کۆماری ئیسلامی هەرچەند پێشتر رەتی دەکردەوە کە هێڕشکردنەسەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان دەستی کۆماری ئیسلامی تێدا بێ، بەڵام ئەمجارە و لەسەر زاری “حوسەین شەریعەتمەداری ” خاوەنی ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمە، بە ئاشکرا هەڕشەی هێرشکردنە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی عەرەبستان دەکا.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: هەروەک چۆن هێزەکانی یەمەن توانیان خەسارێکی ٣٠ میلیارد دولاری بە عەرەبستان بگەیەنن هەرواش دەتوانن ئەو نیوەی تریشی کە ماوە لەناو ببەن.
ئەمە پاش ئەوە دێت کە چەند ڕۆژ پێش خامنەیی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی لوبنان و عێراق رایگەیاندبوو کە دەستی ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکە لەو ئاڵۆزییانەدا دیارە و ئەوانەی کە خەریکی ناڕەزایەتی دەربڕینن شیعەی ئینگلیزین.
شایەنی باسە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شیعەی لوبنان و عێراق ماوەیەکە بەردەوامن و ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ و خۆپێشاندەران داوای چوونە دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیاندا دەکەن وئاڵاو وێنەی خامنەیی و خومەینی و قاسم سولێمانی ئاگر تێبەردەدەن و دەیخەنە ژێر پێ و دەزانن کە دەستیوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتاندا هۆکاری دواکەوتن و شەڕو ئاژاوەیە لە وڵاتەکانیاندا.