Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 19/10/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

«نقاشی قهوەخانە» کۆماری ئیسلامی و دادگای میکۆنووس

09/10/2019 | 10:46:35
+A
-A
عومەر باڵەکی

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە دەیهەویست پێش بە وەگەڕکەوتنی دادگای مێکونووس بگرێ، یان لانیکەم لە ئەگەری بەڕێوەچوونەکەشیدا ناوێک لە کۆماری ئیسلامی نەبردرێ. دارابی لە لاپەڕەی ٣٠١دا دەڵێ: «دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ و بیستنی شایەدیی شایەدەکان هیچ نەمابۆوە بۆ هەڵوێستە لەسەر کردن، هەر بۆیە دادگا بڕیاری کۆتایی هێنان بە کارەکانی دا و، ماوەی یەک حەوتوو مۆڵەت بە دادئەستێن درا بۆ ئەوەی ئیقامەی دەعوا پێشکەش بکاتەوە. من زۆر بەوە خۆشحاڵ بووم کە لەو وەزعە ناڕوونە ڕزگارم دەبێ، بەڵام لە حەوتووی داهاتوودا بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی من، لاپەڕە هەڵگەڕاوە و لە کاتی دەست پێکردنی دادگادا سەرۆکی دادگا، نامەی ئیشمیت باوێر، وەزیری ڕاوێژکاری «هلموت کهل صدر اعظم آلمان»ی هێنا و نێوەرۆکی نامەکە خوێندراوە کە باسی لەوە دەکرد؛ باڵوێزی ئێران لە ئاڵمان ئاغای مووسەویان ڕایگەیاندوە دوو شایەدی ئێرانی بە ناوەکانی «ابراهیم نورآرا» و «بهرام برنجیان» ئامادەن بچنە باڵوێزخانەی ئاڵمان لە تاران شەهادەت بدەن. بە بیستنی ئەو هەواڵە بەتەواوی سەرم سووڕ ما، وا تێک چووبووم هەر سەیر. هەتا سەعاتێک لەمەوبەر خۆم لە یەک هەنگاویی دەرچوون لە جەهەنەمی دادگا دەدی ئێستا بۆ جارێکی دیکە تووڕ هەڵدرامەوە بۆ بنەبانی جەهەنەم. وای خوایە ئەمە ئیتر چ بەڵایەکە.»

لەم بەشەدا کە باس کرا، دوو نیگەرانی دەردەکەوێ. یەکەمیان نیگەرانیی دارابییە، ترسی دارابی لە درێژبوونەوەی ماوەی دادگاکە نەبوو بەڵکوو ترسی ئەوەی ڕێ‌نیشتبوو کە شایەدیی ئەو دوو کەسە لەبەر ئەوەی کە ناویشیان لە خانووەکەی دارابیدا هاتبوو بتوانێ کاریگەر بێ لەسەر بڕیاری دادگا. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە چوونەوەی ئەم دوو کەسە بۆ ئاڵمان کرد، چونکوو ئەگەری ئەوە هەبوو لە شایەدەوە ببنە تاوانبار. بەڵام لە قسەکانی دارابی و یووسف ئەمین دیار بوو ئەو دوو کەسە ئاگایان لە تێرۆرەکە بووبێ. تەنانەت کاتێک مەسەلەی شایەدیی ئەو دوو کەسە لە دادگادا باس دەکرێ، دادئەستێن پێی وایە ئەوە چیرۆکێکی دەستکردە و لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە هەبەستراوە و، هیچ یارمەتییەک بە ڕاستیی ڕووداوەکە ناکا. سەرەڕای ئەوەش لەسەر ئەو بڕوایە بوو شایەدییەکەیان بە ڕادەیەک ئاڵۆزە کە پێویستە لێرە بن و، داوەری لێکۆڵینەوە بتوانێ لەسەر درۆ و ڕاستیی قسەکانیان بڕیار بدا. دووەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەموو حەولی ئەوە بوو ناوی وەک لایەنی بەشدار لەم کردەوە تێرۆریستییەدا نەیە، بۆیەش بە هێنانی ئەم جۆرە شایەدانە بەدوای کوشتنی کاتەوە بوو و، دەیهەویست لەم نێوانەدا بەشێوەیەک وڵاتی ئاڵمان ڕازی بکا حوکمەکەی بە جۆرێک بێ کە لە قازانجی کۆماری ئیسلامیدا بێ. لەگەڵ ئەوەشدا دادگا ئیزن دەدا چوار پارێزەری تاوانباران دارابی، ئەمین، عەیاد و عەتریس وەک یەک تیم بچن بۆ گوێڕاگرتن لە قسەکانی ئەو دوو کەسە. دارابی کە لە هەموو ئەو کتێبەدا باس لەوە دەکا کە دادگا لایەنگری لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کردووە، بەڵام لێرەدا دەبینین هەر بە قسەی دارابی، دادگای ئاڵمان ڕاگەیاندنی حوکمەکەی ڕادەگرێ بۆ دوای بیستنی شەهادەتی ئەو کەسانە. دەڵێ: «تیمێکی پاریزەر ڕەوانەی ئێران کران و دادگا هەتا هاتنەوەی ئەوان چاوەڕوان مایەوە.» هەر ئەوە نیشانەیەکە لە دادپەروەریی دادگای میکۆنووس.

کۆماری ئیسلامی و هەوڵی ساتوسەودا

بەڵام بیجگە لەو بابەتەی سەرەوە دارابی باس لە گلەییەک دەکا کە لەڕۆژنامە نێوخۆییەکانی کردوە لەسەر بارودۆخی خۆی، ئەویش باس لە کەسێکی ئاڵمانییە بە ناوی «هلموت شیمکوس» کە بەتاوانی جاسووسی ماوەی نزیک بە پینج ساڵ بوو لە ئێران دەسبەسەر کرابوو. دارابی ئەوە ئاشکرا دەکا کە لە نێوان ئاڵمان و ئێران پێکهاتن کراوە بەو مەرجە ئێران ئەو کەسە ئازاد بکا ئاڵمانیش دارابی ئازاد دەکا و بە قسەی دارابی ئێران بەڵێنەکەی خۆی بەجێ هێنا، بەڵام ئاڵمانییەکان بەڵێنەکەیان شکاندوە و لەو بارەوە ڕاست نەبوون و ئەویان ئازاد نەکردوە. دارابی لەوە تووڕەیە و ئازادکردنی ئەو کەسە لە لایەن ئێرانەوە بە کارێکی دروست نازانێ، چونکە ئەو کەسە دەستی بە خوێنی خەڵکی ئێران سوور بووە. لە لاپەڕەی ١٧٦ی کتێبەکەدا، دارابی ئاوا باسی ئەو بابەتە دەکا: «کاتێک من دەسبەسەر کرام، بابەتی ئەو هێشتا لە چاپەمەنی و فەزای سیاسیی ئاڵماندا بەرباس بوو. گوایە ئاڵمان ئەو بارمتە گرتنەی پێخۆش بوو، لە یەکێک لە دیدارە دیپلۆماتیکەکان لە نێوان ئاڵمان و ئێراندا «اشمیت باوئر» ئازادکردنی منی بەندی ئازادیی «شیکموس» کردبوو. […] ئێران بۆ پشتیوانی لە هاووڵاتیی خۆی ئامادە دەبێ ئەو مامەڵەیە بکا و بەڵێنی خۆی بەجێ دێنێ، بەڵام ئاڵمان لەژێر بەڵێنی خۆی دەدا […]» لێرەدا دەردەکەوێ ئێران چەندە بەدوای ئازاد کردنی دارابییەوە بووە و، هەتا بڕیاری کۆتایی دادگا هەرچی لە دەستی هاتوە کردوویەتی بۆ ئەوە ڕەوتی دادگا ڕەواڵی ئاسایی خۆی نەبڕێ. دارابی لەوە پێشتر و لە دواییشدا هەر هەوڵ دەدا بیسەلمێنێ کە خۆی بێتاوانە و کۆماری ئیسلامیش بەهیچ جۆرێک ئاگای لە تێرۆری میکۆنووس نییە. ئەگەر ئەو قسەیە ڕاستە، بۆ ئێران ئامادەیە ئەو مامەڵە بکا و بە قسەی دارابی، کەسێک ئازاد بکا کە دەستی بە خوێنی خەڵکی ئێران سوور بووە؟ ئازادکردنی کەسی ئاوا دەبێ لە بەرامبەر چیدا بێ، واتا ئاڵمان دەبێ چ کارێکی گرینگ بۆ ئێران بکا کە قەرەبووەکەی ئازادکردنی ئەو کابرایە بێ؟ ئێران ئەگەر خۆی داڕێژەر و بەڕێوەبەری تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی نەبووە، بۆ ئەوەندە نیگەرانە لە ڕەوتی دادگا کە ئامادەیە زیندانییەکی ئاوا گرینگ لە بواری ئەمنیی وڵاتەوە لەگەڵ دارابی بگۆڕنەوە؟

دارابی هەر وەکی گوترا لە تەواوی ئەو کتێبەدا بەبێ بەڵگە دەیهەوێ بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێ و، لە هەندێک جێگادا پەنا دەبا بۆ ئەوە کە بۆیە تۆمەتی ئەندامەتیی وەزارەتی ئیتلاعات و «حیزبوللا»ی لوبنای لێ دەردرێ، بۆ ئەوەیە بتوانن کۆماری ئیسلامیی پێ مەحکووم بکەن. لەو بارەوە لە لاپەڕەی ٣٠٨ دا دەڵێ: «[…] ئەوانە لەسەر من هەندێک گومانیان هەیە لە حاڵێکدا من ناناسن و ئیمکانی نییە سەبارەت بەکردارم زانیارییان هەبێ، بەڵام کاتێک من تاوانبار دەکەن، حکوومەتی ئێرانیش تاوانبار دەکەن […]» ئەوە جۆرە دانپێدانانێکە بە ئەندامەتی لە وەزارەتی ئیتلاعات، پرسیار ئەوەیە بۆ زیاد لەو هەمووە ئێرانییەی کە لە ئاڵمان و ئورووپا نیشتەجێن، دادگایەک کە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیی تێرۆری میکۆنووس پێک هاتوە؛ ڕێک بە دارابییەوە دەنووسێ؟ کەسایەتیی دارابی لە چ ئاستێکدا بووە کە بتوانرێ کۆماری ئیسلامی پێ تاوانبار بکرێ و، لە لایەکی دیکەوە بۆ پێش تێرۆری میکۆنووس دەزگای قەزایی ئاڵمان لە هەوڵی ئەوەدا نەبووە کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکا یا دارابی دەسبەسەر بکا؟ وڵامەکەی ڕوونە ئەویش ئەوەیە کە تێرۆرێک لەسەر خاکی ئاڵمان ڕووی داوە و، ئەوانەی تێرۆر کراون جگە لە کۆماری ئیسلامی لایەنی دیکە دوژمنیایەتی نەکردوون و ڕابردووی کۆماری ئیسلامیش، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە و لە لایەکی دیکەوە بەڵگەکانی بەردەستی دادگا و دانپێدانانی یووسف ئەمین و ڕابردووی دارابی؛ تەواوکەری ئەو حەقیقەتە بوون کە تێرۆرەکە کاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە و دارابی یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی ئەو تیمە تێرۆرە بووە .

 

درێژەی هەیە…

 

***