پاش هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی ڕۆژهەڵات، بە شێوەی جۆراوجۆر هاوسۆزی و هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا دەربڕی و هێشتا هەر درێژەی هەیە.
لە تازەترین هەڵوێست کە لە توڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوەو چەند کەمپەین لەژێرناوی” نا بۆ کڕینی کەلوپەلی تورکی” پێکهاتووە و خەڵکێکی بەرچاو پێشوازییان لەو کەمپەینانە کردووە.
ڕێکخەران و بەشداربووانی کەمپەینی “نا بۆ کڕینی کەلوپەلی تورکی” لە سەر ئەو باوەڕەن کە لەم هەلومەرجەدا یەکێک لە باشترین ڕێگەکانی بەڕەنگاربوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی سەرەرۆیی تورکیە نەکڕینی بەرهەمەکانی ئەو وڵاتەیە و هەرچەشنە کڕینی کەلوپەلی تورکی دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری ئەو وڵاتەو یارمەتیدەری ئەرتەشی تورکیەیە بۆ هێرشکردن بۆ سەر کوردستان.
جێیئاماژەیە کە بەشداربووانی ئەو کەمپەینە بەشێوەی پۆستێر و تڕاکت کۆی بەرهەمەکانی تورکیەیان بڵاوکردوتەوە کە بارکۆدەکەی “٨٦٩”یە، و داوایان لە هاونیشتمانیانی کورد کردووە کە هەر کەلوپەلێک کە ئەو بارکۆدەی هەبوو نەیکڕن و بەوجۆرە بێزراوی خۆیان لە دەوڵەتی تورکیە دەرببڕن .
شایانی باسە بەشێک لە دوکاندارانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە هەڵواسینی تابلۆ لەسەر دەرگای دوکانەکانیاندا ڕایانگەیاندوە کە کەلوپەلی تورکی نافرۆشن.