Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 17/11/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

سەرهەڵدانی دەوڵەت و نەتەوەسازی

23/10/2019 | 01:10:58
+A
-A
و: کەماڵ حەسەن‌پوور

نەتەوەسازی
گەڕانەوە بۆ مێژوو؛ سەرهەڵدانی دەوڵەت و نەتەوەسازی
ئاندرێیاس ویممەر
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دوورتر، ئێمە دەتوانین بپرسین توانایی دەوڵەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییی گشتیی و زمانی یەکدەست سەرچاوەی گرتوە. لە ڕوانگەی منەوە هەردووکیان میراتی دەوڵەتی ناوەندگەرا بوون کە پێش سەردەمی کۆلۆنیالی و پێش گواستنەوە بۆ دەوڵەت_نەتەوەی مۆدێرن درووست بوون. لەو شوێنانەی کە فەرمانڕەوایی بە چڕی ناوەندگەرا گەشەیان کردبوو، بەڕیوەبەرایەتیی بیرۆکراتیک سەریان هەڵدا کە فێربوون چۆن ناوچە جیاوازەکانی وڵات بە شێوەی ڕێکخراوەیی ئاوێتە و لە بواری سیاسییەوە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەو دەوڵەتانەی کە تازە دەوڵەت_نەتەوەیان پێکهینابوو کەڵکیان لەو زانیارییە و ژێرخانە بیرۆکراتیکەکانی کرد تا خزمەتگوزاریی گشتی بۆ سەرانسەری ناوچەکان دابین بکەن. دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، ئەو دەوڵەتە بە چڕی ناوەندگەرایانە نوخبەکانی دەوروبەر و لایەنگرانیان هان دا زمانی نوخبەی ناوەند (یا وەک چین: شێوە نووسین) هەڵبژێرن. ئەوە بووە هۆی گەشەکردنی پێگەی کاریی ئەوان و ڕێگای پێدان کە ئیددیعای خاوەندارییەتیی کولتووری «بەرزی» ناوەندی سیاسی بکەن.
بۆ نموونە پێش ئەوەی بوتسوانا ببێتە کۆلۆنی، چەند میرنشینی ناوەند گەرا و یەکگرتوو سەریان هەڵدابوو، کە لە لایەن ئەو بەگزادانەی کە بە زمانی تسوانا دەدوان بەڕێوە دەچوون. کاتێک کە لە لایەن دەوڵەتی دوای کۆلۆنیالییەوە هێنرانە ژێر ڕکێف، ئەو میرنشینانە بە شێوەیەکی باش خزمەتگوزارییی گشتییان کە لە لایەن دەوڵەتەوە دابین کرابوو بەدەست هاووڵاتیان گەیاند: ئەوان ئەو کارەیان بە پشتیوانیی ڕەوایی و ئەو ژێرخانە دامەزراوییە کرد کە بەڕێوەبەرایەتییان لەسەر دامەزراندبوو. ئەوان بەهەمان شێوە لە سەردەمی پێش کۆلۆنیال، لە ماوەی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزمیش بڕەویان بە ئاسیمیلە کردنی دانیشتووانی غەیرە تسوانایی بۆ کولتوور و زمانی باڵادەستی تسوانایی دەدا.
لە مێژووی سومالیا، هیچکات فەرمانڕەوایی ناوەندیی بەسەر ناوچەکانی ناوەوە و زۆرینەی خەڵکە کۆچەرەکەی سەری هەڵنەدا. ئەوە بووە بەربەستێکی بەرچاو بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییی گشتی دوای سەردەمی کۆلۆنیال. ئاستی هەرە بەرزی ناوندگەرایی سیاسی لە چین لەماوەی هەزاران ساڵدا دەرفەتی سەرهەڵدانی شێوە نووسینی یەکدەست لە سەرانسەری ئیمپراتورییەکە ڕەخساند و بەهەمان شێوە بووە هۆی ئاسیمیلە بوونی بەشێکی بەرچاو لە نوخبەی سیاسی لە ناوەندە نوێ کۆنفوسیوسییەکانی ئیمپراتوریی. بۆیە دەوڵەتی ناوەندگەرای خۆماڵی، کە فەرمانڕەوایی کۆلۆنیالی پشتی بەوان بەستبوو، مەرجی پاشخانێکی گرینگی بۆ نەتەوەسازیی سەرکەوتوو دەستەبەر کردبوو چونکە ئەوان میراتی دووانەی ژێرخانێکی بیرۆکراسی_ سیاسی و زمانێکی هاوشێوە (یا وەک چین: شێوە نووسین) یان هەبوو.

لەولای نموونەکانی سەرەوە؛ شیکارییەکی جیهانیی
زۆر ڕوونە کە ئەو نموونانەی لەسەرەوە باسمان کردن کاریگەریی ڕێژەیی سێ مێکانیزمەکان بە شێوەی یەکلاکەرەوە دەرناخەن. ئەوە کاتێک دەردەکەوێ کە ئێمە یەکێک لەو جووتە وڵاتانە لەگەڵ یەکی دیکەی جووتێکی دیکە براورد بکەین. بۆ وێنە لە سومالی، هەموو بە یەک زمان قسە دەکەن، لە کاتێکدا کە سویس لە ڕوانگەی زمانییەوە فرەچەشنترە، گەرچی مێژووی نەتەوەسازیی ئەو دووانە بە پێچەوانەی یەکترە. لە چین بە بەراورد لەگەڵ سویس، گەشەکردنی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی تا ١٩١١ بوونی نییە (جگە لەو ڕێکخراوانەی کە لە لایەن چینێکی بچووکی خوێندەوار پشتیوانیی دەکران)، سەرەڕای ئەوە هاوپەیمانی لە نێوان ئەتنیکەکاندا سەری هەڵدا. بە واتایەکی دیکە، کاتێک چەند نموونە لەگەڵ یەکتر بەراورد دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە هەموو شتێک وەک یەک نییە [بە کوردی دەڵێن هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزاغا نییە].
جگە لەوە، فاکتەری دیکە دەتوانن بۆ نەتەوەسازیی یەکلاکەرەوە بن. یەکەم، ئەزموونی کۆلۆنیالیی کاریگەریی نییە؟ وڵاتانی وەک سومالی و بوتسوانا، کە قوربانیی سیاسەتی دووبەرەکیی بنێوە و فەرمانڕەوایی بکەی هێزی داگیرکەر بوون، لە بەراورد لەگەڵ سویس و ڕووسیە لە هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتوویی سیاسی_نەتەوەیی لە ئاستێکی مافخوراودا نین؟ دووهەم، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە نەتەوەسازی تا ڕاددەیەکی زۆر مەسەلەی گەشەکردنی ئابوورییە. ئاخۆ سویس وەک سومالیی لێ دەهات، ئەگەر پیشەسازیی هەناردەکردنی سەرکەوتوو نەبا و نەکرابا بە ناوەندی سیستەمی بانکیی نێونەتەوەیی و بیمە؟ ئەگەر هیچ ئەڵماسێک لە خاکە خیزەڵانەکەی بوتسوانادا نەدیتراباوە، دەیتوانی هێندە کاریگەر خزمەتگوزاریی گشتیی بگەیەنێ؟
سێهەم، نەتەوەسازیی لە وڵاتانی وەک سویس ئاسانترە کە جیاوازیی ئایینی و زمانی یەک ناگرنەوە. بە پێچەوانە لە ڕوسیەی ڕۆمانۆف، زۆربەی کەمینە زمانییەکان باوەڕمەندی دینی جیاواز لە زۆرینەی ئۆرتۆدۆکسی ڕوسی زمانی بوون. ئەگەر بەو شێوە بێ، جیاوازیی ئەتنیکی لە ڕوانگەی سیاسییەوە زۆرتر لێک جیاکەرەوەیە و نەتەوەسازیی دژوارتر دەبێ. چوارەم و کۆتایی، ئێمە ڕەنگبێ پێویست بکا ڕوانگەیەکی وریاترانەمان هەبێ و بڵێین کە نەتەوەسازیی لەو وڵاتانەدا سەرکەوتوو دەبێ کە زۆر شەڕیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە کردووە، کە ورووژاندنیان بۆ شەڕی هەمەلایەنە بۆتە هۆی یەکگرتوویی ئەوان. بە هەمان شێوە، لەوانەیە دەوڵەتی ئوروپایی بۆیە توانیان نەتەوەی یەکدەست درووست بکەن چونکە ڕێک کردن و گۆڕانی سنوورەکان بە درێژایی سەدان ساڵ و پاکتاوی ئەتنیکی بووە هۆی دروستبوونی دانیشتووانی یەکدەست کە ئاسانتر لە بەڕێوەبەرییەکی نەتەوەییدا ئاوێتە بوون.
بۆ وەڵامی پرسیاری لەو شێوەیە، ئێمە دەتوانین لە سەر تاقمێک زانیاریی لە بارەی وڵاتانی جیهان لێکۆڵینەوە بکەین. ئەوە یارمەتیدەر دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ ئەو چوار فاکتەرە دەتوانن یەکلاکەرەوە بن بۆ تێگەیشتن لەوەی کە نەتەوەسازی لەکوێ سەرکەوتوو بوو و لەکوێ شکستی هێنا. ئەوە بە هەمان شێوە ڕێگامان پێدەدا کە بزانین ئاخۆ ئەو سێ مێکانیزمانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا لە وڵاتانی دیکە جگە لە سویس، بەلژیک، سومالی، بوتسوانا، چین و ڕوسیە کاریگەر بوون یا نا. بۆ هەرکام لە لێکۆڵینەوە ڕێژەییەکان، ئێمە لە پێشدا پێویستیمان بەوەیە کە بزانین نەتەوەسازیی لە هەر وڵاتێک چەندە سەرکەوتوو بووە. بۆ ئەو مەبەستە، من پشت بە هەندێک زانیاریی دەبەستم کە نیشان دەدا کە ڕێژەی هاووڵاتیانی سەر بە کۆمەڵگە ئەتنیکییان دەپێوی کە نوێنەرانیان لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتدا بەشدار نین. ئەو زانیارییە لە ١٩٤٦ ڕا تا ٢٠٠٥ بۆ ١٥٥ وڵات لەبەر دەستدایە. بە کەڵکوەرگرتن لەو زانیارییە، من نیشانی دەدەم کە هەڵاواردنی سیاسی لەو شوێنانە کەمترە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەنێو دانیشتوواندا بەربڵاوە، لەو شوێنانە کە دەوڵەت لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتییدا باشە، و ئەو شوێنانە کە هەرێمی زمانیی زۆرتر وەک یەکە.
بۆ ئەوەی کە شیکارییە ئامارییەکە زۆرتر لەبەردەست دابن، ڕێگا بدەن زانیاریی سێ وڵاتان لەگەڵ یەکتر بەراورد بکەین. بۆ پێوەری گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتیی، من پشت بە ڕێژەی خوێندەواریی دەبەستم، کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی سیستەمی قوتابخانەی گشتییە. ئەگەر لە وڵاتێک ٪٨٠ گەورەساڵان بتوانن بنووسن و بخوێننەوە (٪١٥ لە سەرووی ناوەندیی جیهانیی کە ٪٦٥ ـە)، کەوابوو ڕێژەی پەراوێزخراویی دانیشتووان نزیکەی ٪٣٠ کەمترە لە وڵاتێک کە تەنیا نیوەی خەڵکەکەی خوێندەوارە (٪١٥ لە ژێر ئاستی مامناوەندیی). بۆ ئەندازە گرتنی فرەزمانی، ئێمە لە گۆترە دوو کەس هەڵدەبژێرین و ئیحتیمالی ئەوەی کە هاوزمانی یەکتر بن حیساب دەکەین. ئەگەر ٪٥٢ بوو (٪١٤ لە سەرووی ڕێژەی مامناوەندیی کە ٪٣٨ ـە)، ڕێژەی خەڵکی پەراوێزخراو دووبارە ٪٣٠ کەمترە لە وڵاتێک کە ئیحتیمالەکەی تەنیا ٪٢٥ ــە (٪١٤ لە ژێر ڕێژەی مامناوەندیی). ڕێژەی خەڵکی پەراوێز خراو بە هەمان ئەندازە کەم دەکا ئەگەر ئێمە بۆ هەر پێنچ کەس ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی زیاد بکەین.
جگە لەوەی کە لەسەرەوە هاتە بەرباس هیچ شیکردنەوەیەکی دیکە بۆ نەتەوەسازیی مومکین نییە، هەر وەک لێکۆڵینەوەی ئاماریی زیاتر بە بگۆڕی دیکە دەریدەخا. وڵاتان وێناچێ ئەگەری شکستی نەتەوەسازییەکەیان زیاتر بێ ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کۆلۆنی بووبن یا دەسەڵاتدارییەکە بە شێوەیەکی دیکە بووە (وەک بە کۆلۆنیکراو لە لایەن خەڵکی لە دەروەڕا هاتوو یا فەرمانڕەوایی ناڕاستەوخۆ)؛ ئەگەر ئابوورییەکەیان گەشەنەکردوو بێ؛ ئەگەر مێژوویەکی دوورودرێژی شەڕ لەگەڵ وڵاتانی دیکەیان هەبێ یا ناکۆکیی ئەتنۆ_ناسیۆنالیستییان هەبێ؛ یا جیاوازیی زمانیی و ئایینییان یەکتر داپۆشێ.
لە کۆتاییدا، لێکۆڵینەوە لە تاقمی زانیاریی فرە بەربڵاویش نیشانی دەدا کە لەو شوێنانەی کە دەوڵەتی زۆر ناوەندگەرا پێش سەردەمی کۆلۆنیالیی و پێش دەوڵەت_نەتەوە سەریان هەڵدابێ، دەوڵەتانی ئێستایان خزمەتگوزاریی گشتیی زۆرتر دابین دەکەن و دانیشتووانی بە زمانی کەمتر قسە دەکەن. ئەوە توخمێکی یەکلاکەرەوەی دیکەی پێویست بۆ نەتەوەسازیی پێکدێنی کە لێرە باسی لێ کراوە. بۆ نیشاندانی ئەوە ئێمە دەکرێ پشت بە دوو پێوەری مێژووی پێش کۆلۆنیالی دروستکردنی دەوڵەت ببەستین. یەکەمیان بۆ ٧٤ وڵاتی ئاسیا و ئەفریقا لەبەر دەستدایە کە پێکهاتەی سیاسی پێش کۆلۆنیالیی ئەوان لە لایەن مرۆڤناسانەوە تۆمار کراون. زانیاریی دووهەم، کە ئابوورییناسان کۆیان کردوونەوە، ١٤١ وڵاتان دەگرێتەوە و ئەوە ئەندازە دەگرێ کە دەوڵەتانی خۆماڵیی تا چ ڕاددەیەک کۆنتڕۆڵی خاکی وڵاتی ئێستایان لە ماوەی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە بەدەستەوە بووە.
شتێکی ئاشکرایە کە ناتوانین بگەڕێینەوە دوایە و وڵاتێکی مێژوویی دروست بکەین کە بەکەڵکی نەتەوەسازیی ئەو سەردەمە بێ. توانایی دەوڵەتێکیش بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی ناتوانێ بە یەک دوو ساڵان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە. زمانێکی هاوبەش ناکرێ بە ماوەیەکی کورت فێری دانیشتووان بکرێ. ڕێکخراوی خۆبەخش کە هاوپەیمانیی سیاسی لە دەوری ئەوان پێکبێ ناتوانن لە ماوەکەی کورتدا ڕیشە داکوتن. لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو سێ فاکتەرە سیاسییە یەکلاکەرەوانە، کات بە چەند جیل ئەژمێر دەکرێ نەوک چەند ساڵ. کەوابوو، چاککردنەوەی دەوڵەتی فەشەل یا نەتەوەسازیی ناکرێ لە ماوەی کاتی دەورەیەک یا دوو دەورە سەرکۆماریی وڵاتە یەکگرتووەکان جێبەجێ بێ.
لە ماوەی نزیک بە بیست ساڵی ڕابردوودا، دامەزراوە جیهانییەکان وەک بانکی جیهانیی هەوڵیان داوە دامەزراوەی ئەوتۆ دروست بکەن کە بتوانێ خزمەتگوزاریی گشتیی بۆ وڵاتانی جیهانی سێهەم دابین بکا. ئەو پێداگرییە بەردەوامە لەسەر دەوڵەتداریی و دروستکردنی توانایی هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ ڕاستکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی هەڵە کە زۆر جار دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی دەیگرنە بەر. هۆگریی لێبڕاوانە و درێژخایەن بۆ بەهێز کردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و کاریگەرتر کردنی ئەوان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی باشترین سیاسەتی نێونەتەوەییە بۆ یارمەتیکردنی نەتەوەسازیی لە سەرانسەری جیهان.
باشترین لایەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی دەوڵەتەکان و دەوڵەتە ناوچەییەکانن، نەوەک ئاژانسەکانی کەرتی تایبەت، ڕێکخراوی خۆبەخشی بیانی یا سوپای داگیرکەر. لەوانەیە ئەوانە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە کاریگەرتر بن. بەڵام دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی لە لایەن هێزی دەرەکییەوە یارمەتییەکی کەم بە ڕەوایی بەخشین بە دەوڵەتە خۆجێیەکان دەکا. ئەوە دەکرێ بە کەلکوەرگرتن لە لێکۆڵینەوەی خەڵکی ئەفغانستان نیشان بدرێ، کە هەموو ساڵێک لە ٢٠٠٦ تا ٢٠١٥ لە لایەن دامەزراوەی ئەیشەن فاوندەیشن بەڕێوە چووە. دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی لە لایەن بیانییانەوە گەلێک کەمتر کاریگەرە بووە بۆ بردنەسەری ڕێژەی ڕەزامەندیی لە دەوڵەتی خۆجێیی یا هاندانی هاوڵاتیان بۆ ڕووکردن لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانیان، لە جیاتی دەسەڵاتە نەریتییەکان و فەرماندە شەڕکەرەکان. ئەوە هێندەی دیکە ناخۆشە کە ببینی کە ئەفغانستانییەکان ئەو خزمەتگوزارییانەیان پێ باشترە کە لەلایەن تاڵەبانەوە بۆیان دابین دەکرێ تا پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی گشتیی لە لایەن بیانییانەوە.
ستراتێژییەکی دووهەمی نەتەوەسازیی کە بۆ لایەنگریکردن دەبێ ئاوێتەیی پێوەندیگرتن لە ڕێگای پشتیوانیی لە سیستەمی خوێندنی یەکگرتوویە. وڵاتان لە سەرانسەری جیهان ڕێگایەکی زۆریان بڕیوە بۆ خوێندەوار کردنی دانیشتووانیان و فێر کردنیان کە بە زمانێکی هاوبەش قسە بکەن، کە لە درێژخایەندا، وەک لە سەرەوە باس کرا، یارمەتیدەری نەتەوەسازیی دەبێ. بۆیە پشتیوانیی بەردەوام لە سیستەمی خوێندنی نەتەوەیی لە بەرامبەر بە زەختەکانی بودجەیی، ستراتێژییەکی درێژخایەنی بەکەڵکە نە تەنیا بۆ گەیشتن بە گەشە کردنی بەردەوام و یەکسانیی ڕەگەزیی بەڵکو بۆ ئەوەی کە بوار بۆ نەتوەسازیی خۆش بێ.
سێهەم، پشتیوانیی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە بۆ وێنە لە لایەن دامەزراوە حیزبییەکانی ئاڵمانی وەک فرێدریش_ئێبەرت شتیفتونگ یا دامەزراوەی سۆرۆس، لەوانەیە ببێتە شکستی سیاسی و ئاژاوە. سەرکوتی ئەو دواییانەی ڕێکخراوە خۆبەخشەکانی گەلێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا کە لەلایەن بیانییانەوە پشتگیریی ئابووریان دەکرێ، ئەوە بەڕوونی ئاشکرا دەکا. بەڵام لە درێژخایەندا، ئەو ڕێکخراوانە ژێرخانی سیاسی دەستەبەر دەکەن کە یارمەتیدەری دروستبوونی پێوەندیی لە نێوان ئەتنیکەکان دەبێ و ئاوێتە بوونی سیاسی پەرە پێدەدا.
دوایین، بەڵام بژاردەیەکی پڕ گیروگرفتتر بۆ بڕەودان بە نەتەوەسازی، پشتیوانیی لەو گرووپانەیە کە بۆ ڕێژیمی گشتگیرتر خەبات دەکەن و کە بۆخۆیان هاوپەیمانیی فرە ئەتنیکییان دروست کردوون. هەر وەک مێژوو نیشانی دەدا، ڕێژیمە زۆر پەراوێزخەرەکان، کە کەمینەیەک دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە، وەک ئەوەی کە ئێستا لە سووریە هەیە زۆر جار تەنیا لە ڕێگای خەباتی چەکداریی بەچۆک دادێن. ئاڵوگۆڕی ئاشتیخوازانە وەک هی ئەفریقای باشوور زۆر دەگمەنن. کەوابوو، توندوتیژیی ئێستا، هەندێک جار نرخێکە کە دەبێ بۆ ئاشتیی بەردەوام بدرێ کە ئاوێتە بوونی سیاسی و نەتەوەسازی دەستەبەری دەکەن. بەڵام، هیچ زەمانەتێک نییە کە دەسەڵاتدارە نوێکانی دوای ڕێژیمێکی سەرەڕۆ، زۆر بە ئاسانی تەنیا جێگۆڕکێ نەکەن و ئەو گرووپانە لە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی نەتەوەیی پەراوێز نەخەن. جارێکی دیکە، نموونەیەکی باش شێوەی هەڵسوکەوتی نوخبەی شیعەی عێراقە کە چۆن سیاسەتوانە سوننییەکانیان دوای داگیرکاریی ئەمریکا پەراوێز خست. دەکرێ زۆر نمونەی دیکەش لە وڵاتانی دیکەی جیهان بێنینەوە.
بۆیە پێداگریی لەسەر ڕێککەوتنی دابەشینەوەی دەسەڵات، سەرەڕای گشت کەمایەسییە تۆمارکراوەکانی، ئێستاش باشترین بژاردەی لەبەر دەستدایە بۆ هێزە پەراوێزخراوەکان کە لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەییدا خاوەن دەسەڵاتن. ئەوڕۆ ڕێژەیەکی کەم لە چاودێران ئەو خەیاڵپڵاوە دەکەن کە ئەوە بە ئاسانی دەستەبەر دەبێ. دژواریی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ بە پێچەوانەی ویستی هێزە سیاسییە زۆرینەکان زۆر بەباشی لە عێراق دەبینرێ و، ڕەنگبێ بە شێوەیەکی خراپتر لە بۆسنی، کە زۆر لەمێژ بوو لێک هەڵدەوەشا ئەگەر لێیان گەڕابان. لەبەر ئەو هۆیە داڕێژەرانی سیاست دەبێ ئەو بیرۆکەیە ڕەت بکەنەوە کە ئەوە ڕەوایە و دەکرێ «خەڵکی دیکە فێر بکەی چۆن خۆیان بەڕێوە بەرن،» هەر وەک ڕووناکبیرێکی ناودار لە تروپکی سەردەمی دڵگەرمیی نەتەوەسازیی جۆرج دەبلیو بوشدا باسی کرد. نەتەوەسازیی لەدەرەوەڕا تەقریبەن نامومکینە ئەگەر هەلومەرجە مەیدانییەکان بۆ یەکسانیی سیاسی کەمینەکان و زۆرینەکان ئامادە نەبێ.

***