لە درێژەی لە ناوبردنی ئاسەوار و شوێنە مێژووییەکانی کوردستاندا بە بیانووی جۆراوجۆر ئەم جارەیان لە شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان گردی “چغاگاوانە” لە ناوەندی شاردا بە بیانووی لێدانی پردێک لە لایەن شارەداری ئەوشارەوە ئەگەری ڕووخان و لە ناوچوونی لەسەرە.
سەرەڕای هەوڵی بەرپرسانی ئاسەوارە فەرهەنگییەکان و خەڵکی دڵسۆزی ئەم شارە بەڵام بەرپرسانی شارەداری سوورن لەسەر لێدانی پرد و ڕووخاندنی ئەو شوێنە مێژووییە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنەکانی تری کوردستانیش بەردەوام خەریکی سڕینەوە و لە ناوبردنی فەرهەنگ و کەلتووری کوردی و بە تایبەت ئاسەوارە مێژوویی و کەلتوورییەکانی کوردستانە کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە “کانی بڵ”لە ناوچەی پاوە بکەین کە بە بیانووی لێدانی بەنداو سەرەڕای هەوڵی چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی بەشێکی کەوتە ژێر ئاو، ئەوە لە کاتێکدایە کە “کانی بڵ” یەکێک لە گەورەترین کانیاوەکانی ئاوی شیرینە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئامانجی سڕینەوەی شوناس و فەرهەنگی کوردییە و تەنانەت بەزەیی بە ژینگەی کوردستانیشدا نایەتەوە.