Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 19/08/2019 | کاتژمێر:
ئێران

ئه‌نجومه‌نی‌ زانستیی نه‌شته‌رگه‌ران: سه‌رانه‌ی‌ ٤ دۆلاری‌ بۆ ده‌رمان له‌ ئێران جێی‌ شه‌رمه‌زارییه‌

18/08/2015 | 06:13:14
+A
-A

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ زانستیی نه‌شته‌رگه‌رانی‌ گشتیی ئێران وێڕای‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رانه‌ی‌ ده‌رمانی‌ هه‌ر نه‌فه‌رێك له‌ ئێران ٤ دۆلاره‌، گوتی‌ كاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت‌ بابه‌تی‌ سه‌رانه‌ی سڵامه‌تی‌و ده‌رمانییان بۆ گرینگ نییه‌.
بێهزاد ڕه‌حمانی وێڕای‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ که‌رتی بیمه‌ به‌هێزتر بكرێ، گوتی‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بزانێ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ده‌وڵه‌تیدا‌ قوناخی‌ چاره‌سه‌ریی له‌ كورت ماوه‌ترین زه‌مه‌ندا به‌ كه‌مترین تێچوو ده‌کرێ، چۆن به‌مه‌‌ ڕازی ده‌بێ كه‌ سه‌ردانی‌ پزیشك له‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ بکاو تێچوویه‌كی‌ زۆری دیكه‌ش وه‌ك به‌رتیل به‌ پزیشك بدا؟
ناوبراو ده‌ڵێ كاتێك كه‌سێك ده‌فته‌رچه‌یه‌کی‌ بیمه‌ ناكارامه‌ی‌ پێ بێ، ئاماده‌یه‌ ته‌نانه‌ت ماشێن‌و فه‌ڕشی ماڵه‌كه‌شی بفرۆشێ تا نه‌خۆشه‌كه‌ی له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تداو له‌ نه‌خۆشخانه‌ ناده‌وڵه‌تیه‌کاندا چاره‌سه‌ر بكا.
ڕه‌حمانی‌ وێڕای‌ داننان به‌ په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی‌ ژێرمێزی‌‌وبه‌رتیلخۆریی پزیشکان هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌‌ ناكارامه‌بوونی‌ كه‌رتی‌ ده‌وڵه‌تی‌‌و بیمه‌كان گه‌رانده‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێ كاتێك خه‌ڵك له‌ خزمه‌تگوزاریی له‌م دوو كه‌رته‌ ڕازی بن به‌رتیل یات ژێرمێزی‌ به‌ پزیشكان ناده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هیچ هۆكارێك بۆ ئه‌م كاره‌ نامێنێ.
ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ خاڵێكی‌ دیكه کێشه‌ی خه‌ڵک‌و که‌رتی ته‌ندروستی‌ سه‌رانه‌ی‌ ده‌رمانه‌. سه‌رانه‌ی‌ ده‌رمان پاره‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ هه‌ر كه‌سێك له‌به‌ر چاو ده‌گیردرێ‌و له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان بۆ نموونه‌ تورکیه‌ سه‌رانه‌ی‌ ده‌رمان ٩ هه‌زار دۆلاره‌، له‌ وڵاتی‌ كانادا ١٣ هه‌زار دۆلاره‌، به‌ڵام له‌ ئێران ته‌نیا ٤ دۆلاره‌.
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ زانستیی نه‌شته‌رگه‌رانی‌ گشتیی ئێران ده‌ڵێ كاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت‌ بابه‌تی‌ سه‌رانه‌ی سڵامه‌تی‌و ده‌رمانییان بۆ گرینگ نییه‌و ئه‌وه‌ جێی داخ‌و شه‌رمه‌.