لە ژەنیاری پیانۆوە، تا خاوێنکردنەوەی پێڵاو.
بە پێی هەواڵێك کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە فاتێح مەردۆخی پیانیست و ژەنیاری سنەیی کە ماوەیکی زۆر بە هەژاری و نامۆیدا ژیا، رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ دنیای بێبەقای بۆ هەمیشە بەجیهێشت.
فاتێح مەردۆخی لە ژەنیارو مووزیسینەکانی کورد بوو کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی گەلاێژی ٩٨ی هەتاوی پاش تەمەنێک ژیان لە پێناوی هونەر و ململانێی لەگەڵ تاڵی و ناخۆشییەکان ، لە وئەوپەڕی نامۆیی و غەریبیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
فاتێح مەردۆخی نموونەیەکی هەر بەرچاو لە “هونەرمەندو ژیانی خۆش مەحاڵە” بوو، کە چەندین ساڵ بێ ئەوەی منەتی بە هیچ بەرپرس و ناوەندێک ببێ ، بە پێڵاوخاوێن کردن و بۆیاخچیگەرییەوە ژیانی بەسەر برد.
ئەو ژەنیارە لە رێزی هونەرمەندانێک بوو کە هونەری بۆ هونەر خۆشویست و، کاتێک زانی کە هونەرەکەی لە مەترسیدایە ببێتە ئامرازێک بۆ بانگەشە و خۆپێهەڵواسینی کەسانێک نەفسنزم و بەرژەوەندیخواز، هەر بۆیە لە میدیاکان و کۆڕو کۆبوونەوەکان خۆی دوور گرت و بە گوتەی ناسیاوانی “دەستەکانی لە ژەنینی پیانۆ بۆ خاوێنکردنەوەی پێڵاوی خەڵک تەرخان کرد، بەڵام ملی بۆ ناڕەوایی و ستەم دانەنواند و عیزەت نەفس و کەرامەتی خۆی نەدۆڕاند، هەر بۆیە لە هەژاری و نامۆیدا مرد”.
ئەو هونەرمەندە کە ساڵانێک بەسەربەرزی و ڕووسووری ژیا ، ڕۆژی ڕابردوو لە تەمەنی ٦٣ ساڵەیدا و لە باوەشی مەرگ بە ئێگجاری حەسایەوە.
تەرمی ناوبراو پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی گەلاوێژ لە ئاوایی گلیانی ناوچەی کامیاران بە خاکی نیشتمان سپێردرا .
شیاوی باسە کە کۆی بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە لە لایەن کەریم تەڵایی لە ئستۆدیۆ تەڵایی مەهاباد تۆمار کراوە.