بەپێی هەواڵێکی تر کە بە ماڵپەری کوردستان و کورد گەیشتوە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، مەحموود محەممەدزادە خەڵکی گوندی مارەغانی ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
مام مەحمود کەسێکی نیشتمانپەروەر و گەل دۆست و جێگەی ڕێزی خەڵکی گوندی مارەغان و ناوچەکە بوو. مام مەحموود برای کادری تێکۆشەری ناوداری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦/٤٧، شەهید کاوە مارەغانی بوو. شەهید کاوە مارەغانی شۆڕشگێڕێکی ئازای ناوچەی سەردەشت و پێشمەرگەی خەباتکاری شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦/٤٧ بوو. شەهید کاوە مارەغانی لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان لەلایەن تیرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی پاشایەتی تێرۆر کراو چووە نێو ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی مام مەحموود و خەڵکی گوندی ماڕەغان و ناوچەی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.