Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۸ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۸ | 09/12/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

“نقاشی قهوەخانە”، کاراکتێری دارابی و سەرسپاردنی بۆ کۆماری ئیسلامی

07/08/2019 | 15:12:23
+A
-A
عومەر باڵەکی

تێکهەڵچوونی دارابی و هاودەستەکانی لە کاتی بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی خومەینی یەکی دیکە لەو بابەتانەیە سەلمێنەری ئەو راستییەیەن کە کازم دارابی یەکیک لە مۆرە دەمارگیرەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. لە لاپەرەی ٩٩ ی کتێبی نەقاشیی قاوەخانەدا ئەو بۆ خۆی ئاوا باسی ئەم ڕووداوە دەکا: “لە ژوئەنی ١٩٨٩دا ئەمن و خێزانم بە سەردان چووبووینە شاری ئۆلدنبۆرک کە هەواڵی کۆچی دوایی ئیمام هات ….. یەکەم شت کە بە مێشکم گەیشت ئەوە بوو ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە دەرەوەی وڵات بۆ ڕێزگرتن لە ئیمام وەرێ بخەین. لەو فکرانەدا بووم کە لە بێڕلینەوە زەنگیان لێدا کە بەپەلە بگەڕێوە سوپێرمارکێتەکەت ئاوری گرتوە. ئەو هەواڵە لە بەرامبەر هەواڵی کۆچی ئیمامدا هیچ بوو. من دەبوا بەدوای چارەسەری وەزعی ڕووخاوی دەروونی خۆمدا بم، نەک بەدوای کوژاندنەوەی ئاوری ماڵی سووتاوم ….. لە هامبوورگ بووم کە لە پڕدا دەنگی سیگنالی ماشێنان وهەلهەلەی شادی شەقامەکانی پڕ کرد. پرسیارم کرد ئەوە دەنگی چییە؟ یەکیک لە دۆستان گوتی ئەوە مونافق و دژە شۆرشن، بە بیستنی هەواڵی مەرگی ئیمام ڕژاونەتە سەر شەقام و شادی دەکەن. خوێنم وەکوڵ هات و هیچم بە چاوی خۆم نەدەدی. کاتێک وەخۆ هاتمەوە خۆم لە سەر میچی ماشێنی ئەو داڵاشانە دیتەوە و شوشە و دەرگا و پێشی ماشینەکانیانمان شکاند و چەند کەسێکمان لێ بریندار کردن …”

ئەوانەی باس کران هیچیان بوختان و هەڵبستراو نین. بەڵکوو لە زمانی خۆدی کازم دارابییەوە گوتراون. بە هەڵوێستەیەکی کورت لەسەر ئەو قسانەی دارابی بۆمان دەردەکەوی کە ناوبراو وەک کەسێکی بەرپرس و ئەرک لەسەرشان، لە کاتی مردنی خومەینیدا هەڵسوکەوتی کردوە و یەکەم کاردانەوەی بە هەوالی مەرگی خومەینی ئەوەیە کە پێویستە ڕێورەسمێکی بەشکۆ لە دەرەوەی وڵات ڕێک بخا کە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمێکی لەو بابەتە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمان بە کەسێکی لاینگری نیزام ناکرێ، بەڵکوو کەسێکی پێویستە کە خاوەن دەسەڵات ودەستڕۆیشتوو بێ. لەهەمان کاتدا کەسێک کە هەم ماڵ و هەم گیانی لە ڕێگای خومەینیدا دانابێ، زۆر سەیرە بڵێ ئەمن سەر بە هیچ سازمانێکی دەوڵەتی و حکوومەتی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا نیم و نەبووم، کەسێک شەو و ڕۆژ لەسەر یەک دابنی بۆ سەرکەوتنی ئەو نیزامە و بە ڕۆژی رووناک و لە وڵاتی بیگانە و لە بەر چاوی خەلک و پۆلیس نەیارانی خۆی وەبەر دار و پللار بدا، تەنیا لە بەر ئەوە بە پێچەوانەی دارابی بە مردنی خومەینی تازیەبار نین، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خۆی بەشێکە لەو نیزامە. لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین کەسێکی ئاوا هەر کاتێک هەلی بۆ هەڵکەوێ، چۆن هەوڵ نادا ڕێبەری گەورەترین حیزبی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێگای بەرژەوەندییەکانی ئەو نیزامە لابەرێ،کە بە کردەوە دوای ئەو هەموو سەرکوت و هێرشی نیزامییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و حیزبی دیموکرات نەیتوانیوە ئەو حیزبە لە مەیدان وەدەربنێ و پێچەوانەی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی حیزبی دیموکرات لاقی لە سەر ئەرزی خۆیەتی و بۆتە گەورەترین کۆسپی سەر رێگای دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان وئێران .

 

سەفەری حەج

وەک باس کرا دارابی زۆر هەوڵ دەدا خۆی بە کەسێکی سەربەخۆ بناسێنێ و بە دەیان جار لە کتێبی “نەقاشیی قاوەخانە”دا باس لەوە دەکا کە نە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بووە و نە سەر بە حیزبوللەی لوبنان، بەڵام هەر ئەو هەڵسوکەوتەی کە خۆی باسیان دەکا پێچەوانەی ئەو قسەیە دەسەڵمێنن. یەکێک لەو نموونانە کە دەتوانرێ ئەو قسەیەی دارابی بە تەواوی رەد بکاتەوە، سەفەری حەجی ناوبراوە لە لاپەرەی ٩٩ کتێبەکەدا ئاوا باسی دەکا: “…ئێمە بە گوڕوتینێکی لەڕادەبەدەر هەموو ئایین و بۆنەکانی حەجمان بەجێ گەیاند… بەرەو مەدینە چووین. لەو سەفەرەدا دوربینیکی وێنەگرتنی بچووکم پێ بوو، وینەگرتن لە مەکە و مەزارگەی پیغەمبەر و شوێنە پیرۆزەکان و هیندێک جیگای هەژارنشین و پیسی شار قەدەغە بوو، بەڵام ئەمن توانیبووم لە هەموو ئەوانە وینە بگرم. دوربینەکەم لەژێر کراسەکەمدا شاردبۆوە و هەر کاتیک بە هەڵم زانیبا دوگمەی کراسەکەم دەکردەوە وبە دزیەوە وێنەی شوێنەکەم دەگرت… دیارە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە بۆ دەوڵەتی عەرەبستان خۆش نەبوو چونکە بە زیانی بوو… لە مەدینە دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ڕێبەری لەمەڕ بەرائت لە کافرەکان. هیندێک کتێبم پێ بوو بە زمانەکانی ئینگلیسی و عەرەبی لەبارەی چۆنیەتیی بەربەرەکانی لەگەڵ کافران، چەند دانەیەکم بڵاو کردەوە کە لەپڕ حەوت هەشت پۆلیس پەلاماریان دام و دەسبەسەر کرام…)

لێرەدا پرسیارە ئەوەیە، کەسێکی عادی و ئاسایی بچێتە سەردانی ماڵی خودا چ پێویستیی بەوە هەیە دوربین لەژیر کراسەکەیدا حەشار بدا و وێنەی ئەو شوێنانە بگرێ کە بە قانوونی ئەو وڵاتە وێنەگرتنیان قەدەغە کراوە، یا چ پێویست بەوە هەیە کەسێکی عادی کتێب و بەیاننامەی هەڵگری بێری کۆماری ئیسلامی لەنێو زیارەتکاراندا بڵاو بکاتەوە؟ لەو رەفتارانەدا بەو ئاکامە دەگەین کە دارابی نەک کەسێکی عادی نەبووە، بەڵکوو مەئمورێکی زیرەک و تەردەستی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بووە و تەنانەت ژنهێنانەکەشی هەر بەو ئاراستەیەدا بووە و لە ڕێگای خێزانییەوە توانیویەتی پێوەندییەکی چڕوپڕ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان دابمەزرێنی. چونکی لە نیوئاخنی کتێبەکەدا بۆ خوینەر دەردەکەوی کە تەنانەت ئەو کەسانەی پێش تێروری میکۆنووس لە دەوروبەری دارابی بوون، چ کاسب و غەیرە کاسب نیزیک بە تەواویان لوبنانی و سەر بە حیزبوڵڵا بوون.

 

تیرۆری میکونوس لە ڕوانگەی دارابییەوە

نووسەری کتێبی نەقاشیی قاوەخانە لە زمانی دارابییەوە بە جۆرێکی زۆر زیرەکانە دێتە نێو باسی کارەساتی میکوونوس کە بتوانی خوێنەر بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی، بۆ ئەوە لە دواییدا بە خۆینەر بڵێ کە ئەو کارەساتە دڵتەزینە هێزەکانی دژەشۆرش لەگەڵ یەکتر کردوویانە بۆ ئەوەی هەم پاکانە حیسابیان لەگەڵ یەکتر کردبێ و هەم کۆماری ئیسلامیی پێ تاوانبار بکەن.

لە لاپەرەی ١١٠ی کتێبەکەدا بەو جۆرە باس لە بیستنی هەواڵی ڕووداوەکە دەکا: “رۆژی هەژدەی سێپتامبری ١٩٩٢ لە ماڵێ دانیشتبووم و لە ڕێگای ویدیۆ تێکستەوە هەواڵەکانم دەخۆێندەوە. بیستم کە چوار کەس لە ڕێبەرانی کوردی ئێرانی شەوی پێشتر لە ڕێستوورانێک لە نێو شاری بێڕلین لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کوژراون و تیرۆریستەکان هەڵاتوون. جینایەتەکە گەورە و کوشتارێکی خوێناوی بوو. ئەمن بە ڕیستوورانتی میکۆنووسم نەدەزانی، بەڵام چونکە بابەتەکە پێوەندیی بە ئێرانییەکانەوە هەبوو، بە هەواڵەکە حەساس بووم. لە ڕاگەیەنەکانی دیکەشدا وەدووی کەوتم. هەواڵەکە ڕاست بوو و زۆریش ناخۆش و جێگای نیگەرانی بوو. کارم بە بیر و ئەندیشە و ڕوانگەی سیاسیی ئەوانەوە نەبووە و نییە، بەڵام چونکە ئێرانی بوون زۆری پێ تێک چووم. لە ئەساسدا ئێرانی بوونیشیان زۆر گرێنگ نەبوو، چونکی بیستنی کوشتاری کەسانی بێ دیفاع  هەموو کەس نارەحەت دەکا. پەردەی یەکەم کە ڕاگەیەنەکان لە ڕووداوی میکۆنووس نیشانیان دا، زۆر لێڵ بوو. وێنەیەک بوو لە تاریکیدا ، و دژە شۆرش توانی لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێ و وێنەی خۆی لە جیگای وێنەی ڕاستەقینە دابنێ… دەزگای پۆلیس و قەزایی ئاڵمان کە بە وردبینی و لێزانی ناوبانگیان هەیە، هیچ کات نەیانتوانی تابڵۆی ساختەی میکۆنوس لە ئەسڵەکە لێک جیا بکەنەوە. هونەرمەندانی تابڵۆی ساختە میکۆنووس کەسانێک نەبوون بێجگە لە ڕەوتی ئۆپۆزیسیونی تاراوگەنشین، کە ئامانجدار هاتنە نێو رووداوەکە…”

هەر ئەو چەند دێرە لە بیرەوەرییەکانی کازم دارابی دەتوانی کۆمەڵێک پرسیار دروست بکا و پرسیارەکان هەموویان بۆ هەڵویستە لەسەر کردن دەبن. دارابی ڕۆژی دوای تیرۆرەکە دەڵێ یەمن هەواڵەکەم لە ویدیۆتیکستەوە چاو پێ کەوت، ئەمە دەتوانی راست بێ چونکە دوای تیرۆرەکە هەر کام لە تیمی تیرۆر بە لایەکدا ڕۆیشتوون وهیچ پێوەندێکیان پێکەوە نەماوە. ئەوەش بۆ ئەوە بووە کە هیچ ئاسارێک لە دوای خۆیان بەجێ نەهێلن. دەی باشە کازم دارابی چۆن لە چەندوچۆنیی تیرۆرەکە ئاگادار بوایە، بۆیە پێویست بوو ڕاگەیەنەکانی بەیانی بە وردی سەیر بکا و بزانێ ڕادەی سەرکەوتنی عەمەلیاتەکەیان چەندە بووە و لە هەمان کاتدا بزانی هەڵویستی پۆلیس و دەزگای قەزایی  و بیروڕای گشتیی ئاڵمان چی دەبێ و چ لایەن و دەوڵەتێک تاوانبار دەکەن؟ هەروەها بزانی کەس لە تیرۆریستەکان گیراون یا نا، یا پۆلیس باس لە سەرەداوێک دەکا یا نا؟ ئەو پرسیارانە بۆیە دەتوانی لەپێوەندی لەگەڵ کازم دارابیدا ڕاست بێ چونکە پێشێنە خۆی و دەوڵەتەکەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە دژبەر و جیابیرانی خۆیان بە کردەوەی فیزیکی لەسەر ڕێگای خۆیان لابردوە. کازم دارابی لەو دەقەی سەرەوەدا دەڵێ ئەمن ڕیستورانەتی میکۆنووسم پێ نەدەزانی، لێرەدا ناوبراو دەیهەوێ وەک بەڵگەیەک بۆ قسەکانی دوایی کەلکی لی وەربگرێ و بۆ ئەوەیەتی کە بڵێ ئەمن ئاگام لەو تیرۆرە نەبووە. یا دەڵێ چونکە کوژراوەکان ئێرانی بوون بۆیان بەداخ بووم و هەر لەدوای ئەو ڕستەیەدا دەڵێ لە بنەڕەتدا ئێرانی بوونەکەشیان زۆر گرینگ نەبوو و بە کوژرانی خەڵکی بێدیفاع هەموو کەس نارەحەت دەبێ.

دارابی خۆی پێشتر بە حەماسەتەوە باسی کردوە کە چۆن دەستەی سەد کەسیی کۆ کردۆتەوە و چۆتە سەر شوێنی مانەوەی خویندکارانی ئێرانیی دژبەر و ڵێیانی داوە، تەنیا بەبیانووی ئەوەی ئەوان لە چەند هاوبیرێکی ئەویان داوە. سروشتییە کەسێک کە سۆز و عاتیفەی وای هەبێ کە بە کوژرانی خەڵکی بێدیفاع ناخی بهەژێ، لە حالەتی وادا بەپەلە بریار نادا بەڵکوو هەوڵ دەدا بە مەنتق و ئەقل کیشەکە چارەسەر بکا، نەک بە گۆپاڵ و لەشکرکیشی؛ بۆیە ڕوون و ئاشكرایە کە ڕاست ناکا و ئەوە تەنیا بۆ ئەوە دەڵێ کە لای خوێنەر خۆی بە ئینسانی بەڕوحم و بەزیی نیشان بدا. یان ئەوەی دەیهەوی هەر لە سەرەتاوە زەینی خوێنەر بۆ ئەوە ئامادە بکا کە کازم دارابی بێ تاوانە، بەڵام پۆلیس و دادگای ئاڵمان لەژێر کاریگەریی چالاکیی دژەشۆرش تاوانباریان کردوە بە کردەیەک کە نەیکردووە. هەر بەوەش وا دەردەکەوێ کە کازم دارابی زۆری ئاگا لە دەربڕینەکانی خۆی نەبێ کە ئاوا پۆلیس و دەزگای قەزایی ئالمان بە گێل و هیچ نەزان دادەنی کە دژەشۆرش توانیویەتی بەلارێیدا بەرێ، چونکە هەر کازم دارابی بۆخۆی لەو چەند دێرەی سەرەوەدا دەڵێ پۆلیس و دەزگای قەزایی ئالمان بە وردبینی و لێزانی بەناوبانگن. ئەی ئەگەر وایە چۆن کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دژە شۆڕشی تاراوگەنشین؟ تەنانەت ئەگەر ئەو قسەی دارابی لەبارەی پۆلیس و دەزگای قەزایی ئاڵمان ڕاست بێ کە پۆلیس و دادگا کەوتبنە ژیر کاریگەریی ئۆپۆزیسیونی رێژیم، بەو پێناسەی خودی دارابیش کە پۆلیس و دەزگای قەزایی ئالمان وردبین و لێزانن، دەی بەو ئاکامە دەگەین کە بەڵگەکانی ئۆپۆزیسیون بەهێز بوون و توانیویانە پۆلیس و دەزگای قەزایی بە قەناعەت بگەیەنن.

خۆ ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بڕوانینە دوو لایەنی ئەو پەروەندەیە، لایەنێکیان بە قەولی کازمی دارابی دژە شۆرشە و لایەنی دیکە کۆماری ئیسلامییە. کازم دارابی و نووسەری کتێبەکە دەبوا لە خۆیان پرسیبا کە چۆنە کۆماری ئیسلامی بەو هەمووە دامودەزگایە و تاقم و گرووپی جیاواز لە سەرانسەری دنیادا و بوونی ئیمکاناتێکی بەرفرەوان نەیتوانیوە ئەوەندە بەڵگە بدا بە دادگا و ئەو قەناعەتە لای دادوەران دروست بکا کە کۆماری ئیسلامی دەستی لەو تیرۆرەدا نەبووە و بە سەلماندنی بێتاوانیی کۆماری ئیسلامی، ڕەنگە بێتاوانیی کازم دارابیش سەڵمێندرابا. بەڵام کۆماری ئیسلامی چونکە خۆی لە پشتی ئەم تیرۆرە بوو، نەیدەتوانی بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێ چ بگا بە بێتاوانیی کازم دارابی. لێرەدا دەتوانین بە کازم دارابی بڵێین کە لە ڕاستیدا دادگا کاری لە سەر تابڵۆی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە کرد و بە ئاکامیشی گەیاند.

درێژەی هەیە…