برایان هوک لە لێدوانێکی تایبەت بە هەواڵدەریی یەکێک لە میدیا جیهانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر خەڵکی ئێران ڕایگەیاند کە خەڵکی ئێران کۆنترین قوربانیانی کۆماری ئیسلامین لە چل ساڵی ڕابردوودان.
بە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا و کاردانەوەیان لەسەر ئابووری و بازرگانی و ڕەوتی دیپلوماسیی ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ نەتەنیا کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە ژێر فشارێکی قورسەوە، بەڵکوو خەڵکیش زیاتر ئازار دەچێژن چونکە چەندین جار پێشنیاری وتوێژی ئێران و ئەمریکا لەلایەن ئەمریکا و بەتایبەت دوناڵد ترامپەوە دراوە بەڵام کاربەدەستان و ئاژاوەگێڕانی کۆماری ئیسلامی ڕەتیان کردووەتەوە و ئامادە نەبوونە کە هیچ جۆرە وتوێژێک لەگەڵ ئەمریکا یان نوێنەرانی ئەو وڵاتە بکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەڵێ:” لە چل ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ئێران کۆنترین قوربانیانی کۆماری ئیسلامین”. نابراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلحوڕڕە، کە سەر بە ڕێکخراوی میدیایی جیهانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێراندا سەبارەت بە تاران و وتووێژی ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەڵێ:” ئێمە تا ئێستا چەند جار خوازیاری دانیشتن لەگەڵ ئێران بووین و ئەوان ئەو دانیشتنانەیان ڕەت کردوەتەوە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەیانهەوێ لەگەڵ ئەمریکا دانووستان بکەن ئەوە بە زەرەری خۆیان تەواو دەبێ و، ئێمە گەمارۆکانمان لە سەر ئێران زیاتر دەکەینەوە”. برایان هووک لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی دیار بێت و بە کردەوە نامرۆڤانەکانی خەڵکی دیکەش نەخاتە مەترسییەوە. ئێمە بە خەڵکی ئیران کە چل ساڵە قوربانی دەستی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆر وکۆنەپەرەستەن، هاوخەمی خۆمان دەردەبڕین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێستا لە دۆخێکی شکستخواردووی ئابووری دایە و، وردە وردە بەرەو ڕووخان دەڕوا، ئەوەش ئاکامی چل ساڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری و ئایدۆلۆژیایە.