Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 17/11/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

لە بەرەی خەڵکدا

23/10/2019 | 00:47:43
+A
-A
هەردی سەلیمی

سێلێبریتی بە کەسانی بەناوبانگ لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک هونەر، وەرزش، زانست، سیاسەت و مۆد و هتد دەگوترێ. ئەم کەسانە لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە و هەرکام لەوان دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر لەسەر بوارە گشتی و تایبەتەکانی ژیانی لایەنگران و تەنانەت ئەو کەسانەش کە هەر دەیانناسن و لایەنگریشیان نین، دابنێن. وشەی سێلێبریتی بە تەنیا و بە خودی خۆی هەڵگری بارێکی ئەرێنی نییە، بەڵکوو هەڵوێست و شێوە ژیانی ئەم کەسانەیە کە ئەرێنی یا نەرێنی بوونی ڕۆڵیان لەسەر کۆمەڵگە و لایەنگرانی خۆیان دیاری دەکا. کەسانی بەناوبانگ بەهۆی خۆشویستنیان لەلایەن شوێن‌کەوتووەکانیانەوە، ئەگەری ئاراستە پێدان لەمەڕ سەرەکیترین پرسەکانی ڕۆژ لە کۆمەڵگەی خۆیان و یان تەنانەت گۆڕەپانێکی بەرینتریان بۆ دەخولقێ و لەبەر دەمدایە.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەڵوێستی ئەم کەسایەتییانە لە سێ خانەدا پۆلێن دەکرێ؛ یەکەم لە قازانجی خەڵکدا، دووهەم لە قازانجی دەسەڵاتدا و سێهەمیش هەڵوێستی بێدەنگییە کە لە ڕاستیدا هەڵوێستێک نییە و دەتوانین بڵێین لە مەترسیدارترین جۆری هەڵوێستەکانە. نەزمی کۆمەڵگەی مرۆیی لەمڕۆدا، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و لەبڕان‌ نەهاتووی لەگەڵ زانستە جۆراوجۆرەکاندا هەیە؛ بە واتایەکی گشتیتر کۆمەڵگەی مرۆیی و ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵێک بازنەی پێکەوە لکاو پێک هاتوە. یانی کەسایەتییەکی سیاسی نابێ و بۆی نییە لە زانستی ئابووری و جوغرافیا و مێژوو و … ئاگادار نەبێ، یان بەپێچەوانەوە ئابووریناسێک دەبێ و پێویستە ئاگاداری لە بواری زانستی سیاسەتدا هەبێ.
بەکورتی و بە زمانێکی سادە سیاسەت ئەو زانستەیە کە ئیدارەی کۆمەڵگە یان وڵاتێکی لەسەر شانە. کەواتە بەپێی ئەم پێشەکییە زانستەکان و بەتایبەت زانستی سیاسەت لە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وردترین بەشەکانی ژیانی هەر تاکێکدایە. ئاکامی بنەڕەتیی سیاسەتیش گەیاندنی کۆمەڵگە بە ئاستێک لە گەشە و خۆشبژیوی و حەسانەوە و ئەمنیەتە، جا هەر بۆیە لەم پێوەندییەدا کەسانی خاوەن پێگەی جەماوەری و خەڵکیش، پێویستە بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە یارمەتیدەر بن.
لە سەردەمی ئێستادا لە هەر جێگایەک لەم دنیایە هاوکات لەگەڵ ئەوەی ڕووداو و پێشهاتەیەک چ سروشتی و چ ناسروشتی دێتە ئاراوە، چاوی مێدیا و ڕاگەیەندنەکان بەتەنیا لە دەم و کراداری سیاسەتوانان و دەسەڵاتداران نییە، بەڵکوو چاوەڕوانی وتە و کردەی کەسانی بەناوبانگ لەسەر ئەو بابەتەن. بە هەڵکشانی ئاستی تێکنۆلۆژی، دەربڕینی هەڵوێستەکان زۆر ئاسانتر بووە و ئیدی هەر کەسایەتییەک لە چاوەڕوانیی لێدوانێکدا نامێنێتەوە و، دەتوانێ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگی خۆی دەرببڕێ و جیهانیش گوێی لێ دەبێ.
لەم ساڵانەی دواییدا کە بەردەوام ڕووداو بەدوای ڕووداودا دێ و لەسەر یەک کەڵەکە دەبێ، هەرکام لەو ڕووداوانە بوونەتە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی سێلێبریتییە خەڵکییەکان لە ڕیزی ئەوانی وا سەر بە دەسەڵاتن. کاتێک بوومەلەرزە (سروشتی) لە پارێزگای کرماشانی دا و، دەوڵەت بەپێی پێویست بە هانای خەڵکی بەڵالێدراوەوە نەهات و بگرە ڕێگری لە یارمەتیی خەڵک دەکرد (ناسروشتی)، چاوەڕوانییەکان لە کەسایەتییە بەناوبانگەکان چووە سەرەوە. عەلی دایی یەکێک لە فووتباڵیستە ئێرانییەکان _وەک نموونەیەک_ بەوپەڕی لەخۆبوردوویی و خەڵکی‌بوونەوە هەتا چەند ڕۆژی بەردەوام لەگەڵ کەسانی بوولەرزە لێدراو مایەوە و، بە کەلکوەرگرتن لە پێگەی خۆی لە دڵی لایەنگرانیدا؛ سەرنجی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەم وڵاتەی بەرەو کرماشان و چۆنیەتیی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو کارەساتە ڕاکێشا. هەر لەم پێوەندییەدا وریا غەفووری یاریزانی کورد بە ڕێکخستنی کایەیەکی هاوڕێیانە لە نێوان تیمی سەرداری بۆکان و یاریزانە کوردەکانی ئێران و بەخشینی داهاتی یارییەکە بە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان، یارمەتی و پشتیوانیی خۆیان نواند.
لەم ڕۆژانەدا لووتکەی ڕووداوەکان هێرشی داگیرکەرانەی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بوو، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە. ئەم هێرشە لەلایەن زۆریەک لە هونەرمەندان و کەسانی سیاسی و نووسەر و شاعێرەوە ئیدانە کرا. کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی بەتوانای کرماشانی بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی خۆی لە شاری ئیستامبوڵ بە نیشانەی دژایەتی کردن لەگەڵ ئەو بڕیارەی دەوڵەتی تورکیە، تێچوویەکی زۆری لەم ڕێگە دا. کۆچەر بیرکار، بیرمەند و بێهرووز بووچانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد کە لەم دواییانەدا هەرکام توانیان چەند خەڵاتی گرینگی زانستی و ئەدەبی لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بێنن، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕۆژاوا ڕاگەیاند و هێرشەکەیان شەرمەزار کرد کە لە کۆمەڵگەی ڕووناکبیری و زانستیی دەرەوەی وڵاتدا کاردانەوەیەکی باشی هەبوو.
ئەوەی لێرەدا گرینگە هاوڕیز بوونی ئەم کەسایەتییانەیە لەگەڵ خەڵک و ماف و ویستەکانیان و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ناڕەوا و دژبە بەرژەوەندیی خەڵک _کە ئەمە لە جێی خۆیدا هەم ئەرکی هەر کەسایەتییەکە چونکوو هەر لەسەر سەرمایەی مادی و مەعنەویی خەڵک بەو ئاستە گەیشتووە و، هەمیش بەجێ هێشتنی یادێکی پیرۆز لە خۆیان بۆ داهاتوو_، لاپەڕەکانی مێژوو پڕە لە ٤٠ ساڵ و ٥٠ ساڵ دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری، بەڵام ئەو ناوانە هەرمانن و ماونەتەوە کە لە پێناو قازانجەکانی خەڵکی خۆیاندا هەوڵیان داوە و بۆ بەرژەوەندییەکی تاکی بێدەنگییان هەڵنەبژاردووە. «مهدی اخوان ثالث» شاعێری گەورەی فارس لە وڵامی بانگهێشتی عەلی خامنەییدا، وانەیەکی گەورەی فێری هەموو ئەو کەسانە کردوە کە ڕۆژێک لە نێوان بێدەنگی و لەگەڵ دەسەڵات بوون و هاتنە ڕیزی خەڵکەوە تووشی سەرلێشێواوی بوون و دەبن؛ ئەو بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وت: «ئێمە دژبە دەسەڵاتین نەوەک هاوڕێی دەسەڵات».