Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۸ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 19/09/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

پشکی شێری کۆماری ئیسلامی ئێران لە تێرۆریزمی دەوڵەتی

07/08/2019 | 15:07:02
+A
-A
یادگار مەحموودی

تێرۆر ئەو وشەیەیە کە ڕۆژانە لە مێدیا و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەیبینین و بەر گوێمان دەکەوێ، ھەڵگری باری مانایی تایبەتە و بە شێوەی جۆراوجۆر لە بیاڤی سیاسەتدا بەکار دێ و لێک دەدرێتەوە. تێرۆر و گرینگیی ئەو کردەوەیە وای کردوە کە لەلایەک ئاکادیمیستە سیاسییەکانەوە بایەخی زیاتری پێبدرێ و شرۆڤەی تایبەت بکرێ و ببێ بە یەکێک لە باسە سیاسییەکانی زانکۆکان و؛ لە ڕیزبەندییەکانی تێرۆری سیاسی، تێرۆری ئیدئۆلۆژی، تێرۆری کەسایەتی، تێرۆری نێوخۆیی و تێرۆری دەوڵەتیدا و ھتد… پۆلێن بکرێ.

بەڵام بەدەر لە هەموو ڕیزبەندی و جیاکارییەک «تێرۆر» مەبەستە سەرەکییەکەی سەپاندنی دۆخ، سەرخستنی ئیدە و باوەڕێکی سیاسی یان تەنانەت مافێکی زەوتکراوە کە لە ڕێگای سازان، دیپلۆماسی یا وتووێژەوە یەکلا نابێتەوە و شێوەیەکە بۆ سازکردنی کەشی تۆقاندن و ترس لە دڵی کەس یا لایەنی بەرامبەردا. هەروەها لە چاخی ئێستادا ھەر کەس و لایەن و دەسەڵاتێک بەپێی بەرژەوەندیی خۆی و پشتبەستن بە ھێز و توانای خۆی شرۆڤەی تێرۆر دەکا و هەوڵی جێخستنی خوێندنەوەی خۆی دەدا؛ بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەو نووسینی ئەم دێڕانەوە ڕاوەستان لەسەر تێرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیدئۆلۆژیکی ئیسلامیی ئێرانە کە زۆر جاران لە ھیچ پۆلێنبەندیەکی ئاکادێمیکدا جێ ناگرن. وەکوو کردەوە تێرۆریستییە دەریاییەکەی ئەو ڕۆژانە لە کەنداو و دزین و دەستبەسەرداگرتنی پاپۆری وڵاتانی دییە لەلایەن ڕێژیمەوە. وڵاتی ئێران، وڵاتێکی ڕەنگاڵە بە موزاییکێک لە زمان و کولتوور و ئایینە جۆراوجۆرەکان و پاشخانێکی دەوڵەمەند لە ژیار و شارستانییەت بە سەرچاوەی سروشتی و سامانی دەوڵەمەند. بەڵام لە سۆنگەی دەسەڵاتی سیاسیی توتالیتێری کۆماری ئیسلامییەوە ئەم فرەیی و جۆراوجۆرییە نەک نەبووەتە هۆی نەشونومای وڵات؛ بگرە لە ئێستادا ئێران بە مەترسییەکی جیددی لەسەر ئەمنیەت و سەقامگیریی دنیا بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵکی ئێرانی کردووەتە قەڵغان و بەڵاگێرەوەی خۆی و لە ئێستادا لە سۆنگەی پاڵپشتیی لە تێرۆریزمی دەوڵەتییەوە قورسترین سزای بەسەردا سەپاوە. ئەم دەسەڵاتە نگریسە لە درێژەی تەمەنی چل ساڵەی خۆیدا هەمیشە چەکی تێرۆری بەدژی نەیارانی خۆی بەکارهێناوە و ئەوەی لەلا پیرۆز بووە. لەنێو قوربانییانی سیاسەتی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیدا کورد زۆرترین بەشی پێ دەبرێ. رێژیم بە هەموو تواناوە ویستوویەتی بە تێرۆری فەرهەنگی، تێرۆری فیزیکیی سیاسییەکان و تێرۆری کەسایەتیی چالاکانی مەدەنی بەر بە خەباتی شوناسخوازیی کورد بگرێ. لە پێناو ئەو مەبەستەشدا ئامادە بووە لە سەرەوەی سنووری وڵاتەکەی پیلان دابنێ و ئەگەرچی لە زۆربەی پیلانەکانیشیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام تێچووی قورسی وەک بڕیاری دادگای مێکونووسیشی بۆ داوە. پاش ئاشکرابوونی دەستی ئێران لە زۆر پیلانی تێرۆریستی لە ئاسیا، ئورووپا و ئەمریکای لاتین، ئێستا ئیدی لە ئاستی دنیادا کۆماری ئیسلامی بە ڕێژیمێک دەناسرێ کە سپۆنسەر و پاڵپشتی تێرۆریزمی دەوڵەتییە و لەلایەن شووڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە سەبارەت بەوە بڕیانامەی لەدژی دەرکراوە و سزای بەسەردا سەپاوە.

تێرۆری میکونوس؛ تەقینەوەی ئامییا، ناوەندی جوولەکەکان لە ئاڕژانتین؛ بۆمب دانانەوە لە بانکوک؛ تەقینەوە لە دێهلی؛ پیلانی تێرۆری باڵوێزی عەڕەبستان لە ئەمریکا؛ هەوڵە تێرۆریستیەکان لە بەحرەین؛ کردەوە تێرۆریستییەکان لە عێڕاق؛ کاری تێرۆریستی لە وڵاتی کێنیا و هاوکاری لەگەڵ ئەلقاعیدە چەند بەڵگەیەکن کە نیشاندەری تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. بە واتایەکی دی ئەوانە کۆمەڵە فاکتێکن کە پێمان دەڵێن تێرۆر و کۆماری ئیسلامی ئاوەڵدوانەی یەکترین و تێرۆر کاڵایەکە کە تەنیا بە بەژنی کۆماری ئیسلامی دەبڕێ.

بابەتێکی گرینگی دیکەی پێوەندیدار بە پشتیوانیی ئێران لە تێرۆریزمی دەوڵەتی ئەم تێچووە ماددییە زۆر و زەوەندەیە کە لە گیرفانی خەڵکی ئێران دەردەهێندرێ و خەرجی بەرنامەکانی ڕێژیم دەکرێ. ڕۆژنامەی “ئیشپیگێل”ی ئاڵمان دەڵێ بەپێی لێکدانەوەی کارناسانی نیزامی ئێران لە ساڵی 2011 ڕا هەتا 2015 زیاتر لە 15 میلیارد دۆلاری تەنیا لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا خەرج کردوە. ئەو یارمەتییانە جیا لە پارەی نەغد، چەک و چۆڵ و تەقەمەنی بریتی بووە لە نەوت، خواردن و دەرمان و کەلوپەلی دیکە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی حەشدی شەعبی لە عێڕاقی دابین کردوە و له‌ ناردنی چه‌کوچۆڵ‌و یارمه‌تیی سیاسی و دیپلۆماتیک بۆ حیزبووڵلای لوبنانیش به‌رده‌وام بووه‌ به‌ جۆرێک که‌ پێنتاگۆن، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا پێێ وایه‌ ئێران له‌ ساڵدا بڕی 100 تا 200 میلیۆن دۆلار یارمه‌تیی حیزبووڵڵا ده‌کا. ڕێکخراوی تێرۆریستیی “حه‌ماس” له‌ فه‌له‌ستینیش یه‌ک له‌و ڕێکخراوه‌ هاوپه‌یمانه‌ی ئێرانه‌ که‌ له‌ دوای ساڵی 85 ی هه‌تاوییه‌وه‌ مانگانه‌ 20 میلیۆن دۆلاری یارمه‌تی له‌ ئێران وه‌رگرتوه‌، ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی له‌بواری چه‌کوچۆڵ ‌و په‌روه‌رده‌ی نیزامی‌ و لۆجستیکیشه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ دابین کراوه‌.

یارمه‌تییه‌ چه‌ند میلیاردییه‌کانی ئێران به‌و گرووپه‌ تێرۆریستییانه‌ له‌ کاتێک دایه‌ که‌ خه‌ڵکی ئێران له‌گه‌ڵ زۆرترین کێشه‌ی ئابووری، بێکاری و گرانی به‌ره‌وڕوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران که‌مترین بایه‌خ بۆ کێشه‌کانی خه‌ڵک دانانێ، وەک چۆن بینیمان لە دوای بەرجام تەنیا لە یەک قەڵەمدا 6 میلیارد دۆلار لە پارە ئازادکراوەکانی ئێران بەجێی گەراندنەوەی بۆ بودجەی دەوڵەت و تەرخانکردنی بۆ بەشی ئاواوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی بازاڕ، درایە هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران بۆوەی بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانیان کەمی نەهێنن!