لە درێژەی شەپۆلی پشتیوانی کردن لە خەڵکی چەوساوەی ڕۆژاوا و مەحکووم کردنی هێرشی سپای تورکیە بۆ سەر خاکی رۆژاوای کوردستان، لە مەجلیسی ئێران و لە سەردەستی نوێنەرانی کورد بەیاننامەیەک بۆ مەحکوومکردنی ئەو هێرشە ئامادەکرا و خوێندرایەوە.
ئەو بەیاننامەیە کە لە لایەن نوێنەری شاری مەهاباد ئەندازیار جەلال مەحموودزادەوە ئامادەکرابوو، ١٥٤ نوێنەری مەجلیس ئیمزایان کرد، بەڵام نوێنەرانی ئازەری زمان لە ئیمزا کردن و دەنگدن بەو بەیاننامەیە خۆیان بواردووە.
ئەو خۆبواردنە لە کاتێکدایە کە زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتەکان و کۆڕوکۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان، هێرشی تورکیەیان ئیدانە کردوەو پاڵپشتی خۆیانیان لە خەڵکی کوردی ڕۆژاوا دەربڕیوە.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لەو بارەوە دەڵێن: دەنگنەدانی نوێنەرانی ئازەری زمان بەو بەیاننامەیە ئەویش لە کاتێکدا کە سەرۆککۆماری ئێران هەرچەند بە کرج و کاڵییش بووبێت هێرشی تورکیەی مەحکوومکردوە. بۆیە هەبوونی هەستێکی دژکورد لە نێو نوێنەرانی ئازەریدا بەدی دەکرێ و خۆیان بە سیاسەتی تورکیەوە نیزیکتر دەزانن و ئەمەش لە ئێستا و لە داهاتوو مەترسیدارەو ڕێگەخۆشکەرە بۆ پەرەپێدان بە هەستی شووێنیستی.
شایانی باسە بەشێک لە نوێنەرانی خەڵکی ئازەری بە هەڵویستی خۆیان کاریگەریی خراپیان هەبووە لەسەر پێکەوەژیانی سیاسی و فەرهەنگی گەلانی نێو جوغرافیای ئێران.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا ناکۆکی نێوان بەرپرسانی کورد و ئازەری لە شاری هەستیاری ورمێ بوو بە ڕۆژەڤی هەواڵەکان.
دەگوترێ کە ناوەندە ئەمنییەکان و پلاندانەرانی سیاسی لە هاندانی ئازەریەکان بەدژی گەلی کورد ڕۆڵیان هەیە و بۆیە ئەرکی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی ئازەری و کوردە کە کە دژ بەو پیلانانە بوەستنەوە و نەهێڵن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەرە بە ناکۆکی کورد و ئازەری بدا و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێ.