Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 19/11/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

مارف (کورتە چیرۆک)

07/11/2019 | 10:25:42
+A
-A
لەیلا قادری

هەتا خورت و بەگوڕ بووم و شنگ و قەوەتم تێدا بوو، بێگاریی دنیا نەما پێم نەکەن.
دەوەڵک و دەغڵ و دان گوڵپەڕ دەبوو، دەچوومە هەرەوەزی دروێنەی گەنم و جۆ، ئەویش بە داس و مەڵەغان. براژنەکانم دوو کولێرەی جۆ و مەتارەیەکیان ئاو لە تووربێنەکەم دەخست، جا هەتا پاش بانگی شێوان لەکاریان وەردەدام.
پاشەبەره بووم، پاش سێ برا و دوو خوشک لەدایک ببووم.
کاتێ دایکم ڕەدووی «حەسەن»ی مامەڵڵا کەوت، هەرزەکار بووم و بە ئیشتیای خۆم مەیتەری ماڵی ئاغام دەکرد، ئێوارێ بە شەش حەوت پاڵەنگەوە (قامچی) گەڕامەوە ماڵێ.
بابم بەسەر دمدا کەوتبوو، برا و خوشک و زاواکانم، دەستەوئەژنۆ لە دەوری دانیشتبوون و هەر لێک مۆن دەبوونەوە و سەریان دەلەقاند.
نە ماڵات تاقەت کرابوو، نە حەسار گسک درابوو، نە ئاوێک گەرم کرابوو… چوومە ژوورێ و ڕێ‌و‌ڕێ، پێ و سۆراغی دایکمم گرت.
کاکم گوتی: «هەتیوە مل پانە، لە منداڵییەوە دەمزانی تۆ گەواد دەبی. دایکت وەکەڵ هاتبوو، ئەوە لە کۆشی کەڵەگاکەی دایه… سبەینێ بچۆ دەرێ، بزانم لەنێو جیران و ئاوماڵدا سەرت هەڵدێ، بزانە ئەو خەڵکە چیهات پللار تێ دەگرن! ئای ئای چۆن سەرنەوی کردین و بووینە سەرکۆنەی عالەمێ! چۆن خەڵکمان پێ خۆش بوو… ئەی لەو سەرشۆڕییە، قەت بەرگە ناگرم و تابشت ناهێنم، بابم هەستێتەوە، قەت سەعاتێک لەو وێرانبووەدا نابم، هەر بە شەو بار دەکەم».
بابم لە حەیبەت قسەی خەڵکی و نێو و نێونیتکەی خزموکەس، هەر ئەو بەسەر دمداکەوتنە بوو، پەتایەکی گرت، کەس نەیزانی چییه، پێیان دەگوت» ئازاره باریکە»، وەک بەردەمووکانە ویشک ویشک هەڵاتبوو…
مانگێکی ڕەبەق، ئەوەی نێوی زەواد بوو، نەچووبووە دیوی دەروونییەوە…پاش گردوکۆ کردنی حاسڵات و ئازووقە نانەوەی پاییزێ، بابیشم کەوتە گیانەڵڵاوە.. بە گۆپاڵ‌بارانێک ناشتمان، دایکم هەر پەردەی وەتاغێی لا نەدا، تەرمەکەی بابم ببینێ کە چەندی لێ هاتبۆوە و چۆن وەک بەزی سەر ئاور توابۆوە…
ڕەببی باب لە کەس نەمرێ، بە جارێک کۆڵەکەی ماڵمان داڕمی و پشتمان شکا… خۆزگە بابه گیان، هەر تاقە نەختێکت لێ مابایەوە و لە سووچێک دانیشتبای و چاودێریت کردباین.
بابم زۆری جامینی دایکم دەویست و ماڵێکی زۆر و زەوەند هەمووی لە ئیختیار دایکم نابوو… هەموو جارێ دەیگوت: «ژنەکە من و تۆ وەک ڕێحانە و جلە واین، تۆ ڕێحانەکەی، منیش جلەم.»
ئێمەش دەمانگوت: «پیاوی چاک بە بابە، بۆ وا خۆت دەتلیسێنییەوە، دایکیشم هەر لیچت لێ بادەدا»!
دەیگوت: «ڕۆڵە، ڕێحانەکەم بەو قسانە دەگەشێتەوە، دەبێ پیاو بەسەر ژنەکەیدا هەڵبڵێ.»
ئەخە بەدڵی خۆی لە گەورکایەتی‌ڕا بە تەپڵ و زوڕنا هێنابووی.
کەچی دایکم، جاری وا دەستی لە کەلەکەی دەنا و به گژیدا دەهات و دەیگوت:
_ “ئەو کەف و کوڵە چییە کردووتە! سەفی بووی پیاوەکە، چاک حەیات تکاوە… شەرم لەو کوڕە جحێڵانە بکە، تازە ئێمە لە ڕێزەی چین؟ ئەو قسانە بۆ عاشقە و ماشقە دەبن، نەک بۆ من و تۆ، ئەوە کچمان له ماڵانە و کچی خەڵکیمان لەپاڵ دایه”.
_ «کچێ ژنەکە، ماڵ چۆڵ و هۆڵیش بووە، تخوونم نەکەوتووی و بیانوویەکت هێناوەتەوە…
باشه بەڕاست ژنەکە بەینێکە چاک خۆت تاس و لووس دەکەی و هەر ڕۆژێ بە جۆرێ خۆت تیف‌تیفە دەدەی. دەستت لە «زێنەب»ی حەسەنی مامەڵڵای ئەستاندوه. ئەڵبەت ژنی من، سەد سەگی هەیه، یەکیان زێنەبە. دەبێ سەتی وەک زێنێ، ئاوت بە دەست داکەن.»
_ «جا تۆ چیت لە ژنی خەڵکی داوە؟ سوور سوور دەزانم ئەوی ڕۆژێش، قوون‌خڕت دیتبوو بۆیه لەو ڕاستە ڕێگایه ئەو مانگادۆشەت، قڵپ کردەوە… بۆ پێت وایە زێنەب به پیاوت دەزانێ، خۆ میز بکا لەبەرت هەڵناستێ.”
_» باشه لەوەی گەڕێ گەڕ، گەوی ئەو گۆرەوییەم ڕەویوەتەوە، بۆم بچنەوە.”
_ «بەدی، چاوم نەماوە، بۆ ناچی بیدەی به زێنەبی مامەڵڵای بۆت بچنێتەوە ئەو دەست و گۆلەپ ڕەنگینە. ئەوەنێ بۆتە ماینی کەحلان و منی پێ دەشکێنییەوە. ئەوە ڕۆژەکەیە، ئەگەر پاتۆڵەکەیان بەسەر شانتدا نەدا، بزانە هیچ نازانم.»
_ «نەخێر، بەیتی بلەیە. شێتەڵبان، سەری ئەو ئاوەڕوونکەیە کەلا کە، هیچ وڵاتی نەهێشت. ڕەببی موو لە زمانم بێ، کەس نازانێ ئەو شەڕە چ بوو، هەڵمئاویساند. وەڵڵاهی وەبیللاهی وەتەڵڵاهی، لەو ڕۆژەی تۆ هاتووی لەو ماڵەوە، ئیشتیام نەچۆتە سەر هیچ ئافرەتێک. هەر پێموابووە کەس لەو دنیایەدا نییە لە تۆ زیاتر، تۆش ئەگەر دمت تاڵ دەبێ، پەڕوپۆم لێ دەکەیەوە و سەرەوان و بنەوان دەیبەیەوە ماڵی حەمەی گاوان.”

_ “جوابی تەحا، پەحایە. بەجێی دانیشی وەک پیاوی خەڵکی، بەسەر منداڵەکانتدا بێی و دوو قسەی حیسابیان وەپێش کەوی، کەلکەی قوونت کەوتوە جا وەخۆ کەوتووی و خەریکی ترووکە‌ترووکی.”
_ «کچێ ژنەکە، خۆ قەبریش وەخۆت ناکا… چاوبڕکێنم لەگەڵ ژنی خۆم کردوە، خۆ کفرم نەکردوە، خۆ بەردم بە کابە‌دا نەداوە. ناوەڵڵاهی تۆ هەر دەزانی پێم هەڵپڕژێی و مل لەبەر ملی من نێی. ئەوەتا دەستەخوشکەکانی خۆت، پەڕۆیەکیان لێ دادڕە، بزانە کێهایان حەمامیان بۆ چاک کراوە و عەلادین و عەمباراویان بۆ دانراوە؟ تێکڕا لەسەر شۆرکە خۆیان دەشۆن… بزانە ژنە ئاغاکانیش بۆیان کراوە. دوور ناڕۆین، براژنەکانی خۆت، بۆ دوو میتر جاو، دوو مانگ دەکڕووزێتەوە، ئەوەی قسەی سوێر و تاڵیشە پێیان دەگۆترێ، سەگەل و گورگی براکانیشت وەک زێڕ بەخێو دەکەن.»
_ « تۆ لەمێژە لەبراکانم ئاوسی، دەنا ئەو باسەت بۆ بردەوە بەیرەم و بەرەجۆیە!»
_ «گورگەبۆر ئەوە ئەو بزە‌بزەت لە چییە دەڵێی کەڵیچەی خراپی، هەستە بڕۆ ملی کارێکی بگره، ئەخە کوڕی ئەو بابه نین!! شاییی چیم پێتان بێ!»
_ «ژنەکە! هەدا دە، کچێ هەر ڕقێکە ماڵوێران دەکا، هەر پیش دەبەمەوە بەرە خۆم، بەڵکم زمانت گرێ دەی… ئەننەهوو، حەیا ناتگرێ. دیارە شکور تۆ وەک دار حەیزەرانی و منیش داچەکاوم بە دەم مەینەتی و قەرقەشیی ڕۆژگارەوە و بەعومرتر دەنوێنم، چونکە نەمهێشت بەرمنەتی کەس بی و ئەستۆ بۆ کەس کەچ کەی… بەڵام لەو تاریخە بەو لاوە، گەر ماعبەینمان هەر ئاوا بێ و هەر لێم نەبان بی، بەپێی شەرع دەست لێک بەردەدەین. من تا ئەوڕۆ بە سەربەرزی ژیاوم و پیاوێکی نێوبەدەرەوە و سەربڵیندم، نانی پاڵەیی و جووتیاریم خواردوە و منەتی نامەردم نەکێشاوە.
_ «ئەوە پاکانە بۆ خۆت دەکەی، دەزانم هەمووی ڕێ‌خۆشکەرەن و دەتهەوێ پیاوخراپم کەی و سبەی ڕۆژێ ئابڕووی من بەری و بڵێی: « ژنەکەم پێم ڕازی نەبوو»، ئیدی ناڵێی، بۆخۆم ئاورم کردبۆوە. بۆیه دەڵێن سەرچۆپی بدەی بە گامێشێ، بۆ لای چۆمی دەکێشێ… تۆش لەو بنەپاڵەوە بۆ لای خات «زێنەب»ت ڕاست کردۆتەوە…. ئەوە بۆیه ئەو دێڵە بەبایە، بەینێکە بەو هەمۆ داوودەرمانەوە، دەگاتە حاندی من، خۆی ڕەپ دەکا».
_ «حەک ژنەکە، ڕەببی نەحەسێیەوە.»
ئەوانەم وەک خەون لەبیرە، ڕێک ڕۆژێک پێش ڕەدوو کەوتنی دایکم…
لەو کاتەوە، خورپەیەک کەوتۆتە دڵمەوە، هەموو جارێ ئەو کەشکە ئەژنۆیانم دەلەرزێنێتەوە… بۆیە کاکم بۆم دەچووە داواکاری هەر کچێک، پەڵپێکم پێ دەگرت و بیانوویەکم لێ دەدیتەوە و هەر زاتم نەکرد ژن بێنم و تا ئەوڕۆ بوخچەم نەکراوەتەوە.
هەتا ڕانە مەڕ کەوتبێ، بە تەنێ لە مۆڵگە ماومەتەوە، هەتا بێستان کرابێ، لەسەری نوستووم، هەتا خەرمان هەڵدرابێتەوە، نیگابانیم داوە.
وەک کێویلە، قەت له دیوەخان و بن‌کورسی دانەنیشتم و چێشتێکی گەرموگوڕم چێژ نەکرد. هەمیشە پاتۆڵ و کەوام، وەک کەمرە چڵکی گرتبوو… ئەو بەره دەستانەم دافەتابوو، بەو حاڵەوە هەر فزەم لێ هاتبایه، کاکم دەیگوت: « مارف گیان، لە کاکی خۆت کەوێ، تۆ سەڵت و سپاتی، کار بکە کار، ئەو لەش و بەندەنەت ڕاوەشێنە، ئاخری هەر مشک و مار دەیخوا، ئیدی بۆ پەلەپەلی ماڵێتە، کێ چاوەڕێتە؟! دێیەوە ماڵێ دەڵێی چی! ئەو ژنانە منداڵەبەرن، دێیەوە چاو لە سینگ و بەرۆکیان دەبڕی؟»
نەیاندەهێشت کچەکانیشیان بێنە یاریدەم، دەیانگوت: «چۆن دێڵین کچی جوان و جحێڵ لەگەڵ پیاوێکی ڕەبەن، لە مەزرایه بێ، با مامیشیان بی، خەڵک چیی چاکمان ناڵێ؟»
بەو نەزمە، بە نانەزگی تا پەنجام بەڕێ کرد. ئەوە پازدە ساڵیشە ئەلێرە (خەڵوەتگەی پیری)، خەڵک بە خێری خۆیان، بەخێوم دەکەن و سەری خۆم ڕاگرتوە. دایکم، دوای حەزی خۆی کەوت، بەڵام هەموومانی لە حەز و ژین بێبەش کرد.