Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 19/10/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

کارەساتی ١٧ی خەرمانان (کاریگەرییەکان، ئەزموونەکان)

23/09/2019 | 01:00:12
+A
-A
قادر وریا

     پێشەکی:

ساڵێک لەمەوبەر ڕۆژی ٨ی سێپتەمبر(١٧ی خەرمانان)، سوپای پاسدارانی ڕێژیمی تاوان و تیرۆر، هێرشی مووشەکیی کردە سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان. لە قەڵای دێموکرات کە شوێنی بەڕێوەچوونی پلینۆمەکە بوو ١٤ کەس شەهید بوون کە ٦ کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون. نزیک بە ٤٠ کەس ژن و منداڵ، کادر و پێشمەرگەش بەم هۆیەوە بریندار بوون. لە فێرگەی سیاسیی نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دوو مامۆستای فێرگە، بە هۆی پەلاماری مووشەکیی ئەو ڕۆژە شەهید بوون. هەر لە بەرەبەیانی هەمان ڕۆژیشدا ٣ بەندیی سیاسیی کورد لە دار دران. ٢ ڕۆژ دواتر واتە ڕۆژی ١٩ی خەرمانانیش بەندییەکی دیکەی کورد، بە تاوانی سیاسی لە دار درا.

 

هۆکار و هاندەرەکانی مووشەکبارانی پلینۆمی حیزبی دیموکراتی کوردستان

بۆچی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی١٧ی خەرمانان، بە مووشەکی دوورهاوێژ لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی دا؟

لە ڕووی نێوەرۆکەوە: بزووتنەوەی کوردستان هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، چەقڵی چاوی ئەو ڕێژیمە بووە. چونکە هەر لە سەرەتاوە “نا”ی پێ گوتوە و ئامادە نەبووە بێ داننانی بە مافەکانی گەلی کورد، مل بۆ حاکمیەتەکەی دانەوێنێ. سەرەڕای هەموو هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوت و تێکشکاندنی ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەکە هەر بەردەوامە و هەڕەشەیەکی “بالقوە”یە بۆ سەر مانەوەی ڕێژیم. شتێکی چاوەڕوانکراوە کە کۆماری ئیسلامی هەر کات دەرفەتی گونجاوی بۆ هەڵ بکەوێ، زەبر لەو بزووتنەوەیە و بە تایبەتی هێزە چالاک و شوێندانەرەکانی نێو ئەم بزووتنەوەیە بوەشێنێ.

لە باری سیاسییەوە: کۆماری ئیسلامی هەم لە نیوخۆ لەگەڵ ناڕەزایەتیی سیاسی و ئابووریی خەڵک بەرەوڕوو بوو، هەم لە دەرەوەڕا بەرەوڕووی دەورێکی تازە لە گوشاری سیاسی و گەمارۆی ئابووری ببۆوە. هاتنەدەری ئەمریکا لە بەرجام وای کردبوو لەنێوخۆ دۆخی ئابووریی ئێران شپرزەتر بێ و خەڵک پتر ناڕازی ببن. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، مەیدان لەو ڕێژیمە پتر تەنگ دەکرایەوە. کۆماری ئیسلامی پێویستی بەوە هەبوو کە بە خەڵکی ئێران، بە هاوپەیمانەکانی و تەنانەت بەو وڵات و ڕێژیمانەی دژی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەدان، بڵێ “اقتدار”م هەیە و دەتوانم لە دەرەوەی سنوورەکانیشم هەر غەڵەتێکی پێم خۆش بێ بیکەم و حیسێب بۆ دنیا ناکەم!

لە ڕووی نیزامییەوە: کۆماری ئیسلامی لەمێژ ساڵە بە توانای مووشەکسازیی خۆی دەخوڕێ. هەرکات هەستی بەوە کردوە خەریکە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیددی بەرامبەر دەستێوەردانە ناوچەییەکان و مەیداندارییەکانی لە سووریە، لوبنان، یەمەن، عێراق و هتد وەڕێ دەکەوێ، پەنای بردووەتە بەر نیشاندانی توانای مووشەکیی خۆی. جا بە تاقیکردنەوەی مووشەکەکانی بووە، یا هاویشتنیان بەرەو وڵاتێکی دیکە.  پێشتر(٢٠١٧) “دیرالزور” و “ڕەقە”ی لە نێوخاکی سووریەدا‌ کردبووە ئامانجی مووشەکەکانی. ئەمجاریش  دەبوایە نیشان بدا کە – ئەگەر ناچار بێ- ئامادەیە لە دژی نەیاران و بەرهەڵستکارانی خۆوڵاتییش – ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی خۆی- ئەم مووشەکانە بەکار بێنێ. دیارە چەند ساڵێکە جگە لە مووشەکەکانی،  توانای پەهبادیی خۆیشی زۆر گەورە نیشان دەدا. لە هێرش بۆ سەر قەڵای دیموکڕات وێڕای نواندنی توانا مووشەکیەکەی، پەهبادەکانی خۆیشی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بۆ کاری نیزامی بە کار هێنا.

لە باری تەبلیغاتییەوە: پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەم لە شوێنێکی دیاریکراو بەڕێوە دەچوو، هەم لە کاتێکی دیاریکراو‌دا. حیزبی دێموکرات هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ شاراوەبوونی کات و شوێنی پلینۆمەکەی نەدابوو. ئامادەکارییەکیشی بۆ بەرگریی هەوایی لە خۆی نەکردبوو (ئەمە بەو مانایە نییە کە لە جێی خۆیدا ئەم کەمتەرخەمییە جێگەی ڕەخنە نەبێ). ئەوەی تا ئەو کات زیاتر پێشبینیکراو و چاوەڕوانکراو بوو، سوود وەرگرتنی ڕێژیم لە شێوازەکانی دیکەی زەبر وەشاندن و کردەوەی تیرۆریستی، بۆ وێنە دانانەوەی بۆمب بوو. بەڵام بۆ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی زۆر گرنگ بوو بە مووشەک لە شوێنی پێکهاتنی پلینۆم بدا. هەم زەبرە سیاسی و نیزامییەکە لە حیزبی دێموکرات گەورەتر دەبوو، هەم دەنگدانەوە و کاریگەرییە ڕەوانییەکانی لە سەر حیزب و خەڵک، زیاتر دەبوون. هەر لەو کاتەشدا، دەیتوانی لە سەر وردی و ڕادەی ئامانج پێکانی مووشەکە دوورهاوێژەکانی، هەر وەها توانای  ئیتلاعاتیی خۆی _کە گوایە زانیاریی وردی لە کات و شوێنی بەڕێوەچوونی پلینۆم هەیە_ مانۆڕ بدا.

 

کاریگەرییەکانی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان:

مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و هاوکات ئێعدامی پۆلێک بەندیی سیاسیی کورد لە ڕۆژی ١٧ی خەرماناندا، لە باری سیاسی، نەتەوەیی و خەباتخوازیی کوردەوە، ئاکامێکی جیاواز لە بەراورد و هەڵسەنگاندنەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە. چونکە:

 

داننان بە مانەوە و لەشکان‌نەهاتوویی بزووتنەوەیەک بوو

تاوانە هاوکاتەکانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، جۆرێک داننانی ڕێژیم بوون بە مانەوە و بەردەوامیی هێزە سیاسییەکان و، نیشاندانی ترس بوو لە چالاکی و تێکۆشان و نفووزیان لە نێو خەڵکدا. ئەگەر بزووتنەوەیەک لە گۆڕێدا نییە و، هێزەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە لەنێو خەڵک نفووزیان نییە‌ و، بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بە مەترسی دانانرێن،  بۆ چی بە چەکێکی “غیر متعارف” یا بەکارهێنانی ناباوی چەکێکی ئەوتۆ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لێیان دەدا؟ بۆ چی ئەندامان و لایەنگرانیان ئێعدام دەکا؟

 

پرسێکی نەتەوەیی و سیاسی چووە ئاستێکی گشتی و ئاشکرا

کارەساتی ١٧ی خەرمانان بووە هۆی ئەوە پرسی حیزبە سیاسییەکان و خەباتەکەیان کە پێشتر لەنێو کۆمەڵ بە پارێزەوە و لە سنوورێکی داخراو و لە ژێرەوە قسەی لەسەر دەکرا (زیاتر لە بازنەی ئەندامان، لایەنگران و نزیکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان) بێتە ئاستی سەرەوە، ببێ بە جێگای سەرنجی گشتی و، بە ئاشکرا قسەی لە سەر بکرێ.

 

هاوخەمی و هاوپێوەندیی گشتی و نەتەوەیی و، هەڵوێستی جەماوەریی شیاوی لێ کەوتەوە

تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان کە بە ئامانجی وەشاندنی گەورەترین زەبر لە هێزێکی سیاسی و، ترساندنی خەڵک لە درێژەی هاوکاری و پشتیوانیی هێزە سیاسییەکان بەڕێوە چووبوون، ئاکامێکی پێچەوانەیان لێ‌کەوتەوە. لە ئاستی جۆراوجۆردا، هاوخەمی و هاوپێوەندی بەرامبەر حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لەم ڕۆژە‌دا، کۆماری ئیسلامی قوربانیی لێ ئەستاندن، وەڕێ کەوت. هەم لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، هەم لە هەرێمی کوردستان، هەم لە ڕادەی دیاسپۆرای کوردیدا شاهیدی هاوپێوەندی و هاوخەمی بووین. بەڵام لە هەمووی گرنگتر مانگرتنی گشتی و سەرانسەریی ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو کە یەک مانای هەبوو: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی هێزە سیاسییەکانی خۆیانن و هەر وەک رابردوو ئەو ڕێژیمەیان ناوێ.

 

بووە هۆی یەکهەڵوێستیی هێزە سیاسییەکان کە هاندەری جووڵاندنی توانای بەربەرەکانی خەڵک بوو

کەمتر وا هەبووە حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بارەی ڕووداوە سیاسییەکان، هەڵوێستیان وەک یەک بووبی، یا بە یەکەوە و هاودەنگ هەڵوێستی وەک یەکی خۆیان ڕاگەیاندبێ. بەڵام بە دوای تاوانەکانی١٧ی خەرمانان، زۆربەی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە، کۆدەنگ و هاوکار بوون لە ڕووبەڕووکردنەوەی داوا و چاوەڕوانیی وەک یەکی خۆیان لە خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان کە بریتی بوو لە وەڕێخستنی مانگرتنی گشتی و پێشاندانی ناڕەزایەتیی خۆیان لەم تاوانانە. ئەم یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی و هاودەنگییە، هاندەری خەڵک بوو بۆ باشترین بە دەنگەوە‌هاتن لە ٢١ی خەرماناندا بە جۆرێک کە مانگرتنێکی گشتی و سەرانسەری بە پشتیوانی لە بزووتنەوەکەی خۆیان وەڕێ بخەن.

 

ئەزموونەکان:

هەگبەی ئەزموونەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و لێکەوتەکانیدا، هەم لایەنی ئەرێنیی تێدایە، هەم لایەنی نەرێنی.

  

ئەزموونە ئەرێنییەکان:

سەلماندنی بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشاندا

حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەم ڕۆژە‌دا گەورەترین زەبری وێ کەوتبوو، هەر وەها هێزە سیاسییەکانی دیکەش کە بەردەنگی هێرش و پیلانەکانی ئەم ڕێژیمەن، دوای ئەو ڕووداوەش هەروا لە خەبات و تێکۆشانیان لە بواری جۆراوجۆر‌دا بەردەوامن. خەڵکیش لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، لە پێشوو ڕاشکاوانەتر بۆ داکۆکی لە مافەکانی خۆیان، بۆ بەرگری لە شوناسی خۆیان لە مەیداندان. بۆ جارێکی دیکەش بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان و بە دیاریکراوی حیزبی دێموکرات، ئەوەیان سەلماندەوە کە ئەم جۆرە زەبرانە لەگەڵ هەموو بە ژانبوونەکەیان، ئەوان لە سەر خەباتی دژی ئەو ڕێژیمە شێلگیرتر دەکەن.

 

ناسینی زیاتری دڕندەیی ڕێژیم

هەرچی ئەم ڕێژیمە پتر لە داهاتوو و مانەوەی خۆی نیگەران بێ، دڕندەیی پتر بەرامبەر هێزە بەرهەڵستکارەکانی دەنوێنێ. کوردستان بە پێشینەی ٤٠ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە، بە بوونی هێزی سیاسیی چالاکی خاوەن ڕابردوو و خاوەن پێگەی جەماوەری، بە بوونی ئامادەیی خەڵک بۆ پشتیوانی لە هێزە سیاسییەکان، هەمیشە جێگەی نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی و بەردەوام ئامانجی بەرنامە و پیلانەکانی هیز و دەزگا تیرۆریستی و سەرکوتکەرەکانیەتی. بۆ زەبر وەشاندنیش، ڕێژیم ئامادەیە هەموو جۆرە سنوورێک ببەزینێ و تەنانەت کاریگەرترین چەکەکانی و پڕمەترسیترین هێرش و پیلانی تیرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەکان، بەکار بێنێ. ئەوەش کە هێزێکی سیاسیی کورد بڕوای بە شێواز و چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە ئێران هەبێ بەڵام لە سەر پرسی نەتەوەکەی شێلگیر و شوێندانەر بێ، لە ڕوانگەی ئەو ڕێژیمە پتر مەترسییە و زیاتر دەیکا بە ئامانجی هێرش و پیلان.

 

بەرجەستە بوونەوەی پێویستیی تەبایی و یەکگرتوویی

 دڕندەیی نواندنی ڕێژیم بە هۆی تاوانی ١٧ی خەرمانان لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پەیامێک بوو بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات: دوور نییە ئەم جۆرە هێرش و تاوانە لە داهاتووشدا دووپات ببنەوە. ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێرش و پیلانی گەورەی لەم چەشنە و ئاکامەکانیشی، لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکی و پەرتەوازەیی ڕیکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، زۆر دژوارتر دەبێ. ئەم پەیامە لە لایەک، هەر وەها پەیامێک کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مانگرتنی یەکگرتووانەی خۆیان لە ڕۆژی ٢١ی خەرماناندا بۆ حیزبە سیاسییەکانیان نارد، سەرنجی ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕێبەران، تێکۆشەران و ئەندامانی حیزبەکانیان بۆ لای پێویستیی تەبایی و یەکگرتوویی نێوان ئەو هێزانە ڕاکێشاوە. ئەمە داوایەکی ڕاشکاوانەیە کە بەرەوڕووی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە کراوەتەوە و خۆ لێبواردنیشی وەک پێشوو، هاسان نییە.

 

ئەزموونە نەرێنییەکان:

نەبوونی هەوڵی پلانمەند و جیددی بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسی تاوانەکانی ڕێژیم

لە یەک ساڵی ڕابردوو‌دا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کات زیاتر کەوتبووە ژێر گوشاری دەرەکی و، تەنانەت سوپای پاسداران کە گەورەترین ڕۆڵی هەبووە لە تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسرا. بەو زەمینە لەبارەشەوە، سەرەڕای گەورەیی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و وێڕای ئەو هەمووە تاوانانەش کە ئەم ڕێژیمە پێشتر بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامی داون، بە داخەوە هەوڵێکی جیددی، بەیەکەوە و پلانمەند لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بردنی ئەم جۆرە کەیسانە بۆ نێو کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەدی نەکرا.

 

درێژەی ملبەملەی ڕێکخراوەیی

ئەگەرچی شەقامی ڕۆژهەڵات و زۆرینەی خەڵکی بەشدار لە تێکۆشان و چالاکیی سیاسی (بە حیزبی و ناحیزبییەوە) داواکاری یەکگرتوویی و هاوپەیمانیی نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانن، بەڵام هێشتا ملبەملەی ڕێکخراوەیی و زاڵبوونی بەرژەوەندیی ڕێکخراوەیی بە سەر بەرژەوەندی گشتیدا- لە ئاستی هەرە سەرووی حیزبەکاندا- ، ڕێگر بووە لە پێکهاتنی گۆڕانێکی گەورە و هومێدخوڵقێن. لەگەڵ ئەوەی بەردەوامیی هاوکاریی نێوان چوار حیزبی ڕۆژهەڵاتی لە چوارچێوەی “ناوەندی هاوکاری”‌دا، شتێکی ئەرێنییە، بەڵام  ئەم هاوکارییەش هێشتا لە سنوورێکی بەرتەسکدایە و ئاستێکی بەرزی نەبڕیوە.

 

مانەوەی هاوکاریی پێشمەرگانە و ئەمنیەتیی نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستێکی نزمدا

سەرەڕای بەرجەستەبوونەوەی مەترسییەکان و هەڕەشەکانی ناوەندە سوپایی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، هاوکاری لە بوارەکانی چالاکیی پێشمەرگانە، ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکاریی ئەمنیەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرەشە و پیلانەکانی ڕێژیم، نەچووە ئاستێکی بەرزتر لە هی پێشوو.

 

دەرئەنجام:

تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان، ئەگەر ئاماژەیەکی بەهێز بوون بۆ سووربوونی کۆماری ئیسلامی لە سەر وەشاندنی زەبری لە جاران قورستر لە ڕێکخراوە سیاسییەکان، مانگرتنی ٢١ خەرمانان و بەردەوامیی ڕەهەندە جیاوازەکانی خەبات لە نێو ڕۆژهەڵات و دەرەوەی سنوورەکانیش پەیامێکی ڕاشکاو بوون بۆ سەلماندنی پێوەندیی بەهێزی نێوان خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی خۆیان لە لایەک و، بەچۆکدانەهاتن و شێلگیری لە خەبات بەرامبەر ئەو ڕێژیمە. بەڵام ئەو بەردەوامبوونە بە تایبەتی لە قۆناغێکدا کە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە نواندنی دڕندەیی زیاترە، جگە لە ئیرادەی خەباتگێڕانە، شتێکی گرنگی دیکەشی پێویستە: یەکگرتن، هاوکاری و هاوپەیمانیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و، خەبات و تێکۆشانی پێکەوە و پشتبەستوو بە یەکتر لە هەموو ئاست و بوارەکاندا. ئەمە گرنگترین وانەی خەرمانانی کەوتن و هەستانەوەیە، ئەگەر ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بە باشی لێی تێگەیشتبن!