٣١ی پووشپەڕ ساڵرۆژی کیمیابارانی ئاوایی “زەردە”ی کرماشانە.
لەو کارەساتەدا نیزیک بە ٢٨٧کەس شەهید کران و زیاتر لە ١٢٦٤ کەسیش بریندار بوون.
ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی چوار رۆژ دوای تێپەڕبوون لە رێککەوتنی ٥٩٨ بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، بەداخەوە ڕێژیمی دڕندەی بەعس خەڵکی بێتاوانی ناوچەی داڵاهۆی کرماشان ، بەتایبەتی ئاوایی زەردەی کردە ئامانجی بوردۆمانی شیمیایی و، جەنایەتێکی دیکەی لە هەقی گەلی کورد خوڵقاند.
هاوکات لەگەڵ کیمیابارانی ئاوای زەردە لە هەمان رۆژدا چەند گوند و ناوچەی دیکەی کرماشان وەکوو نسارەدێره، نسارەدێرەی ژوورو، شامار دێره، شێخ سەڵە و چەند گوندی دیکە کیمیاییباران کران.
جیا لەوەی کە ئەو کارەساتە بەرهەمی زێدەخوازی کۆماری ئیسلامی و یەکێک لە نەگبەتییەکانی شەڕی ئێران و عێراقە، بەڵام ئەوەی کە جێگەی داخە، پاش کۆتایی هاتنی شەڕ و تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ بە سەر ئەو کارەساتە هێشتا بریندارانی کیمیاباران لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەرین و، لە سادەترین ماف، کە هەمان هەناسەکێشانی بێئازارە بێبەشن.
بە گوتەی بەرپرسی پێشووی شوڕای ئاوایی زەردە، هەر ساڵ ٢٠ کەس بە هۆی شێرپەنجەی خالییەوە گیانیان لە دەست دەدەن و، هەروەها زۆرێک لە بریندارانی ئەو شیمیایی بارانە بۆ دابینکردنی دەواو دەرمانەکان لە گەڵ کیشە ڕووبەڕوون و، تەنانەت لە هەبوونی “دەفتەرچەی بیمە” کە تایبەتە بە پێڕاگەیشتنی دەوڵەتییە مافیان پێشێلکراوە.
ئاوایی زەردەی کرماشان یەکێک لە ناوەندەکانی کوردانی یارسانە و هەرئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ پەرواێز خستن و، هەڵاواردنی سیستەماتیک لە لایەن دەسەڵاتەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە هەمووساڵێک لە ساڵڕۆژی ئەوکارەساتە هێندێک چالاکی دەکرێت، هەتا هاواری خنکاوی برینداران و هاونیشتمانییانی زەردەی داڵاهۆ بە گوێ دەسەڵات و ناوەندە پێوەندیدارەکان بگات، بەڵام هێشتاکە کۆمەڵێک لە گیروگرفتی خەڵکی کارەسات لێدراوی ئەو دەڤەرە وەکوو خۆی ماوەتەوەو، زۆرێک لە داواکارییەکانیان لە سەرمیزی کاربەدەستانی ڕێژیم تۆزی خەمساردی لێنیشتووە.
ساڵی ٩٥ی هەتاوی ٥٥ کەس لە مافناسان و پارێزەرانی کورد و غەیرە کورد لە تۆی نامەیەکدا ڕوو بە حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران، داوایان کردبوو کە لەوە زیاتر مافی هاونیشتمانییانی کیمیاییبارانی ناوچەکانی کوردستان ( سەردەشت، مەریوان، نۆدشە) بەتایبەتی ئاوایی زەردەی کرماشان پێشێل نەکرێ.
ئەو ٥٥ مافناس و پارێزەرە داواکاریی خۆیانیان لە ١٤ خاڵ گەڵاڵە کردبوو، کە یەکێک لەو خاڵە ئاماژە بەوە دەدا کە نابێ باوەڕمەندبوون بە ئایینی یارسان لە نێو خەڵکی زەردەی کرماشان ، هۆکاری ئەو هەموو خەمساردی و کەمتەرخەمییە بێ کە لە ئاستی ئەو کارەساتە دەبیندرێ.
بە گوتەی یەکێک لە بەرپرسان تائێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس بە هۆی شیرپەنجەی خوێنەوە گیانیان لە دەستداوە و هەموو ساڵێک دەیان حاڵەتی منداڵ لەبارچوون ڕوو دەدا و، پاش تێپەڕبوونی ٣١ ساڵ بە سەر ئەو کارەساتە هیچ گۆڕانێک لە دۆخی خەڵکی لێقەوماو و ئاوایی “زەردە” بەدی ناکرێ.