زیاتر لە ٦٠٠ مامۆستای زانکۆ لە شارەکانی ئێران و کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕوو بە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی هێرش بۆسەر خاکی رۆژاوایان مەحکوومکرد.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛
گەلانی ئازدیخواز و سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وەک ئاگادارن دەوڵەتی تورکیە هەر لەسەرەتای شکڵگرتنی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری کوردەکان لە سووریە و هەوڵدان بۆ پێکەوەژیانی ئەتنیکە جۆربەجۆرەکان لەو ناوچەیەدا، دژایەتی کردوە و ئێستاش ئەو دژایەتییە کەوتووتە خانەی هێرش کردن و کوشتنی خەڵکی بێتاوان.
لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:
کوردەکانی سووریە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە بەربەرەکانی لە گەڵ ئەلقاعیدە و داعش لە پشێوییەکانی وڵاتی سووریە، بەڵام دەبینین ئەردۆغان هەموو یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی پێشێلکردوە و نیزیک بە حەوتەیەکە لە زەوی و لە ئاسمان هێرشی کردۆتە سەر رۆژاوا و ئەمەش بە پێی پڕنیسیپە جیهانییەکان ناتەبایە و دەبێ لە هەموو ڕێگایەکەوە پێشی لێبگیرێ.
لە کۆتاییدا ڕایانگەیاندوە ” کە ئێمە وەکوو مامۆستایانی زانکۆ، خوازیاری ئەوەین کە سەروەری هیچ وڵات و کیانێک پێشێل نەکرێ و کوردانی سووریەش مافی خۆیانە کە چارەنووسی سیاسی خۆیان بۆخۆیان دیاری بکەن.