له درێژه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا، رۆژی ١٦ ی سێپتامبری ٢٠١٩ی زایینی، دکتۆر ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به هاوڕێیه‌تی به‌رپرسی کۆمیته و به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی حیزب له فینلاند و وڵات نەهری سەرۆکی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فینلاند کۆمه‌ڵێک دیدار و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حیزبی و حکومه‌تیی پارته‌کانی ده‌سه‌ڵات له فینلاند ئه‌نجام دا.
کاتژمێر ١١ی به‌یانی رۆژی ١٦ ی سێپتامبری ٢٠١٩ ی زایینی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و هه‌یئه‌تی هاوڕێی سه‌ردانی ئۆفیسی سه‌ره‌كیی سۆسیال دێموکراته‌کانی فینلاندیان کرد و له‌لایه‌ن تێرۆ شێمێیکا به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌وه پێشوازییان لێ کرا. له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی دۆستانه و پڕ ناوه‌رۆک دا جێگری سکرتێری حیزب وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی پاشخانی خه‌باتی کوردی رۆژهه‌ڵات و حیزبی دێموکڕات، دۆخی ئێستای ئه‌و خه‌باته و بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچه‌ی له روانگه‌ی حیزبی دێموکراته‌وه شی کرده‌وه. هه‌روه‌ها بۆچوون و چاوه‌ڕوانیی حیزبی دێموکڕاتی له حکومه‌تی نوێی فینله‌ند و سۆسیال دێموکڕاته‌کانی ئه‌و وڵاته سه‌باره‌ت به مافه‌کانی کورد و جۆری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی خسته ڕوو. به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی سۆسیال دێموکڕاتی فینلاندیش له‌گه‌ڵ خۆشحاڵی ده‌ربڕین له‌و دانیشتنه و بیرخستنه‌وه‌ی رابردووی پێوه‌ندییه‌كان، بۆچوونی خۆی و حیزبه‌که‌ی له‌باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فینلاند و چۆنیه‌تی شوێندانانی حیزبه‌که‌ی له‌و پێوه‌ندییه‌دا سه‌باره‌ت به کوردستان و ئێران باس کرد.
کاتژمێر ١ی هه‌مان رۆژ، جێگری سکرتێری حیزب و هه‌یئه‌تی هاوڕێی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مارکۆ ئولویلا که‌سایه‌تیی کاریگه‌ر له پارتی یه‌کێتی سه‌وزه‌کانی فینله‌ند و پسپۆڕی پرسی کورد له‌م پارته‌دا دیداریان کرد و سه‌باره‌ت به دۆخی کورد و ئێران و رێگاکانی یارمه‌تیدانی کوردی رۆژهه‌ڵات بۆ گه‌یاندنی زیاتری ده‌نگی خۆی به کۆڕ و کۆمه‌ڵه فینله‌ند و ئورووپاییه‌کان قسه‌یان کرد.
له دوایین دیدار و کۆبوونه‌وه‌دا، کاتژمێر ٢ی دوانیوه‌ڕۆ کاک ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده و هاوڕێیانی حیزب له فینله‌ند له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن ئێوێلینا سارێنێن به‌رپرسی تیمی که‌نداو له به‌شی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست وئه‌فریقا و هاوکارانی پێشوازییان لێ کرا. جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا چوارچێوه‌ی گشتی و دوایین رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کانی پێوه‌ندیدار به خه‌باتی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵات و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی باس کرد و روانینی حیزب بۆ دووره‌دیمه‌نی گۆڕانکارییه‌کانی له‌مه‌ودوای ئێران و ناوچه روون کرده‌وه. دواتر هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی فینله‌ند له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا گفتگۆیان کرد. له‌و نێوه‌دا به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که فینله‌ند له ئێستادا سه‌رۆکی ده‌وره‌یی یه‌كێتیی ئورووپایه و ده‌توانێ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی هاوبه‌شی ئورووپاییه‌كان له‌باره‌ی ئێران هه‌بێ، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه کرا که پێویسته سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی له‌مه‌ودوای یه‌كێتی ئوروپا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی به جۆرێك بێ که قازانجی گه‌لانی ئێران و ناوچه به‌تایبه‌تی جێگه و پێگه و مافه‌کانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵات وه‌ك گه‌لێک که ده‌توانێ بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر له ناوچه‌دا کاریگه‌ر و کارساز بێ، له‌به‌رچاو بگرێ.
پێویسته بگوترێ له هه‌موو ئه‌و دیدارانه‌دا هه‌روه‌ک دیداره‌کانی ئه‌مجاره‌ی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له فه‌ڕانسه له ساڵوه‌گه‌ڕی موشه‌كبارانی قه‌ڵای دێموکڕات‌دا ئه‌م جینایه‌ته و مانا و ده‌ره‌نجامه‌کانی و پێویستی وه‌ده‌نگ هاتن له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌رهه‌ق به تێکۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵات هاتۆته به‌ر باس و پێشنیاری رێکاری گونجاو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی بۆ کراوه.