Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 17/07/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات” لە چەند سەردێڕێکدا

06/07/2019 | 21:48:12
+A
-A
سمایل شەرەفی

شوناسخوازیی نەتەوەیی

دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا، وێستگەیەکە بۆ دیاریکردنی دوو ڕوخساری «نەریت»ی و «مۆدێڕن»ی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان. ئیدی ئەوە نەریتی «خێڵایەتی» و «بنەماڵە» و «عەشیرە» نییە کە هەژموونی بەسەر بزووتنەوەدا هەبێ، بەڵکوو لەم ڕێکەوتە بەولاوە ئەوە «بیر» و «هزر»ی نەتەوەیی میللەتێکی وێڵ و عەوداڵی ناسنامە و شوناسە کە ڕێبەرایەتیی خەباتێکی شەکەت لە شکست و سەرکوتکاری دەگرێتە ئەستۆ.

گەڕان بەدوا شوناسی نەتەوەیی و دەرککردن بە کەمایەسییە جەوهەرییەکانی خەباتی کورد لە ڕابردوودایە کە حیزبی دێموکرات ناچار بە دۆزینەوەی کەسایەتیی ئینسانی کورد دەکات و لە یەکەم دەرفەتی مێژووییدا «کۆماری کوردستان» ڕادەگەیەندرێ.

بووژانەوەی حیزبی دێموکرات لە سەرەتاکانی دەیەی پەنجای هەتاویدا بە داڕشتنی بەرنامەیەکی نوێ لە لایەن دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووەوە دەست پێ دەکات و لەسەر سێ ئەساسی؛ باوەڕمەندبوون بە مافی دیاریکردنی چارەنووس، پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان و، پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، خەباتی شوناسخوازانەی خۆی سەرلەنوێ دەست پێ دەکاتەوە.

لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەسەندکراوی کۆنگرەی سێهەمدا کە لە لایەن شەهید دوکتور قاسملووەوە نووسراوە، وێڕای شانازیکردن بە دامەزرانی کۆماری کوردستان، پێداگری لەسەر «درێژەدانی خەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان» دەکات. هەر لەم بەرنامەیەدا هاتووە کە حیزبی دێموکرات «بە پشت بەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیدا خەبات دەکات» و وێڕای ئاماژەدان بە «بێبەشبوونی گەلی کورد لە مافی دیاریکردنی چارەنووس»ی خۆی، ئەم مافە ئینسانییە بۆ خەڵکی کوردستان بە ڕەوا دەزانێ.

 

پشتبەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان

لە تەواوی نووسین و لێدوانەکانی شەهید دوکتور قاسملوودا، دەستەواژەگەلێکی وەک؛ «خەڵکی کوردستان»، «کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان»، «گەلی کورد» و «میللەتی کورد»، بوونێکی هەمیشەییان هەیە. خەڵکی کوردستان بۆ شەهید قاسملوو وەک ڕێبەری حیزبێکی میللی، سەرەکیترین تەوەری هەموو باس و لێکدانەوەکانی بووە.

دوکتور قاسملوو کە باس لە هۆکاری سەرکەوتنەکانی حیزبی دێموکرات دەکات، «پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان» بە هۆکاری هەرە گرینگ و لە پێشەوەی ئەوانی دیکە دەزانێ. لەم پێوەندییەدا دەڵێ: «زۆر جارمان باس لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی حیزبی خۆمان(حیزبی دێموکرات) کردوە. وتوومانە کە سیاسەتی ئوسوولی و واقعبینانە و بوونی هێزی پێشمەرگە و قارەمانەتیی پێشمەرگە، نوقتە قووەتی حیزبی ئێمەن، بەڵام لە هەمووی ئەوانە گرینگتر پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە».

دوکتور قاسملوو «پشتیوانیی خەڵکی کوردستان»، بە گەورەترین سەرمایە بۆ حیزبی دێموکرات دەزانێ و پێی وایە هەرچی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی ئەو حیزبە دەیکا دەبێ لە پێناو گەورەکردنەوە و پاراستنی ئەم «سەرمایە»دا بێ.

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە «خەڵک» تەنیا چین و تەبەقەیەکی تایبەتی نییە. بەڵکوو کۆی تەواوی دانیشتووانی کوردستانە کە لەژێر ناو و شێوازی جۆراوجۆردا دەچەوسێنەوە. بۆیە لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: «حیزبی دێموکرات بۆ وەدیهێنانی سێ ئامانجی گەورە پێک هاتووە و خەباتیشیان بۆ دەکا. یەکەم لابردنی ستەمی نەتەوایەتییە، دووهەم ستەمی چینایەتی‌ یانی چەوسانەوەی ئادەمیزادە و سێهەمیان ستەمی سیاسییە».

 

سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرز و جێی شانازییەکانی حیزبی دێموکرات «سەربەخۆیی سیاسی» و «سەربەخۆیی بڕیاردان»ـە.

هەرچەند پاراستنی ئەم ئەسڵە لە ڕێباز و تایمەتمەندییەکانی حیزبی دێموکرات، بۆ ئەم حیزبە و بە گشتی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێتێچوو نەبووە، بەڵام بۆ حیزب وەک ڕێکخراوێکی سیاسی کە خۆی بەرامبەر بە چارەنووسی میللەتێک بە بەرپرس دەزانی، «مێعیارێکی بنەڕەتی بووە.

ئەم بەها و بایەخە جەوهەرییە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێشەی بۆ خەڵکیبوونی ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە. ئەوەی کە حیزبی دێموکرات ئەم ڕێبازە لە خەبات دەگرێتە پێش و لە هیچ شەرایەتێکدا دەستەمۆ ناکرێ، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێز و پتانسێڵە پشت پێ ئەستوورەی کە بەردەوام هەستی باوەڕبەخۆبوونی تێدا بەهێز کردوە. ئەم هێزە شتێک نییە جیا لە ئیرادە و پشتیوانیی خەڵک.

دوکتور قاسملوو بە پشتبەستن بە ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی گەل و لەسەر ئەساسی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بەم جۆرە سەربەخۆیی سیاسی وەک مێعیارێکی بنەڕەتی بۆ حیزبی دێموکرات باس دەکا؛ «ئێمە بە خاتری دۆستایەتی قەت واز لە سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ناهێنین. بەڵام لەبەر خاتری سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ئەگەر پێویست بوو، واز لە دۆستایەتی دەهێنین. کەوابوو مێعیار بۆ حیزبی ئێمە سەربەخۆیی بڕیاردان و قازانجی میللەتەکەمانە.»

شەهید قاسملوو ڕەچاوکردنی سەربەخۆیی سیاسی بە یەکێک لە ڕەمزەکانی بەردەوامبوونی خەباتی حیزبی دێموکرات دەزانێ و دەڵێ: «نابێ لە بیری بکەین کە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان بۆ ئێمە سەرمایەیەکی گەورەیە. ئەو سیاسەتەی کە خۆمان بڕیارمان لەسەر داوە، ئەگەر چەوت و هەڵەش بووبێ، مادام دەستکردی خۆمان بووە، بە ئەرزشە. چونکی پێمان وایە هیچ کەس بە ئەندازەی خۆمان لە واقعییاتی کۆمەڵی کوردستان شارەزا نییە. بۆیە هیچ کەس لێوەشاوەیی بڕیاردانی لە جیاتی ئێمە نییە. جا ئەوە چ دەوڵەتێک بێ چ لایەنێکی تەنانەت دۆستمان».

 

هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی

«یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گەورەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات، پێکهێنانی «سپای میللی» بوو کە بە «هێزی پێشمەرگە» ناو نرا.

خودی دامەزرانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی نیزامێکی ڕێک و پێکی وەک «سپای میللی‌«دا کە لە کۆماری کوردستان و کابینەی وەزیراندا، خاوەنی وەزارەتخانە و وەزیری تایبەت بە خۆی بووە، جیا لەوەیکە شانازییەکەی بۆ حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە، لە نەوعی خۆیشیدا دیاردەیەکی نوێی بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیی کوردە کە داهێنەرەکەی هەر حیزبی دێموکراتە.

جێگە و پێگەی هێزی پێشمەرگە لە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا کە زۆری نەخایاند پارچەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتەوە، ڕۆڵێکی بەرجەستە و کاریگەری لە ناخ و «کەسایەتی»ی ئینسانی کورددا  گێڕا. «باوەڕبەخۆبوون» و «دڵنیابوون» لە «خۆپاراستن»، لە کەسایەتیی ئینسانی کورددا جێی بە بێهیوایی و دۆشدامان لێژ کرد و لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، «پێشمەرگە» بوو بە پێناسەیەکی هەردەم زیندوو بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی ویست و داخوازییەکانیدا.

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، «پێشمەرگە و خەڵک دەبنە دوو سەرمایەی سەرەکی و لێک جیانەکراوە». لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ:

«لە گەڵ ئەوەیکە بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکرات سەرمایەی هەرە گەورەمان پشتیوانیی گەلی کوردە، بەڵام هێزی پێشمەرگەش لە گەل جیا نییە و جیاش ناکرێتەوە. بۆیە پێشمەرگە و خەڵک دوو لا نین و من پێم وایە لە جێدا قسەکردن لە یەکگرتوویی خەڵک و پێشمەرگە دروست نییە».

 

ڕێزگرتن لە کەسایەتیی فەردیی ئینسان

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، ئینسان نەتەنیا مۆرە(کەرەسە) نییە، بەڵکوو ئامانجێکی هەرە پیرۆز و سەرەکییە. حیزب خۆی بە زەرف و کەرەسەیەک دەشوبهێنێ کە دەتوانێ وەک ئامرازێکی وڵامدەر بە قۆناغەکانی خەبات، خەباتکارە هاوئارمانج و هاوبیر و باوەڕەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە بۆ خزمەت بە ویست و داخوازەکانی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی کە ئایدیا و ویستی وەک یەکیان هەیە بەناوی میللەتێک.

ئەم لایەنە لە ڕوانین و خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پەیدابوونی کەسایەتییەک بە ناوی عەبدولڕەحمان قاسملوو دەبێتە بەرنامە و باوەڕێکی چەسپاو و تا ئێستاش حیزبی دێموکرات خۆی لەبەرامبەریاندا بە خاوەن و بەرپرس دەزانێ. لە حیزبی دێموکراتدا تاک، هاوکات لەگەڵ پێناسەکردنی ئەرکەکانی بە ڕوونی دەستنیشانی مافەکانی کراوە.

لە ڕوانگە و خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکراتدا، «تاک» لەگەڵ مەفهوومی «ئازادی»  ناوی هاتووە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو ڕوو بە ئەندامانی حیزبەکەی و پێشمەرگەکان ڕاشکاوانە دەڵێ: «هیچ نێعمەتێک لە جیهاندا لە «ئازادی» بەنرختر نییە. ئازادی کەرامەت و شەخسییەت دەدا بە ئینسان. ئازادییە کە ڕێگە نادا ئینسان بکرێ بە مۆرە. ئینسان دەبێ لە حاڵەتی مۆرە بێتە دەر و ببێتە شەخسییەت و ببێتە «فەرد»ێکی زیندوو و چالاکی نێو کۆمەڵ».

لەسەر ئەساسی ئەم تێفکرینانە بۆ پێگەی «فەرد» لە حیزبی دێموکراتدا، دەربڕینی بیر و بۆچوون –تەنانەت بیر و بۆچوونی موخالفی هەڵوێستی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتیش– ڕێگە پێدراو و ئازادە. ئەم تێڕوانینانە لە حیزبی دێموکراتدا کە بنەمایەکی مرۆڤتەوەرانەی هەیە تا دێ چەسپاوتر دەبن. بۆیە لە قۆناغەکانی دواتری ئەم حیزبەدا و دوای نەمانی شەهید دوکتور قاسملووش، مافی ئازادیی ڕادەربڕینی تاک، پاراستنی مافی کەمایەتیی فکری و سیاسی و … لە حیزبی دێموکراتدا چەسپاوە و بڕیاری لەسەر دراوە.

 

پشتیوانی لە بزاوتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان

باوەڕی حیزبی دێموکرات بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی گەلی کورد لە پاڕچەکانی دیکەی کوردستان، تەنیا ئیدیعایەکی ڕووتی سیاسی نەبووە و نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەیکە وەک پرەنسیپ لە بەرنامەی حیزبدا تۆمار و سەبت کراوە، بە کردەوە ئەم باوەڕە سەلمێندراوە. «هەر چەند مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێش ئەوەی کۆماری کوردستان ڕابگەیەندرێ، بارزانییەکان لە باشووری کوردستانەوە بە بەڕێوەبەریی سیاسیی مەلا مستەفا بارزانی و بەڕێوەبەریی ئایینیی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە دەست زوڵم و زۆری ڕێژیمی کۆنەپەرستی نووری سەعید، خۆیان دەرباز کرد و خۆیان گەیاندە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، پێشەوای حیزبی دێموکرات، شەهید قازی محەممەد و بەڕێوەبەریی حیزب بڕیاری هاوکاری و لەخۆگرتنی بۆ دەرکردن». پشتیوانی لە خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە هێندێک بڕگەی مێژووییدا هێندە پڕڕەنگ و دەروەستانە خۆی لە ڕەفتار و سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا دەنوێنێ کە، کەسی یەکەمی ئەم حیزبە بەکردەوە دەبێتە بەشێکی ئەساسی لە هەوڵی چارەسەری لە نێوان بزووتنەوەی کوردی بەشێکی دیکەی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی. لە شەستەکانی هەتاوی و هەشتاکانی زایینیدا، ئەوە شەهید دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو کە یەکەم هەنگاوەکانی لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژی ڕێبەرانی کوردی باشووری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەڵێنایەوە و لە چەند دانیشتنی نێوان هەیئەتەکانی نوێنەرایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و دەوڵەتی ئەوکاتی عێراقدا، ڕۆڵی نێوبژیوانی گێڕا.

 

وتووێژ وەک پرەنسیپ و شێوەیەک لە خەبات

هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، پێشەوای حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری کوردستان، شەهید قازی محەممەد دوو جار سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی پاشایەتیی محەممەدڕەزا شادا کەوتە وتووێژەوە. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا بە حوکمی ماهییەتە ئاشتیخوازانەکەی، باوەڕ بە «وتووێژ» وەک «پرەنسیپ» و « شێوازێک لە خەبات» چەسپاوە.

لەگەڵ ئەوەیکە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان و لە هەمووان زیاتر دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هیچ گومانێکیان لە ماهییەتی شەڕخوازانە و دژی گەلیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبوو، بەڵام دیسانیش «وتووێژ» وەک پرەنسیپێکی سەردەمیانەی خەبات سەیری دەکرا و لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، :»وتووێژ بە شێوەیەک لە خەبات» خوێدنەوەی بۆ دەکرا. بۆیە لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ:

«لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هیچکام لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی ئێمە دەستەبەر نابن. بەڵام حیزبی دێموکرات وەک نوێنەری زۆربەی خەڵکی کوردستان هەر کات بە پێویستی بزانێ، حەقی خۆیەتی لە پێناوی گەیشتن بەداخوازییەکانی گەلی کورد لەگەڵ ئەم ڕێژیم یا ئەو ڕێژیمدا وتووێژ بکا. چونکی وەک بنەمایەک ئێمە وتووێژ بە شێوەیەک لە خەبات دەزانین.»

هەرچەند باوەڕمەندبوون و پێداگری لەسەر ئەم «ڕێباز»ە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد  قورسترین و قەرەبوونەکراوەترین تێچووی لێ کەوتۆتەوە و، لێهاتووترین ڕێبەر، شەهید دوکتور قاسملوومان هەر لەم پێناوە و هەر لەم رێبازە و هەر لەسەر مێزی «وتووێژ» لەدەست دا، بەڵام دیسانیش حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایە کە، «دەگەڵ ئەوەی حاشای لێ ناکرێ کە ڕێژیم پێش هەموو شتێک -لە پێوەندی لەگەڵ داوای وتووێژ لەگەڵ ئێمە– بەدوای زەربەوەشاندن لە حیزب و کێشە نانەوە لەنێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو جۆرە ئامانجە دژی گەلیانەدا دەگەڕێ، وەک پرەنسیپ و شێوازێک لە خەبات، نابێ وتووێژ و دانووستان ڕەت بکەینەوە و هەر لەو کاتەدا دەبێ وشیاری نەخشە و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بین».

 

چەسپاندنی یەکیەتیی فکری و سیاسی

نەبوونی «یەکیەتیی فکری و سیاسی» لە بزووتنەوەکانی کورددا بە یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی تێکشکان و سەرنەکەوتنەکانی بزووتنەوە دادەنرێ.

دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە سەردەمی سکرتێریی خۆی لە حیزبی دێموکرات و تەنانەت پێشتریشدا لەوانەیە یەکەم کەس بووبێ کە هەستی بەم کەمایەسییە فکری و تەشکیلاتییە لە حیزبدا کردبێ. بۆیە بە نووسینەوەی بەرنامە بۆ حیزب لە سەرەتاکانی دەیەی پەنجای هەتاوی و، دژایەتیکردنی لەگەڵ پڕش و بڵاویی فکری لە ڕیزەکانی حیزبدا، هەموو هەوڵێکی داوە کە «یەکیەتیی فکری و سیاسی» لە حیزبدا دەستەبەر بێ و چەسپاو بێ.

دوکتور قاسملوو بە نووسینەوەی ڕێبازێکی فکری و تەشکیلاتیی ڕوون لە کۆنگرەی سیهەمی حیزبدا، کار لەسەر هەوڵ دان بۆ چەسپاندنی «یەکیەتیی فکری و سیاسی» لە حیزبدا دەکا. هەر لەم پێوەندییەدا لە بەشی «پێڕەوەی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەسەندکراوی کۆنگرەی سێهەم» بەڕوونی لە یەکێک لە خاڵەکانی بەندی سێهەمدا کە تایبەتە بە ئەرکەکانی ئەندامی حیزب هاتووە؛ «ئەندامی حیزب بە هەموو هێز و توانایەوە «یەکیەتیی تەشکیلاتی و فکری»ی حیزب بپارێزی.»

«یەکیەتیی فکری و سیاسی» لە حیزبی دێموکراتدا بە هیچ شێوەیە بە مانای «یەکدەستکردن»ی ڕیزەکانی حیزب نییە. بە واتایەکی ڕوون و سادەتر؛ بوونی یەکیەتیی فکری و سیاسی لە حیزبی دێموکراتدا بەو مانایە نییە کە هەموو ئەندامانی حیزب وەک یەک لەسەر پرسە سیاسییەکان بیر بکەنەوە و تەبەعییەت لە خوێندنەوەیەکی تایبەتی سیاسی بکەن. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو بە ڕوونی دەڵێ:

«پتەوکردنی «یەکیەتیی سیاسی و فکری»، ئەرکێکی بنەڕەتییە کە دەکەوێتە سەرشانی هەموو ڕێکخراوە حیزبییەکان. دیارە هەموو ئەندامانی حیزب لە بارەی مەسەلە سیاسییەکان وەک یەک بیر ناکەنەوە. ئامانجیش ئەوە نییە کە وەک یەک بیر بکەنەوە. چونکی ئەوە نە مومکینە و نە بە قازانجی تێکۆشانی حیزبیشە. مەبەست لەو یەکیەتییە، ئەستاندنەوەی داهێنانی فکری لە ئەندامانی حیزبی نییە. بیروباوەڕی جیاوازی دێموکراتیکی ئەوان، کلیلی چارەسەریی دروستی گیروگرفتەکانی حیزب بۆ بەرەوپێشچوونیەتی. بەڵام ناکرێ ئەندامی حیزبی دێموکرات بین و پێڕەوی لە زەمینەی فکریی حیزب و سازمانێکی دیکە بکەین.»

 

باوەڕمەند بوون بە دێموکراسی، وەک ئامانجێکی بەرزی سیاسی

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە «دێموکراسی» تەنیا دروشمێکی ئەبزاری و ڕواڵەتی نییە، بەڵکوو ئامانجە. چونکی ئەوە تەنیا بوونی دێموکراسییە کە دەتوانێ پاڕێزگاری لە دەسکەوت و نیزامی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستان بکا. پێشخستنی «دێموکراسی بۆ ئێران» لە دروشمی بنەڕەتیی حیزبدا، بە مانای رێخۆشکردن و ئامادەسازیی بۆ دابینبوونی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی «خودموختاری یان فیدڕاڵی»دایە.

لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: «دێموکراسیمان بۆیە دەوێ، چونکی هەم خودموختارییەکەمان دەپارێزێ هەم خۆمان حیزبێکی دێموکراتین و ئیمانێکی قووڵمان بە دێموکراسی هەیە، بۆیە دێموکراسی بۆ ئێمە وەک حیزبێکی دێموکرات، هەدەفە.»

دێموکراسی لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە تەنیا ڕەهەندێکی دەرەوەی حیزبی نییە کە تەنیا تایبەت بێ بە شێوەی ڕوانینی بۆ چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند یان دەسەڵاتی خودموختار یان فیدڕاڵ لە کوردستان، بەڵکوو ڕەهەندێکی قووڵی ئەم تێفکرینە، تایبەتە بە نیزام و قەوارەی نێوخۆیی ئەم حیزبەش و لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات تا ئێستاشی لەگەڵ بێ یەکەم ڕێکخراو و حیزبی سیاسیی کورد و ئێرانییە کە لە ڕێبازێکی ڕاستەقینەی دێموکراتیکدا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی میللیی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان دەکا.