بەرپرسە ئەمنییەکانى ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٥ى گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی ، بە میدیاکانى وڵاتەکەیان ڕاگەیاندوە کە لەسەر بنەماى زانیارییەکى دەستکەوتوو لە حەماسەوە، زانیویانە کۆمارى ئیسلامى ئێران هاوکارییە ساڵانەییەکەى حەماسى لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە گەیاندووەتە ٣٦٠ ملیۆن دۆلار
دامەزراوە ئەمنیەتییەکانى ئیسرائیل، سیستەمێکى سیخوڕى بەهێزیان بۆ ئاشکراکردنى پاڵپشتی و چالاکییەکانى حەماس هەیە. واپێدەچێت زانیارییەکانى ئەوان لەسەر بەڵێنیی زیادکردنى هاوکارى ئێران بۆ حەماس، پشتیان بە زانیاریى مۆرە سەرەکی و گەورەکانى حەماس وەرگرتبێت
بە پێى ڕاپۆرتى کەناڵى ١٢ى ئیسرائیل، ڕژێمى ئێران داواى لە حەماس کردووە لەبەر زیادکردنى هاوکارییەکانى، زانیارى لەسەر تواناییە موشەکییەکانى ئیسرائیل کۆ بکاتەوە و بیداتە ئێران.
بە پێى ئەو ڕاپۆرتە، بڕیارەکەى ڕێژێمى ئێران بۆ زیادکردنى پشتیوانى حەماس، لە ئەنجامى دیدارێکى دوو حەوتوویی شاندێکى حەماس بوو لە تاران بەتایبەت دیداریان لەگەڵ عەلى خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى.
ساڵح ئەلعارورى جێگرى سەرۆکى ئۆفیسى سیاسیى حەماس لەگەڵ مووسا ئەبوو مەرزوق و ماهیر ساڵح و حیسام بەدران و ئوسامە حەمدان و عیزەت ئەلرشق و ئیسماعیل ڕەزوان، دوو حەوتوو بەرلە ئێستا چوونە ئێران تا دواى چەند ساڵ لە ساردبوونەوەى پەیوەندییەکان، پەیوەندییە دوولایەنەکان گەرموگوڕتر بکەنەوە.
ئەلعارورى لە دیدار لەگەڵ چەندین بەرپرسى دیکەى کۆمارى ئیسلامى، گوتبووى کە حەماس خۆى لە “هێڵى پێشەوەى بەرگرى لە ئێران” هەژمار دەکات و هەر دوژمنکارییەک هەمبەر ئێران، دوژمنایەتییە دژى فەلەستینییەکان و ڕەوتى موقاومەت.
حەسەن ڕوحانى پشتڕاستى کردەوە کە دۆخى ماڵى و ئابوورىی ئێران ، قورسترە لە سەردەمى شەڕى ئێران و عێراق، بەڵام زیادبوونى هاوکارییە ماڵییەکانى ئەم ڕێژێمەم بۆ ڕێکخراوە چەکدارەکانى فەلەستین، نیشاندەرى ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانى تاران ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسرائیل بە گرنگتر دەزانن تا دۆخى ژیانى خەڵکى ئێران.