Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۶ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 17/08/2019 | کاتژمێر:
جیهان

خالید عه‌زیزی: كورد، فاكتۆری سه‌ره‌كی له‌ ئێران

24/07/2019 | 03:44:06
+A
-A

له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتن و دیداره‌كانی كاك خالید عه‌زیزی ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ تینك تانك و ناوه‌نده‌ لێكۆڵینه‌وه‌ییه‌كان، ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر داوای Washington Kurdish Institute سمینارێك بۆ به‌ڕێزیان سه‌باره‌ت به‌ تاوتوێ كردنی دۆخی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌ تایبه‌تی به‌ بۆنه‌ی سییه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هید دوكتور قاسملوو سكرتێری گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستان ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٢ جووڵای له‌ واشنگتن به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌م سمیناره‌ به‌ به‌شداری هه‌ندێ شرۆڤه‌كاری سیاسی و كه‌سایه‌تی ژورنالیسیت و ئاكادیمێكی ئه‌مریكی و وه‌فدێكی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كاك خالید عه‌زیزی: پێكهاتوو له‌ به‌ڕێزان كاك كامڕان باڵنوور نوێنه‌ری حیزب له‌ ئه‌مریكا، كاك خه‌بات ئیبڕاهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب له‌ واشنگتن و كاك جه‌ماڵ مه‌حموودزاده‌ ئه‌ندامی كومیته‌ی حیزب به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌ كاك ئالان باڵنوور له‌ وتارێكدا به‌ زمانی ئینگلیسی به‌ تێروته‌سه‌لی ژیان و خه‌باتی شه‌هید دوكتور قاسملووی بۆ ئاماده‌بووان باس كرد و له‌قاودانی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانی به‌ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ئینسانی زانی و كوتی كۆماری ئیسلامی ئێران گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ته‌ناهی و ئاسایشی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. دواتر كاك خالید له‌ لێدوانێكی تێروته‌سه‌لدا دۆخی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی تاوتوێ كرد. كاك خالید كوتی:

له‌به‌ر كێشه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و كۆماری ئیسلامی پرسی گه‌لانی ئێران و كێشه‌ی گه‌لی كورد په‌راوێز خراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر حاله‌تێكدا به‌ مان یان نه‌مانی كۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێ دیسان دۆخی ئێران هه‌ر له‌ جێگه‌ی خۆی ده‌بێ، چون به‌ له‌به‌رچاو گرتنی پتانسییه‌ل و هێز و مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورد به‌ دژی كۆماری ئیسلامی و به‌ گشتی پێگه‌ی به‌هێزی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هیچ ده‌وڵه‌تێك ناتوانێ قه‌زییه‌ی ئێمه‌ی نادیده‌ بگرێ و من وه‌ك خۆم لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌مریكاییه‌كان بۆ ئه‌م خاڵه‌ گرینگه‌ زیاتر ڕابكێشم.

كاك خالید هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد كه‌ به‌دوای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سرنجی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی زیاتر ڕاكێشێ بۆ كه‌یسی تیرۆری شه‌هید دوكتور قاسملوو و له‌ ڕێی ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ئه‌م باسه‌ به‌دواداچوونی بۆ بكا و هه‌روه‌ها كرده‌وه‌ی تیرۆریستی مووشه‌كبارانی قه‌ڵای حیزبی دێموكراتیش به‌ یه‌كی تر له‌م دۆسییانه‌ دانا كه‌ له‌باری حقووقی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌بێ بخرێته‌ كاناڵی یاسایی خۆیه‌وه‌ بۆ ئیدانه‌ كردنی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی.

له‌ كۆتایی سمیناره‌كه‌دا هه‌ندێ پرسیار له‌ لایه‌ن میدیاكارانی بیانی و كورد و هه‌روه‌ها شرۆڤه‌كارانی سیاسی ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان كرا كه‌ به‌ ته‌سه‌لی وڵامی ئاماده‌بووان درایه‌وه‌.