Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 17/07/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

شرۆڤە چییە؟

06/07/2019 | 21:41:24
+A
-A
حەسەن شێخانی

شرۆڤەی “شرۆڤە” و باس لە چیەتیی شرۆڤە هەوێن و بیانووی نووسینی ئەم بابەتەیە.
کاتێک بۆ نموونە ڕووداوێک دەکەینە بابەتی شرۆڤە، ئەم ڕووداوە وەک خۆی نانوێنین. زەینی ئێمە ئاوێنە نییە کە شتەکانی دەرەوە، وەک خۆی بنوێنێتەوە. یەکەم ئەوەی کە ئاوێنەش بەپێی ئەوەی کە لە چی بگری و لە کوێوە لە شتەکانی بگری، شت و بەشی جیاوازی واقعیەتی تێدا ڕەنگ دەداتەوە؛ ئاوێنە ئەو بەشە لە واقعیەت دەنوێنێ کە لە بەرامبەریدا جێ دەگرێ؛ ئاوێنە لە دەست ئێمەدایە و ئێمەین کە دەمانەوێ لە چی بگرین و لە کوێوە تێی بگرین؛ واتە کۆنتڕۆڵی ئاوێنە لە دەست زەینی ئێمەدایە. دووهەم، چواندنی زەین بە ئاوێنە، چواندنێکی دروست نیە؛ چونکە ئاوێنە شتێکی ماددی و بێ‌ڕوحە و ئەوەی لە بەرامبەر ئاوێنەدا ڕایگری، وەک خۆی دەنوێنێتەوە. زەین لە جنسێکی دیکەیە، ڕوحییە، لە ڕەوتی زەماندا شکڵ دەگرێ و ڕێژەییە؛ واتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. کاتێک زەین لە ڕێگای هەستەکانی مرۆڤەوە شتێک یان پێدراوێکی پێ دەگا، وێنەیەکی زەینی لێ دروست دەکا و لێی تێ دەگا و لە ڕێگای ئەو چەمک و ئامرازە چەمکییانەی لە دەستی دان، تێی ڕادەمێنێ و پرسیاری جۆراوجۆری بوونناسانە و مەعریفەناسانەی لەمەڕ دروست دەکا و بەدوای وەڵامدا دەگەڕێ. لەبەر ئەوەی زەینەکان لە ڕووی نێوەرۆکی چەمکییەوە لە یەکتر جیاوازن، تێڕوانین و پرسیار کردن و تێگەیشتنیان بۆ پێدراوەکان جیاوازە. بۆچی دەڵێین کاتێک زەین لە ڕێگای هەستەکانی مرۆڤەوە شتێکی پێ دەگا، چونکە بنەمای ناسین و مەعریفە ئەزموونی هەستی (حسی)یە و زمانیش کە مرۆڤ لە حەیوان جیا دەکاتەوە و نێونجیی ناسین و مەعریفەیە، لە ڕێگای هەستەکانی مرۆڤەوە، شکڵ دەگرێ و لە زەینماندا جێ دەگرێ. بۆ ئەوەی باشتر لە بابەتەکە تێ بگەین، مرۆڤێک بێننە بەرچاوتان کە هەم کوێرە و هەم کەڕ، ئەو مرۆڤە زمان فێر نابێ، کە زمانیش فێر نەبوو، لە بنەڕەتدا ناتوانێ بیر بکاتەوە و وێنا و ئیماژان دروست بکا. ئەگەر هەستەکانی مرۆڤ دەرگا بن، زەینی مرۆڤ پەنجەرەیە. دیارە شتەکان کە لە ڕێگای هەستەوە دەچنە نێو زەینەوە، لە زەیندا هەڵدەشێلدرێن و دەگۆڕێن و دواتر دەکرێنە دەلاقە و پەنجەرەی مرۆڤەکان بۆ تێگەیشتن لە جیهان و دیاردەکانی ناوی. هەر مرۆڤێک لە دەلاقە و پەنجەرەی مێشکی خۆیەوە دەڕوانێتە جیهان و دیاردەکانی نێوی، بۆیە دیتنەکان و خوێندنەوەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن. لەو دیوی هەر پەنجەرەیەک و لەنێو ماڵی زەینی هەر کەسێک، کەڵکەڵەیەکی جیاوازی زانست و مەعریفە هەیە، بۆیە هەر کەسە و نیگایەکی هەیە و جۆرێک شتەکان دەبینێ و جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەیە.
ئەگەر واقعیەت و جیهانی دەرەوەی زەین بە شتێکی ناڕوونی تاریک بشووبهێنین و زەینیش بە تیشک و ڕووناکی، هەر زەینێک بەپێی ئەو توانا چەمکیانەی هەیەتی، ڕادە و بڕی ڕووناکییەکەی جیاوازە و لە گۆشەنیگایەکی تایبەتیشەوە لە شتەکان ڕادەمێنێ؛ واتە هەر کەس لە شوێنێکەوە و لە ئاسۆیەکەوە تێشکی زەین و مەعریفە لە شتەکان دەگرێ و ڕوونیان دەکاتەوە و پێناسەیان پێ دەبەخشێ. هەندێک کەس شتەکان ڕوونتر دەبینن و کەسانی دیکەش لێڵ و تاریک. هەر کەس بەپێی نێوەرۆک و پێکهاتەی زەینی، ڕەهەندێک و بەشێک لە واقعییەت دەبینێ (زەق دەکاتەوە) و دەیکاتە پێوانەی ناسین و پێناسەکردنی شتەکان. مرۆڤەکان بە چاویلکە و لە دەلاقەی جیاوازەوە لە شتەکان دەڕوانن، بۆیە هەم دیتنەکان جیاوازن و هەم هیچ دیتنێک لەگەڵ خودی واقعیەتەکە بەتەواوی یەک ناگرێتەوە. ئێمە شتەکان وەک خۆی نابینین، بەڵکوو وەک خۆمان دەیبینین. زەینی ئێمە بێلایەن و بێ ئاسۆ و بێ پەنجەرە نییە، هەتا شتەکان وەک خۆی ببینێ؛ ئێمە شتەکان بەو شێوەیەی ئەزموونیان دەکەین و بەو شێوەیەی دەیانبینین، پێناسەیان دەکەین، نەک بەو شێوەی لە خۆیاندا هەن. کەواتە هەمیشە لە نێوان دیتنی مرۆڤەکان و خودی واقعیەتدا مەودا و کەلێن هەیە و ئەو مەودایە هەر دەمێنێ و ئەو کەلێنەش قەت پڕ نابێتەوە. لێرەدایە کە پێناسە و خوێندنەوەکان لەگەڵ ئەوەی ڕێژەیەکی جیاوازی حەقیقەتیان تێدایە، نوێنەری حەقیقەتی ڕەها نین؛ لەسەر ئەم بنەمایەیە کە تا مرۆڤ هەبێ ڕەوتی پێناسەکردن و خوێندنەوە بەردەوام دەبێ و ئێمە لەگەڵ زنجیرەیەکی بێ کۆتایی پێناس و خوێندنەوەدا بەرەوڕووین. فاکتۆرێکی دیکە کە ئەم زنجیرەیە ناکۆتا دەکا، ئەوەیە کە مرۆڤ لە داهاتووە دەڕوانێتە ڕابردوو و بە ناسین و مەعریفەی داهاتوو، شتەکانی ڕابردوو سەرلەنوێ دەخوێنێتەوە و مانا دەکاتەوە و شرۆڤەیان دەکاتەوە. واتە پێکهاتە مەعریفی و زەینییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ دایاندەڕێژێتەوە و قەتیش دواشکڵ و فۆڕمی کۆتایی وەرناگرن؛ چونکە ئەو ڕەوتە تا مرۆڤ هەبێ و تا زەمان هەبێ و تا داهاتوو هەبێ، هەر بەردەوامە.
واقعییەت بەشبەش و پرشو‌بڵاو و ناڕێکخراوە. ئەوە زەینی ئێمەیە کە ئەو بەشانە لە پەنا یەک ڕیز دەکا، پێوەندیی ماناداریان لەنێواندا دروست دەکا و لە چوارچێوەی چەمکدا ڕێکیان دەخا و نەزمیان پێدەبەخشێ و لەم ڕێگەوە مانایان پێدەدا و ئەمەش دەبێتە “شرۆڤە”. شرۆڤە وەک فیلم وایە وێنە لە بەشە جیاوازەکانی واقعییەت هەڵدەگرێ و مۆنتاژیان دەکا. بە دەربڕینێکی دیکە، لە واقعیدا تەنیا ڕووداو و واقعیەتی جیاجیا و پێکەوە پێوەندیدار و پێکەوە ناپێوەندیدار هەیە کە زەین لە کۆی ئەوانەی پێوەندییان بەیەکەوە هەیە، چەمکی ئەبستراکت دروست دەکا و دەیکاتە پێناسەی ئەو ڕووداو و واقعیەتە جیاجیایانە.
واقعییەت لە دەرەوەی زەینی ئێمە و لە دەرەوەی چوارچێوە چەمکییەکانی زەینی ئێمەدا تێکەڵ‌پێکەڵ و ئاڵۆزە؛ ئەوە زەینی ئێمەیە لەڕێگای دەزگا چەمکییەکانی خۆیەوە سەرەداوی ڕووداوەکان دەددۆزێتەوە و وێکیان دێنێتەوە و مانایەکیان پێ دەدا. شرۆڤە پێناس و هاوبەشییە (ئایدێنتیتییە)، دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی وەکیەکییە. کارێک کە زەینی ئێمە دەیکا ئەوەیە کە لە بەشە جیاواز و پرشو‌بڵاوەکانی واقعیەت، هاوبەشی “دەدۆزێتەوە” و دەیکاتە مانا و پێناسەی واقعیەت. کاتێک دەڵێم دەدۆزێتەوە، مەبەست ئەوە نییە کە ئەو وەکیەکی و هاوبەشییە هەیە و زەینی ئێمە تەنیا ڕەنگی ئەداتەوە و دەینوێنتەوە، بەڵکوو لە دروستکردن و شکڵدان بەو هاوبەشییەدا بەشدارە. شرۆڤە بە زمان و لە زماندا دەکرێ؛ زمانیش زنجیرە یان پێکهاتەیەکی چەمکییە؛ کەواتە شرۆڤە چەمکییە (کۆنسێپتواڵە)؛ واتە لەو هاوبەشی و وەکیەکییە، کە سەرچاوەی عەینی و دەرەوەی زەینی ئێمەی هەیە، چەمکی لێ دروست دەبێ و زنجیرەی چەمکەکانیش دەبێتە شرۆڤە. بۆ نموونە چەندین ڕووداوی پرش‌وبڵاو ڕوو دەدەن و زەینی ئێمە بە پشتبەستن بە وەک‌یەکیی نێوانیان و گرێدراوییان بەیەکەوە، چەمکی “شۆڕش”ی لێ دروست دەکا.
شرۆڤە وجوودی چەمکیی واقعیەتەکانە؛ خودی چەمکیش ڕیگای وێنا کردنی شتەکانە لە زەینی ئێمەدا؛ هەر شتێکیش کە زەینی بێ، یان ڕەهەندێکی زەینی هەبێ، بمانەوێ و نەمانەوێ، ڕەهەندێکی ڕێژەییش وەردەگرێ. ئەگەر ئاوا لە شرۆڤە بڕوانین، ڕێگامان واڵا کردووە بۆ دیالۆگ؛ دیالۆگ و گفتوگۆ لەسەر بنەمای ئەو دیدە ڕێژەییە دروست دەبێ؛ ئەگینا ئەگەر مرۆڤەکان، دیتنەکانی خۆیان بە ڕەها بزانن، لەم حاڵەتەدا لەجیاتی دیالۆگ، ئانالۆگمان دەبێ، کە لە جەوهەری خۆیدا هەڵگری وەک خۆ لێکردن و سەپاندنە و ئەمەش دەبێتە توندوتیژی. فورمولەکان بەم شێوەن: ڕێژەگەرایی، دیالۆگ و وێکهەڵکردن؛ لە بەرامبەردا ڕەهابینی، ئانالۆگ و توندوتیژی. ئەگەر ئێمە پێمان وابێ کە واقعیەت ئەوە نیە کە هەرکام لە ئێمە دەیڵێین، بەڵکوو لە نێوان واقعییەت و شرۆڤەی هەرکام لە ئێمەدا مەدوایەک هەیە، بەستێنێکمان بۆ دیالۆگ و وێکهەڵکردن ئامادە کردووە. لەجێدا ئێمە شتەکان و واقعیەتەکان بەو شێوەیەی کە دەیانبینین و لە زەینی خۆماندا وێنایان دەکەین، دەناسین، نەک بەو شێوەیەی لە واقیعدا هەن. ڕاستە ئەو وێنایە (کە بە چەمک دەکرێ) بنەمای واقیعی هەیە، بەڵام لەگەڵ خودی واقعییەت یەک نییە. ئەگەر ئێمە ئاوا لە ناسین و شرۆڤە بڕوانین، خۆمان بۆ قبووڵی دیتن و ناسین و شرۆڤە جیاوازەکان ئامادە کردوەە. لە حاڵێکدا ئەگەر هەر کام لە ئێمە پێمان وابێ ئەوەی دەیڵێین، خودی واقعیەتە، دەرگامان لەسەر دیالۆگ، کە لە خۆیدا هەڵگری فرەچەشنییە، گاڵە داوە.
شرۆڤە “حل” کردنە؛ واتە لە “معلوم”‌ەوە بەرەو “مجهول” دەچین؛ هاوکێشە یان پرس یان شتێکی نادیار هەیە، دەمانەوێ لە ڕێگای شتە دیارەکانەوە، پرسەکە “حل” بکەین و وەڵامی بدەینەوە و لە ڕووی بەشە دیارەکانەوە، بە بەشە نادیارەکە بگەین. لەم پڕۆسەیەشدا لە فاکت و لۆژیک و ئارگۆمێنت کەڵک وەردەگرین و بە لەپەنا یەک دانانی چەندین بەش، وەک پێشەکی، بە ئاکامێک دەگەین. دیارە دەبێ ئاکام، دەرهاویشتەی لۆژیکیی پێشەکی بێ. ئیدیعای بێ ئارگۆمێنتی لۆژیکی، دەبێتە دروشم و ئاکامێکیش کە دەرهاویشتەی لۆژیکیی پێشەکی نەبێ، دەبێتە سەفسەتە. لەبەر ئەوەی کە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زۆر ئاڵۆزن و زۆر شتیان لە ئێمەوە دیار نییە، کە بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی حاشاهەڵنەگر پێویستن، بۆیە ئەو ئاکامەی لە بەرگی شرۆڤەدا دەخەینە ڕوو، ئاکامێکی تەواو و کەماڵ نییە و هەمیشە شتێک دەمێنێتەوە کە ئێمە نایبینین یان بە ناتەواوی دەیبینین. بۆیە ئەو ڕێژەگەراییە وەک پێویستییەکی لۆژیکی و مەعریفی خۆ دەنوێنێ و دەبێتە بەستێنی دیالۆگیش. خۆ ئەگەر بە زمانی تیۆلۆژی بدوێین دەڵێین عەقڵی مرۆڤ ناتەواوە و قەت تەواو نابێ و دەڵیین کە مرۆڤ و شرۆڤەی مرۆڤیش، پازێلێکن کە قەت تەواو نابن و هەمیشە بەش یان بەشگەلێک دەمێننەوە کە لەگەڵ بەشەکانی دیکە بەتەواوی نایەنەوە. مرۆڤ پرسێک نییە کە بە تەواوی “حل” بێ؛ دنیا و دیاردەکانی ناویشی، هەمیشە بەشێکیان وەک کێوی سەهۆڵ لەبن ئاودا دەمێنێتەوە و ئێمە نایبینین. تا دنیا هەبێ و مرۆڤ هەبێ، شرۆڤاندن بەردەوامە؛ مرۆڤەکان یان لە گۆشەنیگای نوێوە لە بابەتە باسکراوەکان دەڕوانن یان بابەتی نوێ دێننە ئارا و تێیان ڕادەمێنن. ئەگەر مرۆڤ بە قووڵی تێی ڕامێنێ ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێ کە ئەو هەموو ڕامان و شرۆڤەیە ئاخیرەکەی دەبێتە چی، بێجگە لە زنجیرەیەکی بێکۆتایی ڕامان و شرۆڤە!