وەزیری دەرەوەی بەحرەین دەڵێ: ئاڵۆزییەکان لە کەنداوی فارس ئاکامی سیاسەتە ژاراوییەکانی کۆماری ئیسلامییە.
ناوبراو هەروەها گوتی: وڵاتەکەی پشتیوانی لە ڕێککەوتنێکی تازە لە گەڵ ڕێژیمی ئێران دەکا کە بەرنامەی مووشەکی و سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامیش لە خۆ بگرێت .
شایانی باسە کە بەحرەین و ئێمارات لە هۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک هێرشێکی توندیان کردە سەر کۆماری ئیسلامی و بە تێکدەری ناوچەکە، پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان و خوێنڕێژی سەدەی ٢١ ناویان برد.
وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە درێژەدا گوتی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاریەوە کێشەیەکی هەرە گەورە بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێ بە هەر چەشنێک بێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ.
جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای قۆرخکردنی دەسەڵاتەوە لە ئێران بە دروشمی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوە هەڕەشە بووە بۆ ناوچەکە و تا ئێستا لەم ناوچەیە بۆتە سەرچاوی شەڕ و تێرۆر و وێرانیی و لە ڕێگەی میلیشیا و هێزە تێرۆریستییەکانەوە ناوچەکەی بەرەو شەڕ و ئاژاوە بردووە.