گرووپی ژنانی “گەلاریس”ی کرماشان، بانگهێشتی کاناڵی TRTی تورکیەیان ڕەتکردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان دەربڕی.
گرووپی ژنانی “گەلاریس”ی کرماشان، لە هەمبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هەڵوێستیان گرت و سەرەڕای دوو مانگ ڕاهێنان، بانگهێشتی کاناڵیTRTی تورکیەیان ڕەتکردەوە.
ئەو گرووپە پاش ڕەتکردەنەوەی بانگهێشتی کاناڵی TRTی تورکیە، پشتیوانیی خۆیان لە ڕۆژاوا دەربڕی و هێرشی دەوڵەتی تورکیەیان مەحکووم کرد.
گرووپی ژنانی “گەلاریس” ڕایگەیاندووە: “بە هیوای ئەو ڕۆژە کە شەرافەت و مرۆڤایەتی و ئاشتی، جێگای سیاسەتی نەژادپەرستی و شەڕ بگرێتەوە”.
گرووپی ژنانی “گەلاریس” لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی، لە شاری کرماشاندا دامەزراوە و لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆری سونەتی چالاکی هەیە و هەتا ئێستا چەندین کۆنسێرتی لە “سلێمانی، کفری، چوار مەحاڵ و بەختیاری و کرماشان” بەڕێوەبردووە.
شایانی باسە کە پێشتریش کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی بەناوبانگ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان کۆنسێرتەکەی خۆی لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوە.