Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 19/11/2019 | کاتژمێر:
ئەندیشە

دۆخی کرێکاران و ترسی دەسەڵات لە ڕابوونیان

07/11/2019 | 10:50:25
+A
-A
هەردی سەلیمی

کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی کرێکارییە، بەو جۆرەی لە ئامارەکاندا هاتوە ژماری کرێکارانی ئەم وڵاتە دەگاتە نیزیک بە ١٤ میلیۆن کەس؛ ئەم ژمارەیەش تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کرێکاری ڕووتن واتە لە کارگە بەرهەمهێنەرەکان و لە بەشی بیناسازی و … خەریک بەکارن. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی پێناسەی دیارترین کۆمەڵناسان، هەموو ئەو کەسانەی بۆ بژیوی ژیان ناچارن کار بکەن؛ بە کرێکار دەناسرێن.
کرێکاران لە ئێران سەرەڕای زۆربوونیان لە باری ڕێژەییەوە، کەمترین مافەکانی ژیانیشیان دابین ناکرێ، کە ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە. دیارترین و گرینگترین هۆکارەکەی نەبوونی سەندیکا و یەکیەتیی سەربەخۆی کرێکارییە لەم وڵاتەدا. ڕۆڵی سەرەکیی سەندیکا، یەکیەتییەکان، ئەنجومەن یان ڕێکخراوە و پێکهاتە کرێکارییەکان لە جیهاندا پاراستنی مافی کرێکارانە لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەت و دەسەڵات؛ ئەرکی ئەم ڕێکخراوانە پاراستن و پشتیوانی لە بەرژەوەندیی کرێکاران و بەشداریکردنیان لە کۆنتڕۆڵی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتە، کە کۆماری ئیسلامی ڕێکخراوی لەم شێوەیە بە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ سەر «ئەمنیەت»ی وڵات _لە ڕاستیدا دەسەڵاتی خۆی_ دەزانێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە و تەنانەت پێش لە سەرکوتی هێزە سیاسییەکان سەندیکا کرێکارییە خەڵکییەکانی تێکەوە پێچا و، هەر وەکوو لە زۆربەی بوارەکاندا کەسان و ڕێکخراوی سەربە دەسەڵات دادەنرێن؛ لەم بوارەشدا بە جێگیرکردنی «شوراهای اسلامی کار» بەتەواوی هەموو بزووتنەوە مافخوازییە کرێکارییەکانی پەرتەوازە کرد و خستیە ژێر چاودێریی بەشی حاکمیەت، هەتا ڕادەیەک کە دەتوانین بڵێین چالاکیی کرێکاریی تووشی نسکۆ و بێدەنگی کرد. یانی لە ڕاستیدا ئەرکی بنەڕەتیی ڕێکخراوی لەم چەشنە پاراستن و پارێزگاری لە دەسەڵاتە لە بەرامبەر خەڵکدا، ئەگەرچی بەڕواڵەت لە خزمەتی خەڵکدا و بۆ خەڵک دامەزرابێتن. لە باری یاساییشەوە کۆماری ئیسلامی هەتا بە ئێستاش ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کەوا باس لە ئازادی و سەربەخۆیی سەندیکاکان دەکا، واژۆ نەکردوە.
هەرخۆی نەبوونی شوێنێک کە بکرێ لەوێ مافی کرێکاران دەستەبەر بکرێ و لە ڕاستیدا بەمەبەستی پشتیوانی لەم چینە زەحمەتکێشە بنیاد نرابێ، کێشەی خولقاندوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە بەرامبەردا و بەپێچەوانەوە ڕێکخراوێکی دەوڵەتیی وەک «شورای اسلامی کار» پارێزەری «مافی»! خاوەن کار و سەرمایەیە لە بەرامبەر و بەدژی کرێکاران؛ یەکیەتیی دەوڵەت و خاوەن سەرمایەکان و زۆر جاران معامەلە کردنیان پێکەوە دژبە کرێکاران، سەرهەڵدانی دیاردەی وەک کەرتی «تایلەتی» (تایبەت و دەوڵەتی) لێ کەوتووەتەوە.
بەهۆی بێکاریی لەڕادە بەدەر و هەژاریی پەرەگرتوو لە وڵات، هانا بردنە بەر هەر چەشنە کارێک لەلایەن خەڵکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، کەمیی کار و زۆریی هێزی مرۆیی دەستی خاوەن‌کارانی ئاوەڵا کردوە لە هەمبەر هەرچەشنە چەوساندنەوەیەک. نەبوونی بیمە، نەبوونی ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزی کار و خاوەن‌کار _بەجۆرێک کە زۆربەی کاتەکان هەر بە شێوەی زارەکی، کەسێک لە شوێنێک دادەمەزرێ و پاش ماوەیەک هەر بەو شێوەیە لەسەر کار لادەبردرێ_، دۆخی دژواری ژیان لەم وڵاتە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی کرێکارانی ژن و منداڵیش بە شێوەیەکی بەرچاو و کارک‌ئاسا ڕوو لە زیاد بوون بێ، هێزی مرۆیی و کرێکاری هەرزان خاوەن‌کارانی بێمنەت کردوە.
لە ئاکامی دوایین دانیشتنی «شورای عالی کار» لە بەهاری ساڵی ٩٨ی هەتاوی لانیکەمی مووچەی کرێکاران ١٥٠٠ هەزار تمەن دیاری کرا، ئەمە لە حاڵێکدایە هێڵی هەژاریی ڕەها 3 میلیۆن و 750 هەزار تمەنە کە نیشان دەدا مەودایەکی پتر لە ٢ میلیۆنی بۆ هەڵاتن لە هەژاری لەبەر دەم کرێکاراندایە.
لە کوردستان پرسی کرێکاری جیاوازترە لە بەشەکانی تری ئێران؛ ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە هەرخۆی کوردستان ناوچەیەکی ئەمنیەتییە و جیاوازترە لە ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە. کرێکارانی کورد بێجگە لە ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوایەتیشیان لەسەرە. کوردستان کە هەر لە سەردەمی پەهلەویشدا لە ڕیزی ناوچە پەراوێزخراو و گەشەنەکردووەکان دەهاتە ئەژمار، بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی شەڕ لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە بەسەر خەڵکدا هێندەی دیکە لەم بارەوە وەدوا کەوت. بەڵام هەر بەمەش کۆتایی پێ نەهات و ئێستاشی لەگەڵدا بێ بە ڕوانگەیەکی ئەمنیەتییەوە سەیری کوردستان دەکرێ و لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ناوچەیەکی میلیتاریزە کراو بووە. هەر لەم سۆنگەیەوە هەنگاوێکی بنەڕەتی کە لە خزمەتی گەشەی ئەم ناوچەیەدا بێ هەڵنەهێندراوەتەوە.
بێکاری، نەبوونی کارگە بەرهەمهێنەکان، هەڵاواردن لە کاتی دامەزراندن و … بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان بە هەموو توێژێکیەوە ڕوو بکەنە کاری _ئەگەر بکرێ ناوی کاری لەسەر بنرێ_ ئەستەم و کەم‌داهات و بەدوور لە پرێستیژ و کەرامەتی مرۆیی؛ کار و پیشەی درۆیینی وەک دەسفرۆشی، زبڵ‌گەڕان، کۆڵبەری و … لە سۆنگەی بێکارییەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنێ. ئەمە بێجگە لە خەسارگەلی کۆمەڵایەتی وەک دزی، لەشفرۆشی، فرۆشتنی ئەندامانی لەش، تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان و زۆر شتی لەو چەشنەیە کە هەر هەموویان لێکەوتەی بێکارین.
سەرەڕای هەموو کێشە و ئارێشەکانی کرێکاران لە شوێنی کار و نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و ترسی دەرکران لەسەر کار و نەدانی بەوەختی مووچە و یارمەتیی مانگانەیان؛ کۆمەڵێک ترس و مەترسیی دیکەش هەن کە بەربینگی بە کرێکارانی کوردستان گرتوە؛ گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوی کار، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، دەسبەسەرکردنی بەردەوامی چالاکانی کرێکاری، بانگکردنی ئەم چالاکانە بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەتایبەتی مامۆستایانی ناڕازی و … تەنیا چەند نموونە لەو مەترسییانەن.
ئامارێکی دروست و ڕێک لەسەر قوربانیانی کار لەبەر دەستدا نییە، زۆربەی کرێکاران بیمە نین و ناویان لە ئاماری ڕێکخراوی «تأمین اجتماعی»دا نییە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی ٩ مانگی ڕابردووی ساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا ناو و شوناسی ٣٩ کرێکاری کوردی تۆمار کردوە کە قوربانیی ڕووداوی کار و نەبوونی پێداویستیی گونجاو لە شوێنی کار بوون، جێگەی ئاماژەیە ئەم ٣٩ کەسە گیانی خۆیان لەدەست داوە و ئاماژەیەک بە بریندارەکان نەکراوە و هەروەها بێگومان قوربانیی زۆرتریش هەیە کە بە میدیایی نەبوون. بێجگە لەوە ئەم ئامارانە بریتی لەو کەسانە نین کە لە کاتی چوونە سەر کار و لە ڕووداوی هاتوچوودا تێدا دەچن یان بریندار دەبن. شایانی باسە بەداخەوە کرێکاران و هێزی کارێکی زۆریشمان هەیە بەهۆی بێکاری و بێدەرەتانی و هەژاری کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
بەوتەی چالاکانی کرێکاری لە نێوخۆی وڵات هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی ماکۆوە هەتا ئیلام، ڕۆژانە خەریک بە کاری تاقەت‌پڕووکێنی کۆڵبەرین. کۆڵبەرانی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا بەرەوڕووی چەندین مەترسیی گەورە دەبنەوە کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە هەڵدێران، ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا، تەقینەوەی مین، کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکان و … بکەین.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانەوە تۆمار کراوە لە ٩ مانگی ڕابردووی ئەمساڵی زایینیدا ١٨٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانیی ئەو کێشە و ئارێشانەی کە باس کرا، لەم ١٨٠ کەسە ٥٩ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان گیانیان لەدەست داوە و ١٢١ کەسی دیکەشیان بریندار بوون.
ئەمانەی کە بە چاوپێداخشاندنێک باسیان لێ کرا نموونەگەلێکی بچووکن لەو بارستاییە لە کێشە و مەترسییانەی لەسەر ڕێگای کرێکارانی کوردستاندایە. بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە باس لەوەش بکرێ هەر وەکوو چۆن لە دەیەی شەستی هەتاویدا و لەو کەشە ترسێنەر و بکوژ و ببڕەدا، بۆ یەکەم جار لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا و لە شارەکانی کوردستان بە تایبەت سەقز و سنە یادی ١ی مەی پیرۆز ڕاگیرا و ناڕەزایەتیی کرێکاری سەری هەڵداوە، ئێستاش و پاش ساڵانێک دواتر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و کاسبکارانی شاری بانە بووە سەرمەشق و ئۆلگووی زۆربەی کرێکاران لە شارەکانی دیکەی ئێران، لە ئێستادا و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەوەی کە گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە ناڕەزایەتییە سێنفییەکان لە ئێران، بە باشترین شێوە و یەکگرتووانە بەڕێوە دەچێ؛ کە لەم شێوازە خەباتەشدا جێپەنجەی نەتەوەی کورد زۆر دیار و زەقە. ڕۆژێک مامۆستایان دەبنە پێشەنگ و ڕۆژێکی تر شۆفیر کامیۆنەکان، بنەمای ئابووریی وڵات وەلەرزە دێنن بە مانگرتنی خۆیان هەتا ئەو جێگایەی کە هەڕەشەی ئێعدام و کوشتنیان لێ دەکرێ، لەولاترەوە بەکۆمەڵ چالاکیی کرێکاری دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێن؛ هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەیە حیسابێکی جدی لەسەر ڕابوونی کرێکاران لەلایەن دەسەڵاتەوە کراوە.
لەمڕۆدا چینی کرێکار پەرەی ستاندوە و چیتر بەتەنیا وەرزێر و کرێکاری بیناسازی و … بە کرێکار ناناسرێن بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی وا بەدوای پارووە نانێکەوەن لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەدا، وەک کرێکار دەناسرێن و؛ ئەم چینەش نیشانی داوە کە دەتوانێ مەترسییەکی گەورە بێ بۆ دەسەڵات.