دەسپێکردنی هێرش بۆ سەر حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسراییلەوە.
هێزی هەوایی ئیسراییل بنکەکانی حەشدی شەعبی کە گرێدراون بە کۆماری ئیسلامییەوە لە خاکی عێراق کردە ئامانج.
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە کە پێشتر مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، عادل عەبدولمێهدی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەو هێرشە ئاگادار کردبووەو پێ گوتبوو کە نابێ لەو پێوەندییەدا هەڵوێستی هەبێ.
بە پێی قسەی بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی نیوەشەوی ڕابردوو ٦ گەڵاوێژی ٩٨ی هەتاوی لە ئاکامی هێرشێکی هەوایی هیزەکانی ئیسراییل بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حەشەدی شەعبی لە پارێزگای دیالە، نیزیکەی ٤٠ ئەندامی سپای قوودسی کۆماری ئیسلامی کوژراون و ڕێژەی برینداران هێشتا ڕانەگەیاندراوە.
هەروەها فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسراییل ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ گۆرزێکی دیکەیان بە بنەکەکانی حەشدی شەعبی لە ئامرلی سەر بە پارێزگای سەلاحەددین وەشاندوە.
بە پێی قسەکانی یحزکیلی شارەزای بواری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە رۆژنامەیەکی ئیسراییلی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ کە ئێستاکە جیا لە سووریە، عیراق و بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بووەتە بەشێک لە ئامانجەکانی ئیسراییل بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشکرای کردووە کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل دانی بەوە داناوە کە هێرشەکەی سەر ئامرلی لەپارێزگای سەلاحەددین بە فڕۆکەی ئیسراییلی لە جۆری ئێف-٣٥ ئەنجام دراوەو لەو هێرشەدا بنکەیەکی سەربازیی کە بەشێک لە بەرپرسانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا لوبنانی تێیدا بوون کراوەتە ئامانج و، سەرەتایەکە بۆ لە ناوبردنی بنکە نیزامییەکانی ئێران لە خاکی عێراق.
بە گوتەی ڕۆژنامەیەکی ئیسراییلی یەکێک لە هەڵەکانی ئەمریکا دوای ٢٠٠٣ ئەمە بوو کە ڕێگەی دا، ئێران هێزەکانی خۆی لە خاکی عێراق بە مەبەستی کێشەنانەوە فەراوان بکات.
تلویزیۆنی ئەلشەرقییە لەسەر زاری بنیامین نتانیاهۆ ڕایگەیاند: کە ئێمە بووین گورزمان لە سپای قودس و دەستوپەیوەندییەکانی لە ئێراق وەشاند.
ئەلشەرقییە پێشتر بڵاوی کردەوە کە فڕۆکەکانی ئیسراییل هێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەکی سپای قودس لە ئێراق کە پێشتریش بە ناوی پادگانی ئەشرەف ناسراو بوو کە موجاهێدینی خەلقی تێدا بوو و لە ئاکامی ئەو هێرشەشدا زیاتر لە ٤٠ کەس کوژراون .