Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۵ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 17/10/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

دوکتور قاسملوو؛ ڕێبازێک بۆ ڕووناکبیری کورد

06/07/2019 | 21:56:36
+A
-A
شاڕوخ حەسەن‌زادە

دوکتور قاسملوو؛ ڕێبازێک بۆ ڕووناکبیری کورد

(کورتەمێژوویەکی ڕەوتی ڕووناکبیریی کورد)

(2-1)

 

لە بنەڕەتدا چەمکی ڕووناکبیری (intellectualism) بە مانای جیاکردنەوە و هەڵاواردنی دوو بابەت لە یەک مژاردا دێ. کەواتە دەبێ بڵێین نەریتی ڕووناکبیری واتای بەجیا شەنکردنی دوو باس لە یەکتری و شرۆڤە کردنیەتی! یا بە واتایەکی تر ڕووناکبیر کەسێکە بوێرانە بێ هیچ چاوەڕوانی و بەرژەوەندییەک ڕەخنە لە نەریت، هێز و دەستەڵات بگرێ و بەو زانست و جیابیرییەی بەرگری لە مافی بابردەڵە بکا. بەشێوەیەکی گشتی ئاکامی ڕووناکبیری سێ مۆدێڵ و ڕەهەندیی «شێوازی زانستی»، «بەختەوەریی و ئاسایش» و  بێرمەندی(فایدەگرایی) لێ دەردەقوڵێ.

بێگومان سەربەندی «نوێبوونەوە» مڵکی ڕۆژئاوایە. ڕینسانسی ئورووپا کە بە لەبیرکردنی سەرجەم باوەرەکانی ئاسمانی، بوون و مرۆڤ دەستی پێکرد دوو ڕەوتی هزری نوێی دامەزراند: یەکەم، ئاوەزمەندی یا ڕاسیۆنالیزم. دووهەم،  هەستمەندی یا ئەمپریسیزم.

ئاوەزمەندی بە دێکارت دەستی پێکرد و لەسەر خوانی کەسانی وەک سپینۆزا، نیتز و هێگڵ گەیشتە سەرچڵەپۆپەی خۆی و، هەستمەندیش بە ڕای کەسانی وەک فرانسیس بیکەن دەستی پێکرد و جان لاک، برێکڵی، هیوم و میل بەسەریدا زاڵ بوون.

ڕاسیونالیزم پشتی دە مەعریفەی ئەوپەر ئاوەزی کرد و بەگژ بەشێک لە لایەنەکانی «هەستی» داهات، وشەی «ڕووناکبیری» ئالێرەدا گوورا کە ڕاسیۆنالیستەکان بەپێی ڕوونبوونەوە و ئاشکرا کردنی ڕاستییەکانی «هەستی» بە باوەر و هزری خۆیان، پێناسەی ڕووناکبیریان بۆ خۆیان هەڵبژارد. ڕووناکبیر بە کەسێک دەگوترا کە دژی هەرجۆرە ڕاستی و حەقیقەتێک کە سنوورەکانی ئەوپەر ئاوەز ببەزێنێ و شاردراوە و نهێنی بێ و سوڕ و حەشاری هەبێ، دەگوترا. بەڵام سەردەمی ئاوەزمەندی دوای گەیشتن بە لووتکە، لە سەدەی حەڤدە و هەژدەی زایینیدا وردە وردە داکشا و جێگای بۆ هەستمەندی لێژ کرد. هەستمەندی لایەنی ئاوەزی جیهانی و مرۆڤیشی ڕەد کردەوە و هەموو مەبەست و لێکدانەوی ڕاستییەکانی بانخۆزاو و مێتافیزیکیشی بە بێمانا شرۆڤە کرد. ڕووناکبیرانی ڕۆژئاوایی بە ڕەدکردنەوەی نهێنییە شاردراوەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ گرینگییان بە مرۆڤ دا و بایەخ و بەهای ئەویان لە ڕاستیەکانی سرووشتدا؛ لەدوو دا. ئەوە بوو کە «ئۆمانیزم» وەک ڕەگ و ڕەچەڵەکی ڕەسەنی تێفکرینی چاخی ڕەوشەنگەری پشکووت و لە نەبوونی متمانە و باوەر بە جیهانی غەیب، ماکی مرۆڤیان کردە پێوەری ناسین و لە جێگای خوای خوڵقێنەر قوت کردەوە. بوونەوەرێکی وەها بەو هەمووە گرینگییە و بایەخەوە نابێ سنووردار و بەستراوە بێ، هەر بۆیە «لیبرالیزم» بناخەی دووهەمی تێفکرینی جیهانی نوێ بوو. ئۆمانیزم و لیبرالیزم وەک دوو هزری نوێ و پێشکەوتووی چەمکی ڕووناکبیری، مەعریفەی ئۆلی و نەریتە کلاسیکەکانی ڕەد کردەوە بە یەکجاری یاسای کردە گرێبەستی کۆمەڵایەتی، گرێبەست و بەڵێنییەک کە متمانە و بایەخی کۆمەڵگەی تێدا شەقڵ گرت. ئەلێرەدا بوو کە ناسیۆنالیزم لە حاڵیکدا کە یاسای پەیمانی، سەر بە سنوورە دیاریکراوەکانی جوگرافیایی بێ و ئەنتێرناسیۆنالیزم، بە پێچەوانەکەی لەدایک بوو.

ئەم چەمک و مەفهوومانە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئێراندا خوێندبوویان هاوکات دەگەڵ بزووتنەوەی مەشروتییەت هاوردەی ئێران کران و جێگای وشەی «نەتەوە» و «نیشتمانپەرەوەری» گرتەوە.

بەڵام ڕووناکبیری بە مانا مۆدێرنەکەی خۆی دوای بێتاوان بوونی ئاڵفرێد درێفووس لە فەرانسە کەوتە سەر زاران و بە نووسینی نامەی پشتیوانی ئێمیل زۆلا و واژۆکردنی ٣٠٠ کەس لە بیرمەندان و ژۆرنالیستەکانی ئەم وڵاتە هەموو جیهانی ڕۆژئاوایی داگرت کە ئاکامەکەشی دواتر(نزیک ٥٠ ساڵ دواتر) دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو!

دوای شکانی قەجەرەکان لە وڵاتی (مەمالیکی مەحرووسەی قەجەر) لەشەڕ دەگەڵ ڕووسەکان، شەبەنگی هەڵکەوتەی ئەو مەملەکەتە دەستیان بە خەسارناسی ئەو شکان و دۆڕانە کرد. «عەباس میرزا»، کوری فەتحەلی شا کەسانێک لە لاوانی سەر بە حکومەتی هەڵبژارد و بۆ درێژەپێدان بە خوێندن و خۆپێگەیاندن و دەست وێڕاگێشتن بە زانستی ڕۆژ بەتایبەت بە زانستی نیزامی ناردە دەرەوە کە لە یەکەم کەسەکان «تاڵبۆف» و «میرزا مەلکم خان» بوون. بەڵام دواتر بە هاتنەمەیدانی کەسێک وەک ئەمیرکەبیر مەدوای نێوان چاکسازیخوازان و موحافیزەکارەکان زیاتر بوو و زانست پتر پەرەی پێدرا. لە کاریگەرترین ڕووناکبیرانی ئەو سەردەم دەتوانین ئاماژە بە «میرزا فەتحەلی ئاخوندزادە»ی تەورێزی بکەین کە ڕینسانسێکی نوێی لە مەماملیکی مەحرووسەی قەجەر دەست پێکرد و بەدژی نەریتی نەشیاوی دەرباری قەجەر و کولتووری گەلانی ڕۆژئاوا تشتی دەنووسی. کەواتە دەبێ بڵێین سەردەمی «شۆڕشی مەشروتییەت» پڕشنگدارترین چاخی ڕەوشەنگەری و ڕووناکبیران بووە و بە دامەزراندنی یەکەم ڕۆژنامەکان هزر و ڕوانینی بەتایبەت فەیلەسوفانی فەرانسی کەوتە سەر لاپەرەکان و نوێبوونەوەیەک لە ئێرانی ئەو سەردەمدا ڕووی دا، هەڵبەت دواتر (لە نێوەراستەکانی دەیەی پەنجاوە بۆ ژوور)چینێک لە ڕووناکبیرانی ئۆلیش» Religious Intellectualism « سەریان هەڵدا (مستەفا مەلەکیان، سرووش، موجتەهیدی شەبستەری، د.عەلی شەریعەتی و…) و لەم بەشەدا چالاک بوون و هزری نوێی خۆیان پاراو دەکرد و بڵاوەیان پێدەکرد.

کوردستانیش لەم ڕەوتەی پێشڤەچوون و نوێبوونەوە جیا نەبوو و ئێلیتی کوردیش زۆر خۆی دەگەڵ دوای چاخی ڕێنسانسی ئورووپا هاوتەریب دەکرد هیندێک بەتایبەتی تر بەشی باکووری کوردستان کە بە هۆی ژێئۆپۆلۆتیک، هەڵکەوتەی تایبەت، نزیکایەتی دەگەڵ سنوورەکانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵێک هۆکاری تر بیری دژ بە هیندێ نەریتی کلاسیک و نوێبوونەوە بە تایبەت لەمەڕ جیهانبینیی نەتەوەیی دوای سەدەکانی حەڤدە و هەژدەی زایینی لە ڕۆژئاوا، خۆی دە گۆمی ڕووناکبیری نوێخوازی هاویشت! دەتوانین بڵێین ئەم ڕەوتە بە کەسایەتی ئەحمەدی خانی (١٧٠٦-١٦٥٠ ز) دەستی پێکرد و جیلی سەدەکانی کۆتایی شازدە و هەڤدە، هەڵکەوتەی کورد (فەقێ تەیران، حەریری، مەلای جزیری و…) بە زمانی وێژە و شێعر ڕەوشەنگەری نەتەوەیی و بیری نوێ و زانستیان بڵاو دەکردەوە. مەم و زینی خانی بەڵگەیە بۆ هاوتەریب بوونی زانستی وێژەیی دەگەڵ ڕۆژئاواییەکان و ئاوانگاردی ئەدەبی کوردی و شاکارێکی جیهانییە.

گەلێک لە ڕوانگەی فەلسەفی یونانی و ئیسلامی هێناویتەوە و تان و پۆی شێ دەکا و خۆشی وەک فەیلەسوف و سۆفییەکی مەزنی زانستی دەوارن وێنا دەکات، خانی لەم بەرهەمە ناوازەیەیدا بە دژی هیندێ بیر و نەریتی کۆمەڵگەدا دەرووخێ و هەموو ڕەهەندەکانی ژیان و خەبات و ئەوین شەن و کەو دەکا و لە بیری بەرەوپێشڤەچوون دایە، مەم و زین بۆ خۆئاگایی نەتەوەیی کورد شادەقە.

با ئەوەش بڵێین ئەگە لە فەرانسە «نوسترادامووس» لەبەر پێشگۆییەکانی ناوبانگی جیهانی دەکردەوە و خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکانی چەند سەد ساڵ دوای خۆی کردوە هەر ڕێک لە سەردەمی ئەودا و تەنانەت چەند ساڵ بەر لە نوسترادامووس، لە شارەزوور «ئێڵ بەگی جاف» (١٤٩٢-١٥٥٣ ز)ی یاری(یارسان) ئەو زانست و خوێندنەوە و پێشگۆییانەی هەبووە و زۆر جێ سەرنجن و تێڕامانن، بۆ میناک پێنج سەد ساڵ پێش باسی ئەمڕۆی ئێران و ڕووداوەکانی دوایی دەکا و دەفەرموێ…

تاعات بە مەجبووری دەبێ

دی بازاری بلووری دەبێ

چینی و فەخفووری دەبێ

گوڵبانگی جەمهووری دەبێ

هەروا بووە و هەروا دەبێ

 

یا لە درێژەدا دەڵێ…

دیوانی گورگ و مەڕ دەبێ

دەشتی بەغدا بە شەڕ دەبێ

گشتی بۆ زێڕ و زەڕ دەبێ

شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ

هەوا بووە و هەروا دەبێ

 

ئەحمەدی خانی بە هۆنینەوە و چڕینی شێعر و فەرهەنگی «نۆبار»ی زارۆکان (نەوبەهار) فەرهەنگی وشەی مناڵان شۆڕشێکی مەزنی هزری دەست پێکرد کە بە ڕای زۆرێک لە ڕووناکبیران و توێژەرانی زانستە مرۆڤایەتییەکان وەک باوکی ناسیونالیزمی کورد دێتە ناسکرن.

 

چ بکەم کوو قەوی کەسادە بازار

نینن ژ قوماش ڕا خەریدار

یەعنی ژ تەمەع دراڤ و دینار

هەریەک ژ مەرا وە بوونە دلدار

گەر علم تەمام بدەی بە پوولێک

بفروشی تو حکمەتی بە سوولێک

کەس ناکەتە مەیتەری خوە جامی

ڕاناگرتن کەسەک نزامی

 

خانیی نەمر لەو هۆنراوەیەدا ئەگەرچی نەختێک بێ هیوایە لە بێ بایەخ بوونی عیلم و زانست بەڵام پەنگ دانەوە و بڕەودان بە زانستی ڕۆژ بە پێویست دەزانێ و لە نەستی تێفکرینی خانیدا نوێبوونەوەیەکی هزری هەست پێدەکرێ. ناوبراو هەر بەوە ناوەستێ و بەردەوام ئاواتە خوازە گەلەکەی وەک گەلانی هاوسێ بە یەکگرتوویی و تەبایی هەوڵی دامەزراندنی حکوماتێک بدەن و لە ژێر سێبەر و ئالای ئەم دەوڵەتە خۆماڵییەی خۆمان سەرقاڵی عیلم و خوێندن بین کە ئەمە سەرچڵەپۆپەی هەست و نەستی شاعیرێکی کوردی سەدەی هەڤدەیە کە ئێستاشی دەگەڵ دابێ ئەم داخوازییە لای زۆرێک لە هەڵکەوتەی کورد هەڵتاوێن نەبووە! جەنابیان دەفەرموێ …

 

گەر دێ هەبوا مە ئیتفاقێک

ڤێکڕا بکرا مە ئینقیادەک

ڕووم و عەرەب و عەجەم تەمامی

هەمیان ژ مەڕا دکر غوڵامێ

تەکمیل دەکر مە دین و دەوڵەت

تەحسیل دەکرد مە عیلم و حیکمەت

 

هە لەو سەرووبەندی دا و لە سووچێکی تری کوردستانی مەزن خانای قوبادی (١٧٥٩-١٧٠٠ ز) کەسایەتیی هەورامی بە هۆنینەوەی شێعری

 

«هەرچەن مەواجان فارسی شەکەرەن

کوردی جە شەکەر بەڵ شیرین تەرەن

یەقینەن جە دوونیای پر ئەندێش

هەرکەس دڵشادەن وە زوان وێش»

 

شۆرشێکی زمانی و بیرکردنەوەیەکی نوێ دەڕوانێتە پرسی نیشتمان و تەنانەت وەک چاکسازیخوازێکی ئۆلیش دەوری هەبووە و دەڵێن یەکەم کەس بووە کە قورئانی پیرۆزی وەرگێراوەت سەر زمانی کوردی (بەداخەوە هەتا ئێستا هیچ نوسخەیەک لەو وەرگێرانە لە بەردەست دا نییە) بە مەبەستی تێگەیشتنی هەرچی باشتری خەڵقی کورد کە ئەمە لەو سەردەمدا ڕێک کارەکەی مارتین لۆتێرە کە کتێبی پیرۆزی ئینجیلی هێنا سەر زمانی ئەلمانی و شۆڕشێکی مەزنی دەست پێکرد کە ئاکامەکەشی گوورانی پرۆتستانیزم بوو.

 

حاجی قادری کۆیی(١٨٩٧-١٨١٦ ز) ئەو شاعیرەیە کە بیری ئازادیخوازی، ڕخنەگرتن و بە گژداهاتنی هیندێ نەریتی باو و سەقەتەکانی کۆمەڵگەی وەبەر پڵار دا:

 

(هیچتان نەچووتنە گەردش وا تێدەگەن کە دوونیا

هەر پادشاهی ڕۆمە و شاهی عەجەم لە تاران)

 

یا دەفەرموێ:

 

«کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز

بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی

مەلا و شێخ و میر و پادشامان

هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی»

 

ئەمە ئەو لایەنی هزریی ڕووناکبیری هەڵکەوتە و ئێلیتی کوردە کە هاوکات دەگەڵ هزری کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دەچووە پێش و بە هۆنراوەی «کیم ئەز»ی جگەرخوێن(١٩٠٣-١٩٨٤ ز) بیری نەتەوایەتی، هەستی گۆڕانخوازی ڕوانگە و هزر لەسەر خوانی شاعیرانی کورد شەقڵی ئاسمان دەشکێنێ و بە گێڕانەوەی ڕووداوە دیرۆکییەکان و سەرکەوتن و نوشست و هەوراز و نشێوی گەلی کورد هەر پێ لەسەر زانست و ڕەوشەنگەری دادەگرێ.

یا ماه شەرەف خان ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵان (١٨٠٤-١٨٤٨) یەکەم مێژوونووسی ژن لە جیهان جگە لە بەرهەمە شێعرییەکانی لە سەردەمێکدا کە ژن هیچ بایەخەکێ نەبوو وەک ڕووناکبیرێکی نڤیسکار ڕەچە دەشکێنێ و ژنامە دێتە مەیدان.

یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ساڵی ١٨٩٨ (١٢٧٧ی ک.ه)، «کوردستان» بە هەوڵی ماڵباتی بەدرخانییەکان چەمکی ڕووناکبیری زیاتر برەو پێدا و تیشکێک بوو لە شەوی ئەنگوستەچاوی بەرەوپێشچوونی جیهانی و خۆ ڕێکخستن و نیشاندان و هەتا ڕادەیەکی باش ئەم ئامانجانەی پێکا:

یەکەم، ڕایەڵکەی پێوەندی نێوان کوردانی دەرەوە. دووهەم، هەوڵدان بۆ زەقکردنەوەی پرسی کورد. سێهەم، گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە فەرهەنگ و وێژەی کوردی بەتایبەت لە بەستێنی ڕووناکبیریی کوردی و چوارەم، پێک گرێدانی ڕۆژهەڵات ناسان و دامەزراوەکانی زانستی ڕۆژئاوایی دەگەڵ کوردستان.

 

بەداخەوە بە ڕێکی نازانین ئاخۆ یەکەم ڕۆژنامەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چ ساڵێکدا بووە، پێشتر دەگوترا کە حەوتوونامەی «ڕۆژی کورد» کە سەرەتاکانی ١٩٢٠ لە سەردەمی دەستەڵاتداری سمایل ئاغا(سمکۆی شکاک  ١٨٨٧-١٩٣٠ز) لە ڕەوتی شۆڕشی ناوبراو لەلایەن ماموستا مەلا محەممەدی تورجانی زادە لە ورمێ چاپ و بڵاو دەبۆوە و وەک یەکەم بڵاوکراوەی کوردی ڕۆژهەڵات دادەنرا؛ بەڵام توێژینەوەکانی ئەم دواییانە باس لەوە دکەن کە دوو بڵاوکراوەی «شەهابی ساقب» و «بیستون» لە ساڵەکانی ١٩٠٦ و ١٩٠٧ هەروەها بڵاڤۆگی «تەمەدون» لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٣ هەتا ١٩٠٥ لە کرماشان و سنە بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەشان کراون.

بەڵام دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و هاتنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ نێو جەرگەی وڵاتانی جیهانی سێهەم و مانەوەیان، ڕەوشێکی ڵێڵ و ناڕوون لە دژوازیی نێوان جیهانی مۆدێرن و سەردەمی کلاسیک بەتایبەت بە ڕوانگەی سیاسییەوە درووست بوو. لەم نێوەدا و لە دۆخی شپرزەی ئێرانی سەردەمی پاڵەوی کۆمەڵەی «ژێکاف» (١٣٢١) لەسەر دەستی ڕووناکبیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و، بەشی هەرە زۆری ڕووناکبیران بە تایبەت چالاکانی وێژەیی لەدەوری یەکتر کۆ کردەوە و بە بەشداری هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند(١٣٢٤) و بە بڵاوکردنەوەی بیری ناسیونالیستی دە ڕۆژنامەی «کوردستان» و چاپی یەکەم بڵاوکراوەی تایبەت بە مناڵان(گڕوگاڵ) و دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان؛ کەسایەتیی نەمر پێشەوا قازی محەمەدی وەک ڕێبەر و ڕەچە شکێنێکی مەزن وێنا کرد.

پێشەوا جیا لە کەسایەتییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هاوکات پێگەی ڕووناکبیریشی هەبووە، ئەگە بمانهەوێ لە چەمکی ڕووناکبیریی ئۆلی کەڵک وەرگرین، دەتوانین بڵێین قازی محەمەد لە یەکەمەین کەسەکانە کە وەک ڕووناکبیرێکی ئۆلی، زیاتر لە ٧ دەیە پێش لەو کۆمەڵگە نەریتی و کلاسیکەی کە ئایین و باوەڕەکانی ئایینی لەوپەڕی خۆیدا بووە؛ بە دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان، سوێند خواردن هاوکات بە قورئانی پیرۆز و بە ئاڵای کوردستان و… ڕێفۆرمێکی دینی دەست پێکردوە و کرانەوەیەک و ڕوانگەیەکی نوێی لە کۆمەڵگەی چەقبەستووی ئەوکاتی کوردستان خوڵقاند.