Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 17/11/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

کاتێک پڕاید دەبێتە “”BMW

03/11/2019 | 21:32:29
+A
-A
شەماڵ سوڵتانی

بۆ هەموو مرۆڤێک پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، بۆ وێنە خانوو، ماشێن، کەلوپەلی نێوماڵ، توانای کڕینی جۆرەکانی خواردن و جلوبەرگ قسەی لە سەرەوەی هەموو شتێکن. کەچی بەداخەوە زۆر ناخۆشە باسکردن لە ڕاستییەکی تاڵ کە ئەمڕۆکە بەرۆکی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی لە نێوخۆی ئێران گرتۆتەوە و پیر و لاو و منداڵ بەدەستییەوە گیرۆدە و گرفتارن؛ ڕاستییەک بەناوی گرانی!

ئەو ڕووداوە تاڕادەیەک قووڵە کە نە تەنیا بۆتە ھۆی تێکچوونی بژیوی کۆمەڵانی خەڵک، بەڵکوو ھیوا و دڵخۆشبوون بە داھاتوویەکی ڕوون لەسەر دەستی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان لێ ئەستێندراوەتەوە و ئەوەش، ئیرادەی تێکۆشان و ھەوڵدان لە لاوەوە بگرە ھەتا پیر، ئومێد بۆ داهاتوویەکی پرشنگدار شۆڕش و یاخی بوونێکی سەراسەری کردۆتە پێویستییەکی واقیعی تا گەلانی ئێران لە دەستی سێدارە، ئەشکەنجە، کوشتن، ئیهانەکردن، دەرد، چەرمەسەری، برسیەتی و قاتوقڕی نەجاتیان بێ و هەنگاو بەرەو ژیانێکی ئارام و شایستە هەڵێنن.

ئەفلاتوون لە کتێبی “کۆمار”دا بۆ دروست کردنی “دەوڵەتێکی بێوێنە” یان ھەمان “شاری خەونەکان” باس لەوە دەکا کە ھەر مرۆڤێک بۆ ئەوەی بتوانێ بیر و ھزر و ھۆشی خۆی بۆ پەرەپێدانی زانست و ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی خۆی و کۆمەڵگەکەی بەکار بێنێ دەبێ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی لەلایەن دەسەڵاتەوە دابین کرابێ. کەواتە دەسەڵات پێویستە ڕێگای گەیشتن بەو پێداویستییانە بەبێ ھیچ مەرج و بەرپەرچێک بۆ ھەموو تاکێکی کۆمەڵگەکەی خۆی لە منداڵەوە بگرە ھەتاکوو بەساڵاچووەکانی ئاسان کردبێتەوە. لە ئاکامی ئەو پڕۆگرامەدا ھیچ منداڵێک نییە ھەلەکانی گەیشتن بە ئاوات و ئارەزووەکانی پووچ ببینێ و ھیچ بەساڵاچوویەکیش بۆی نییە لە ترسی کڕینی دەوا و دەرمانی دواڕۆژەکانی تەمەنی پێشوەختە ژیان بدۆڕێنێ.

بەپێی دوایین ھەواڵەکان ئەمڕۆکە نرخی ماشێنی پڕاید ۴٠ میلیۆنی تێپەڕ کرد. ئەگەر بێنین بەراوردێکی ئەو نرخە بەڕادەی داهاتی ستانداردی دامەزراوەیەک لە دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە ٢ ساڵی تەواو پێویستە بۆ کڕینی پڕایدێک. ئەویش بەبێ ئەوەی پەناباتێک لەو مانگانە خەرج کرابێ. ئەوە لەحاڵێکدا بۆ کڕینی ماشێنێک بەڕواڵەت جوانتر و بە کوالیتییەکی زۆر زیاتر، لە وڵاتی هولەند تەنیا یەک مانگ پێویستە، کەواتە تاکێکی ئێرانی دەبێ ٢۳ مانگ زیاتر کار بکا بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە خاوەنی ماشێنێک؛ ئەویش چ ماشێنێک؛ پڕاید!

ئەوەی جێگای داخ و پرسیارە، ئەوەیە چۆن دەبێ دەسەڵاتێک لە وڵاتێکی ئاوا دەوڵەمەند لە بواری وزە و کشتوکاڵ و، دەوڵەمەند بەسامانی ژێرزەوی و هێزی کار بێ، کەچی  ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکەکەی ھەست بە نەبوونی و برسیەتی و گرانی بکەن؛ بەجۆرێک کە تەنانەت بۆ دابەشکردنی چەند جۆرێک لە خواردەمەنی ناچار بن بە چەند سەعات لە ڕیز و نۆرەی دوور و درێژدا چاوەڕوان بمێننەوە.

ڕێزگرتن لە ئیرادە و کەرامەتی خەڵک دەبێ لە خاڵە بنەڕەتییەکانی دەسەڵاتدا بێ، شکۆی تاکی ئەم وڵاتە دەبێ لە جەوهەر و لە پێشینەی هەنگاوەکانی حکوومەتدا بێ، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیبینین و دەیبیسین و دەگوزەرێ ئەوەمان پێدەڵێ کە بەڕێوەبەرانی دەسەڵات ململانێی سیاسی و چەواشەکاریی میدیایی لە ئاست نێوخۆ و دەرەوە زۆر بەرزتر لەوە دەنرخێنن کە مرۆڤانێکی دەستکورت و نەدار بکەن بە گفتوگۆی سەرەکیی ڕۆژنامەوانی.