هونەرمەندێکی دیکەی کورد قەتڵوعامی خەڵکی رۆژاوای کوردستانی مەحکوومکرد.
لە درێژەی پاڵپشتییەکان لە گەلی کورد لە ڕۆژاوا و مەحکوومکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ئەو بەشە لە کوردستان، هونەرمەندانی دەروەست و گەلدۆستی ڕۆژهەڵات هاوخەمی خۆیان لەو بارەوە دەربڕی و پشتیوانییان لە خەڵکی ڕۆژاوا کرد.
پاش هەڵوێستی بوێرانە و کوردانەی هونەرمەندی مەزن کەیهان کەلهۆڕ و هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرت لە ئەستانبۆڵ و هەروەها بەشداریی نەکردنی گرووپی مۆسیقای کچانی گلاریسی کرماشان لە بەرنامەی T.R.T تورکیە، کاریکاتۆریستێکی کرماشانیش بە هەمان شێوە هەڵوێستی گرت.
فەخرەددین دۆستمحەممەد کاریکاتۆریستی کرماشانی ڕایگەیاند کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و بێزاری لە کوردکوژی دەوڵەتی تورکیە، لە فستیڤاڵی جیهانیی کاریکاتۆر کە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت بەشدار نابێ و ڕێز لە گەلەکەی دەگرێت.
هەروەها لە ئاستی جیهانیدا نیزیک بە ٢٠٠ فەیلەسووف و هونەرمەندو کەسایەتی ئاکادیمی پشتیوانیان لە کوردی رۆژاوا کردوەو بە توندی حکومەتی تورکیەو خەمساردی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییان ئیدانە کردووە.
لەو ٢٠٠ کەسە ناوی کەسانێکی بەناو بانگ وەکوو ” نۆوام جامسکی، دیڤید هاروی و ڕابڕت دنیرۆ و… دەبیندرێن.