بە بۆنەی ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنەی خوێناویی چالاکیی تەبلیغی کرا.
لە بەرەبەری ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان واتە ٢٥ی گەلاوێژ، لایەنگران و دۆستانی ئەمەگناسی ئەو حیزبە لە شاری سنە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبردو بەوجۆرە پشتیوانی خۆیانیان لە حیزبی خۆشەویستی دێموکرات دەربڕی.
بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە شەوی ڕابردوو ٢١ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی بەشێک لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە بە نووسینی دروشم و بەبڵاوکردنەوەی تڕاکتی پێوەندیدار یادی ٧٤ی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرزڕاگرت و، لەو ڕێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێباز و ئامانجی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات دووپات کردەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە تێکۆشانی خەمخۆرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە لایەنگران و دۆستانی ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری سنە دەکا و، سڵاویان بۆ دەنێڕێ.