Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 17/07/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

بۆ ڕوحی پیرۆزی قاسملوو

06/07/2019 | 22:18:56
+A
-A
کەریم فەرخەپوور

لە سەدەی پێشکەوتندا

لە مەملەکەتی یاسا و قانووندا

لە پێتەختی دێموکڕاسی، لە لانکی پێشکەوتن و عەداڵەتدا

لە سەدەی بیست، لە هەناوی ئورووپادا

لەسەرمینبەری کلیسا، لە بەردەمی پاپادا

ئاشتیخوازێک، مافخوراوێک، پێشمەرگە و سەرکردەیەک لە خاچ درا،

قاسملووی کورد تیرۆرکرا

نیشتمانێک ڕەشپۆش کرا

ئاسمان خڕۆشا گەردوونی گریاند

گۆڕ لەرزی و زەوی هەژاند

بەڵام ئەهلی کتێب و یاسا تا ئێستا کپ و بێدەنگ هەر لە خەودان

لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەوە

لە تەکیەی تاریک پەرستانی جەمارانەوە

لە کۆشکی جیهاد و جینایەت و ئەنفالەوە

ڕەوەی دڵڕەش و قین لە دڵ

بەدەمامک و شمشێرەوە

بۆ زەماوەندی مەرگی فریشتەیەک

هاتنە ناوەندی خۆرئاوا

لە ڤییەنی شۆخ و شەنگدا

لە باوەشی بووکی ڕازاوەی ئورووپادا

مەرگیان بە باڵای قاسملوو بڕی

لە بیابانی غوربەتدا

لە شەوەزەنگی سیاسەت و بێدادیدا

لەناو گڕی باڕوت وگوللەدا

ڕوحیان سووتاند

قاسملوو و هاوڕێکانی شەڵاڵی خوێن و

خوێنڕێژانیش بە پەنجەمۆری خوێناوییەوە

بە دەهۆڵ و زوڕنای مەرگەوە

بە بەردرگای کۆشکی خاوەن شکۆدا

لەنێو ئاپۆرای بازرگانان و سیاسەتواناندا

بە کەژاوەی ڕازاوەی سیاسەتی بەرژەوەندی و درۆ، لەژێر چارشێوی مەغول و هیتلێردا

لەژێر سێبەری ئینجیل و خاچەکەی عیسادا

بەرەو بارەگای جەهل و جەهالەت

بەرەو کۆشکی ئەهریمەنیی هۆلاکۆ بەدرەقەکران

داد و دێموکڕاسیش متتەقیان لێوە نەهات

لەمێژ ساڵە لە کوردستانی داگیرکراودا

خاکی کورد و مافی کورد و نەوتی کورد

کلیلی دەروازە داخراوەکانی نێوان زۆرداران ودەوڵەتانن، بەڵام بۆ یەکەم جارە لەمێژوودا

لەسەرمینبەری کلیسا، لەسەر تابووت و تەرمی کورد، مزگەوت و کلیسا بەیەک دەگەن

قەشە و ئاخوند شمشێر و خاچ لەیەک دەگەن

دەرگای دادگا گاڵە دەدرێن، حەق و یاسا لەنێو دەبرێن

بێتاوان تاوانبار و تاوانبارخەڵات دەکرێن

ئەی سیاسەتوانانی کۆشک و کلیسا

سەدان ساڵە بە بێتاوان لەناو دەبرێین

ساڵەهایە خوێنمان دەڕژێ و دەکوژرێین

زەمەنێکە هەقمان دەخورێ وهاوار دەکەین

هەتا کەی کپ وبێ دەنگن؟

هەتاکەی ئاشقی زێڕ ونەوت وگەنجن؟

تاکەی تەماشاچی مەرگی ژن وپیاو  و پیر و گەنجن؟

تاکوو ئێوە وا بێدەنگ بن

تا کڕنۆش نەبەن بۆ سەر گۆڕی شەهیدی من

تا لە کریسمەس ڕۆشن نەکەن مۆمێ لەسەر مەزاری ڕێبەری من

تا تاجەگوڵینە دانەنێن لەسەرگۆڕی سەربازی ون، تا شەرمەزار نەکەن دژمنی خوێنڕێژی من

تا پێرلاشێز ئارام نەگرێ لە ئاهو حەسرەتی میوانی دووروڵاتی غەریبی من

تا لەسەر ئیڤێل لێ نەدرێ جاڕی مافخوراوی شەهیدی من،

لێرە لەم مینبەرەوە لە بناری قەندیلەوە، لە ماڵەکەی قاسملوووە تا ئورووپا ، هەموو ڕۆژێ، هەموو ساڵێ، لەبەر دەرگای پارلمان وکلیساتان، لەبەر پەنجەرەی هەموو ماڵێ،

لەگشت شەقامێ، لەنێو هەموو گوندێ، لە ناوەندی هەموو شارێ، لە هەموو مێدیاکانی جیهانەوە هاوار دەکەم، تا دەهەژێن کۆشک و تەلار، تا ڕیسوا بێ هاودەست و دۆستی زۆردار،

هەمووجارێ لەگەڵ زەنگی کلیساتان هاوار دەکەم تا ویژدانە نووستوەکان لە خەو ڕابن، هاوار دەکەم تا گوێچکە ئاخنراوەکان، دەرگا داخراوەکان

دەکرێنەوە

هاوار دەکەم تا ئەو ڕۆژەی یاسا و داد ودادوەرتان شەرم دەیگرێ،

هاواردەکەم

تا ئەو ڕۆژەی رۆحی پیرۆزی قاسملووی کورد ئارام دەەگرێ