کۆماری ئیسلامی بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی هانا بۆ وڵاتی چین دەبات.
بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە فڕۆشی نەوتی ئێران بۆ ژێر یەک میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، هەربۆیە کۆماری ئیسلامی هانای بۆ وڵاتی چین بردوە کە نەوتی زۆرتری لێبکڕێ
هەرلەو پەیوەندییەدا ئێسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی ڕۆحانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی گەلاوێژ لە وڵاتی چین لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا لە کۆبوونەوەیەکدا داوای لە چین کردووە نەوتی زۆرتر لە کۆماری ئیسلامی بکڕن.
جەهانگیری لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ” سۆنگ تائۆ”وەزیری کاروباری نێونەتەوەیی چین گوتی : لە گەڵ ئەوەیدا کە دەزانین وڵاتەکان بەربەستی زۆریان هەیە بەڵام چاوەڕوانیمان لە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان ئەوەیە لەم دۆخەدا لە کڕینی نەوتی ئێراندا چالاکتر بن
شایەنی باسە کە هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا بە بەراورد بە ساڵی پێشوو لەسەتا ٦٠ کەمیکردووە
جەهانگیری هەروەها ئامادەیی کۆماری ئیسلامی بۆ هەناردنی گاز لە ڕێگای پاکستانەوە بۆ چین دەربڕی و گوتی: ئێران گەورەترین پاشکەوتی گازی دونیای هەیە.
جێیئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە بواری ئابوورییەوە زۆر لاواز بووە و، ناتوانێ وەکوو پێشتر تێچووی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوە و پشتیوانی لە تێرۆریستەکان دابین بکات ،هەر بۆیە لە هەوڵی ڕزگار بوون لەو دۆخەدایە .