پروفێسور کۆچەر بیرکار بیرمەندی ناوداری کورد بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک هێرش بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و کوشتنی گەلی کوردی مەحکووم کرد و گللەیی و گازەندی خۆی لە نەبوونی پاڵپشتی نێونەتەوەیی لە گەلی کورد دەربڕی.
کۆچەر بیرکار براوەی خەڵاتی فیڵدز بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی فەیسبووکی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ، خەمساردی و بەرژوەندیخوازی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەئاست مەینەتەکانی گەلی کورد بە خەمێکی گەورە لە قەڵەم داوە.
ئەو بیرکارە جیهانییە دەڵێ؛ چەند ساڵ پێش بە هۆی کوژرانی چەند کەس لە شاری پاریس هەموو دنیا هەڵوێستی گرت. بەڵام ئەوە چەندین ساڵە شار و گوندی کوردستان دەسووتێ و ژن و منداڵی کورد دەکوژرێن و خەڵکی جیهان هێندە بەلایەوە ئاسایی بووەتەوە چما سەیری فیلم دەکەن.
جێیئاماژەیە کە بە هۆی هێرشی هەوایی و زەمینی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان تا ئێستا سەدان کەس لە خەڵکی بێدیفاعی کورد شەهید و بریندارکراون و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسیش ماڵوێران و ئاوارە بوون.
شایانی باسە ئەمساڵ ڕێکخراوەی پرۆسپێكتی بریتانیایی کۆچەر بیرکاری مەریوانی لە نێوان ٥٠ بیرمەندی جیهاندا، بە بیرمەندی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دەستنیشان کرد .