Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۶ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 17/08/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

شوینیزمی ناوەند و پرسی زمان

07/08/2019 | 15:03:01
+A
-A
جەمیل سەرمەستی

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لە نێوبردنی زمانی گەلانی غەیرەفارس لە ئێراندا و لەو پێوەندییەشدا ئەگەری جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی “بسندگی” (زبان- فارسی) لە قوتابخانەکانی وڵاتدا؛ نیگەرانیی دڵسۆزانی بەشی پەروەردەی زیاتر کردوە.

دیارە زمان وەکوو کۆڵەکەی مانی هەر نەتەوەیەک بە تایبەت بۆ ناسین و ناساندنی خۆی چاوی لێدەکرێت وبە تایبەت لەم سەدەیەدا کە سەدەی شوناس و خۆناسینی گەلانە ومەترسییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆداگیرکەرو نەتەوە سەردەستەکان کەوتۆتە بەر لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەی زانستی وهاوکات پەیوەندییە تایبەتەکانی ئەوڕۆ کە دونیای پێکەوە گرێداوە زۆر لە ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە و سەردەمی خەڵەتاندن و دەسبەسەرکردنی بیری مرۆڤەکان خەریکە ماڵاوایی دەکات و ئەمانەش بۆ دەسەڵاتخوازە توتالیتێرەکان، شێوێنیستەکان وڕەگەزپەرەستەکان بڤەیە و یان دەبێ دونیای پێشکەوتوو لە ئامێز گرن، یان بە گژیدا بچنەوە کە هەرکامیان تێچووی خۆی لەسەرە

بە سەرەنجدان بە یاسا بنەڕەتییەکان و هەڵسوکەوت و ئامانجەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ ئەوەیدا کە لە ئامێزی دونیای پێشکەوتوودایە و قازانجەکانیشی لێهەڵدەکڕێنێ,  بەڵام هەرلەسەرەتاوە بە بیر و هزرێکی کۆن و پرتووکاوەوە بە گژیشیدا دەچێتەوە و زۆر جاران ڕوومەتی پێشکەوتن بریندار دەکات و قامک بە چاوی زانست و ڕاستییەکاندا دەچەقێنێ

سیستمی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر بناغەیەک داندراوە کە نە کەسی زانستی و پسپۆڕ لە خۆ دەگرێت و نە جێگاشی دەبێتەوە هەر بۆیە چاوەڕوانییەکانیش دەبێ لە ئاستی قەبارەی ئەو سیستمەدا بێ .بە واتایەکی خۆماڵیانە ناکرێ بە تاوانی خواردنی مەڕ و ماڵات گلەیی لە گورگ بکرێت .ئەوەیکە پێویستە تەنیا چاودێری و وشیاری بەجێگەیە

لەم دواییانەدا و لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی گەلانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەکوو ” کورد، ئازەری،تورک،بەلووچ و عەرەب” وەزارەتی  پەروەردەی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی لە ژێر ناوی “بسندگی زبان فارسی” پەسەندکرد  کە گەڵاڵەیەکی شێوێنیستی و ڕەگەزپەرەستانەیە و تەنانەت یاسا سەقەتەکەی خۆشیان واتە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی ڕێژیم پێشێل دەکات کە تێیدا هاتووە هەر نەتەوەیەک بۆی هەیە بە زمانی خۆی لە پاڵ زمانی فارسیدا بخوێنێ و بنووسێ ،هەرچەند تا ئیستاشی لە گەڵ بێ بەو ماددەیەش کار نەکراوە و نە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە

ئەم گەڵاڵەیە کە باس لەوە دەکات منداڵانی غەیرە فارس دەبێ پێش دەسپێکردنی خوێندنی سەرەتایی،  تاقیکاری زمانی فارسی بدەن واتە ئەگەر منداڵێک فارسی نەزانێ دەبێ بخرێتە خوێندنگە نائاساییەکان و بە منداڵی کەم ئەندام بێتە ئەژمار، کە هێچ پێوەر و بنەمای زانستی لە پشتەوە نییە وتەنیا دەکەوێتە خانەی ڕەگەزپەرەستی و هەڵاواردنێکی سیستماتیکەوە پیلانێکە بۆ ئەوەیکە دایک و باوکەکان ناچار بن هەر لەسەرەتاوە بە زمانی فارسی لە گەڵ منداڵەکانیان بدون  کە ئەگەر بکەونە ئەو داوەوە  کارەساتێکی لێدەکەوێتەوە و ئەگەریش بە فارسی قسە نەکەن و بە قەولی خۆیان لە تاقیکاری “بسندگی ” دەرنەچن ڕێژەی نەخوێندەواری لە ناوچە غەیرە فارسەکاندا بەرز دەبێتەوە و ئەویش بۆخۆی دەسکەوتێکە بۆ داگیرکەران و خەسارێکە بۆ نەتەوەکانی دیکە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە کەوتە بەر ڕەخنەو دژایەتیی زانایان ، پسپۆڕانی زمان ،ڕۆشنبیر و دڵسۆزان و چالاکانی فەرهەنگی و مافی مرۆڤەوە

دەگوترێ کە ئەو گەڵاڵەیە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان  لە چەند ناوچەیەکی ئێران کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەچێت کە ژێنۆسایدێکی زمانی  دەسپێ‌بکات.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە زمان وەکوو میراتێکی مڕۆیی چاوی لێدەکرێت ولە وڵاتانی دیکە‌دا  هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی زمان  وەگەڕ دەخەن،

جێی وەبیرهێنانەوەیە  کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا دوابەدوای قسەکانی خامنەیی هەمبەر ترسی لە ناوچوونی زمانی فارسی ” رزوان حەکیمزادە”جێگری پەروەردەی سەرەتایی وەزارەتی پەروەردە وبارهێنان هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی ئەو گەڵاڵەیە  وتی : ئەمە گەڵاڵەیەکە بۆ جێبیجێکردنی دادپەروەری پەروەردە.

پەسند کرانی ئەو گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە نەتەوەکانی دیکە  واتە نەتەوە غەیرە فارسەکان لە هەموو شوێنە زانستییەکاندا ئەگەر لە فارسەکان سەرتر نەبن کەمتریش نین و لە بواری زانست و خوێندندا پێشکەوتنی بەرچاویان دەسخستووە کە نموونەی هەرە بەرچاوو تازەیان “کۆچەر بیرکار”ی خەڵکی گوندی نێی مەریوانە کە خەڵاتی باشترین بیرکاریی دونیای وەرگرت و زۆر لە بەناو ڕۆشنبیرە فارسەکان و پان ئێرانیستەکانی تووڕە کرد.

کە واتە ئەم گەڵاڵەیەش نەک هەر پێشێلکەری تەواوی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە بەڵکوو ڕوانینێکی لێوانلێو شێوێنیستی و ڕەگەزپەرەستانەیە وەکوو نموونەی هەوڵەکانی  ڕەزاشا بۆ یەکسان کردن و تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە، کە نەک هەر نەیتوانی ببێتە نەریت و فەرهەنگی خەڵکی ئێران بەڵکوو  ویستی شوناسخوازانەی گەلانی بن دەست لە گەشە سەندان دایە و ئاستی بیرکردنەوەی خەڵک و هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت چالاکانی بواری زمان و مامۆستایانی دڵسۆز دەتوانێت ببێتە هەوێنێک بۆ لە باربردنی ئەم هەوڵە ی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

 

زمان پێناسەی مرۆڤە، باڵوێزی مێشک و ئاوەزە

زمان جوگرافیاو شوێنە،خاکەلێوە و سەرماوەزە

 

هێمای هەبوونی گەلێکە،دەنگی بیر و هەست و سۆزە

پەڕوباڵی کەلتوورێک و مێژوویەکی زۆر پیرۆزە

 

زمان هەناسەی ژیانە ،باوەڕی مان و نەمانە

بەردی بناغەی یەکبوونە ،ئامرازی پەیوەندیمانە

 

خاوەن زمانی خۆت نەبی زمانی دونیا بزانی

وەک کۆیلەیێکی ئاوارەی لە ماڵی خەڵکا وەیلانی

(ژیلەمۆ سنە)