن خودی دادگاکان کە دەبێ پارێزەری مافی خەڵک و جێبەجێکەری یاسای بنەڕەتی بن، تووشی لێپرسین و گیران دەبنەوە.
ڕێژیم ئەوەندە نامۆ بە ئازادی و بەها مرۆڤایەتییەکانە، لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا و بەپێی ئەسڵی پازدە لە فەسڵی دووهەمدا دەڵێ: «سەرەڕای ئەوەیکە لە ئێراندا نەتەوەی جیاواز دەژین -یاسادانەران وێڕای ئاماژە بەم بابەتە کەلکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیەکان لە ڕاگەیەنە گشتییەکان ئازادە-» لە ئەسڵی نۆزدەی یاسای وڵات پێداگری دەکاتەوە کە: «خەڵکی ئێران بە هەر تایەفە و قەوم (نەتەوە)یەکەوە مافی یەکسانیان هەیە؛ ڕەنگ، ڕەچەلەک و زمان نابێتە هۆی جیاوازی.
بەڵام لە ئەساسدا وانییە و نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب و بەلووچ نەک وەک نەتەوە سەیر ناکا، بەڵکوو وەک شارۆمەندی پلە دوو سەیریان دەکا. ئەوەندە ئەم نەتەوانە بەنامۆیی سەیر دەکرێن، تەنانەت ئیزنی دامەزراندن لە شوێنە هەستیار و گرینگەکانی ناوچەکەی خۆشیان پێ ڕەوا نازانن. لەهەر ناوچەیەکی ئێران هەوڵ دەدرێ بە جێگیرکردنی خەڵکی ناخۆجێیی لەگەڵ نەتەوەی ئەسڵی کێشە دروست بکا. بۆ نموونە گەر سەیری کوردستان دەکەین، بە ئیمتیازدان بە نەتەوەی تورک لە بەرامبەر کورد و دامەزراندنیان لە دامودەزگا گرینگ و بایەخدارەکان لە ئیدارە و بەڕێوەبەرییەکانی کوردستان هەست دەکەی سیستمی حاکم هیی تورکەکان بێ و کوردیش ژێرچەپۆکەی تورک بێ نەک هیی فارس !
هەر دیسان لە ئەسڵی بیستی یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا دەڵێ: «هەموو تاکەکانی ئێران چ ژن چ پیاو -هەموو نەتەوەکانی ئێران و پەیڕەوانی مەزهەبە دانپێدانراوەکان- لەژێر پشتیوانیی یاسادان و لە هەموو مافە ئینسانی، سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بە مەرجی پاراستنی ڕێساکانی ئیسلام بەهرەمەندن.
با کوردستان وەک میناک بخەینە بەرچاو، لەژێر سێبەری ئەم یاسایەدا (ئەسڵی بیستەم). ئەگەر بەراوردی دۆخی سیاسیی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تر بکەین؛ کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراو دێتە بەرچاو؛ ئەوەندەی سیمای ناوچەیەکی میلیتاریزەکراو بەهۆی پادگانەکانەوە دەنوێنێ، زیاتر وا نیشان دەدا کە شەڕێکی قورس و گەرم لەنێوان دوو وڵاتدا لە ئارادایە. ئازادیی کۆڕوکۆبوونەوە تەنانەت بۆ باسی کێشە کۆمەڵایەتییەکان نادرێ، چ بگا بە باس و شرۆڤەی پرسگەلی سیاسی کە باسی چارەنووسی نەتەوەیەک بێ. ڕۆژ نییە لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەران بە چەکی پاسدارانی ئێران نەکوژرێن، ڕێژەی تەڵاق، بێکاری و خۆکوشتن زۆر بەرچاوە، لەڕووی کولتوورییەوە بە میکانیزمی جۆراوجۆر دەیانهەوێ بەها و ڕەوشتیان لێ بێبایەخ کەن.
بیرمەندێکی سوێدی دەڵێ: «بۆ ئەوەی نەتەوەیەک بتوێتەوە پێویست بە چەکی کۆمەڵکوژ نییە، بەڵکوو پێویستە زمانی لێ بستێندرێ، بە زمانی خۆی نەخوێنێ، مێژووی لێ چەواشە بکرێ، فێری ئەوە بکرێ بێڕێزی بە زمان و مێژووی خۆی بکا.» لەسەر ئەم ئەساسانە ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیە لە تەمەنی خۆی بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت کورد جێبەجێی کردوە و دەیکا ژینۆسایدی نەتەوەییە.