بۆ جاری دووهەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بەغدای پێتەختی عێراق کەوتە بەرهێرشی مووشەکی.
ئاژانسی ھەواڵی “فرانس پرێس” لە زمان سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقییەوە ڕایگەیاند کە، دوو مووشەكی كاتیۆشا، یەكێكیان لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و یەكێكیشیان لە ناوچەی سەوز كەوتوونەتە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە مووشەكی سێهەم لە نزیك ناوچەی سەوز و لە دەورووبەری ڕووباری دیجلە کەوتۆتە خوارەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسایەتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی کردەوە شەڕانگێزییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ئاڵۆزیانەی ناوچە و کێشەی نێوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، وێدەچێ کە ئەو هێرشە هەر بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی و لەلایەن دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام درابێ. ساڵی ڕابردووش کردەوەیەکی لەم شێوەیە ئەنجامدرا کە پەنجەی تۆمەت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ کرا.