بەبۆنەی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی نیشتمانپەروەری کورد دژ بە هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، لە شارەکانی مەریوان و تاران زیاتر لە ٢٥ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵەکانی نێوخۆی وڵات، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا کە خەڵکی ڕۆژهەڵات هاتوونەتە سەر شەقامەکان و پشتیوانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان دەربڕیوە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە گرتن و دەسبەسەرکردنی خەڵک و زیاتر لە ٢٥ کەسیان لە شارەکانی تاران و مەریوان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا لەبەر دەستدایە، ١٠ کەس لە تاران و زیاتر لە ١٥ کەس لە مەریوان دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدا تاکوو ئەو خۆپێشاندانە گەورانە، چیدیکە بەربڵاو نەبنەوە و گشتگیر نەبن.
وێڕای خۆپێشاندانەکان لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات، زۆر حیزب و لایەن و کەسایەتی ئێرانی و جیهانی پشتیوانی خۆیان لە کوردانی ڕۆژاو دەربڕیوە و ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیەیان مەحکووم کردوە.