Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 19/10/2019 | کاتژمێر:
جیهان

سێهەمین هێرشی سپای تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان

10/10/2019 | 11:28:58
+A
-A

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتوە، ئەوە بۆ سێهەمین جارە کە دەوڵەتی تورکیە هێرش دەکاتە سەر ئەو بەشەی کوردستان.
دەوڵەتی تورکیە هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان کردوە و وێڕای نیگەرانییەکانی زۆربەی لایەنە پێوەندیدارەکان و وڵاتانی ئورووپایی، هێرشی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات لە ڕۆژاوای کوردستان دەستپێکردوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاناتۆلی تورکیە، دەوڵەتی تورکیە هێزی کۆماندۆ و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە کە دەوڵەتی تورکیە پشتیوانیان لێدەکا، بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سپا ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان کردووە و هێلی کۆپتێری شەڕکەر و چەک وچۆڵی سەربازی زۆری لە سنوورەکان جێگیر کردووە و هێرشێکی هەمەلایەنەی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەست پێکردوە.
هێرشی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتۆتەوە و هیچ وڵاتێک پشتیوانی لەو بڕیارەی تورکیە نەکردووە. هەر لەو پێوەندییەشدا تڕامپ بەهۆی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوا کەوتۆتە بەر هێرش و ڕەخنەی توندی هەردوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکڕات و هەر ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە دۆناڵد تڕامپ لەچەند تویتی جیاوازدا کە نووسیویەتی، لە بڕیارەکەی پێشووی پاشگەز بێتەوە و هۆشداری دایە دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاند کە ئەگەر تورکیە ئەو سنوورانە ببەزێنێ کە تڕامپ خۆی دیاریکردووە، ئەوە ئابووریی تورکیە وێران دەکات و لە هەمانکاتیشدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا کوردەکان بە تەنیا جێناهێڵێ.
لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ ئەوەی کە وڵاتانی ئورووپایی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان راگەیاندووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیە هێرشی کردە سەر ئەو بەشەی کوردستان. هەر لەو پێوەندییەدا “فوئاد ئاکتای” جێگری ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیە لە بەرانبەر هەڕەشە و هۆشدارەکانی تڕامپ ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیە باکی لەو هەڕەشانە نییە و لە ژێر کاریگەریی هەڕەشەکانی ئەمریکادا لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز نابێتەوە و هێرشەکە ئەنجامدەدا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان وێڕای ئەوەی کە بڕیاریان داوە لە بەرانبەر هێرشی ئەرتەشی تورکیە بوەستنەوە، لە هەمانکاتدا نیگەرانی خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ڕۆژاوی کوردستان بکشێنێتەوە، ئەوە ئەوان لەگەڵ ڕووسیە و دەوڵەتی سووریە دانوستان دەست پێدەکەن.
بەپێی هەواڵەکان بەهۆی هێرشی فڕۆکە و تۆپخانە و ئەرتەشی تورکیە تا ئێستا ژمارەیەک لە خەڵکی سڤیل و شەڕوانان بوونەتە قوربانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە و شەڕ لە چەند لایەکەوە بەتوندی بەردەومە و هێزە کوردییەکان بەرەنگاری هێرشی لەشکری تورکیە بوونەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە کوردەکان کە تا ئێستا ئەمریکا پشتیوانی لێدەکردن و هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی تێرۆر، ئەمریکا بە خەنجەر لە پشت دانی کورد تۆمەتبار دەکەن.