یەکێتی وڵاتانی عەڕەبی لە کۆبوونەوەیەکدا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد کە لە سەر هێرشی تورکیە بۆ ڕۆژاوای کوردستان هەڵوێست بگرێ.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەڕەبی لە کۆبوونەوەیەکدا ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیەیان بۆسەر سووریە مەحکووم کرد و داوایان کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایش هەرچی زووتر ئەو هێرشە رابگری.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند کە ئەگەر دەوڵەتی تورکیە هێرشەکە ڕانەگرێ ئەوە لەلایەن یەکێتی وڵاتانی عەڕەبیەوە سەرکۆنە دەکرێ. هەروەها لە بەشێکی بڕیارنامەکەدا هاتوە کە هەموو بەرپرسایەتی ئەو هێرشە و پەرەسەندنی کردەوەی تێرۆریستی لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیەیە.
لەو کۆبوونەوەدا باس لە دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیش کراوە و وەزیری دەرەوەی بەحرەین دوژمنایەتی ودەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی عەڕەبی مەحکووم کردووە.