Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۸ | 07/12/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

تایبەتمەندییەکانی دێموکراسی

06/07/2019 | 21:36:29
+A
-A
د. کامران ئەمین‌ئاوە

دێموکراسی و چەشنەکانی

کورتە باس

)تایبەتمەندییەکانی دێموکراسی (3-4

 

 

لە چەند دەیەی ڕابردوودا دێموکراسی وەکوو دیارەیەکی سیاسی_ مێژوویی، زۆربەی وڵاتانی جیهانی تەنیوەتەوە و سەرەڕای هەوراز و نەشێو لە ڕەوتی پەرەئەستاندن و گەشەکردنیدا، بۆتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ‌‌ئاکاری دەوڵەت و هێزە سیاسییەکانی جیهان. “لاچوونی حکوومەتە سەرەڕۆکانی پورتۆغاڵ، سپانیا و یوونان لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٧٠ و  دروستبوونی شەپۆلی دیکەی دێموکراسی لە سەرەتا و نێوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٨٠ لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا، هەروەها ئاسیا وەکوو کوریای باکوور، تایلەند و فیلیپین، هەروەها ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەتی و دەوڵەتانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا، و گۆڕانکاریی لە بەشێک لە وڵاتانی بیابانی ئەفریقا لە دەیەی ١٩٨٠ و سەرەتای ١٩٩٠ سیمای جیهانی تووشی گۆڕانێکی بەرچاو کرد. ساڵی ١٩٧٠ زایینی، زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە ژێر حوکمی حکوومەتە سەرەڕۆکاندا بوون، بەڵام بەپێی ئامارێک، هەتا ساڵی ١٩٩٥ لە ١٩١ وڵاتی جیهان، ١١٤ یان خاوەنی سێ شەرت و تایبەتمەندیی دێموکراسی بوون” واتە: هەبوونی ڕکەبەری و ڕێفراندۆمی بە ئینساف بۆ وەدەستهێنانی پلە و پایەی دەوڵەتیی بێ بەکارهێنانی زەبر و زۆر یان قرتاندن، هەروەها بێ بەشکردنی هیچ گرووپێک لە کۆمەڵگە و هەبوونی ئازادیی مەدەنی و سیاسیی بۆ زەمانەتکردنی سڵامەتیی ڕکەبەری سیاسیی‌. لەم چەشنە دێموکراسییەدا دەستەڵاتدارانی وڵات وڵامدەر و بەرپرسیارن بەرامبەر بە هاووڵاتییان و، خەڵک بە چەشنێکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نوێنەرانی هەڵبژاردەی خۆیانەوە حکوومەت دەکەن.

لێرەدا جیاوازیی حکوومەتێکی دێموکراتیک لە ڕێژیمەکانی دیکە لە شێوەی ڕاگوێزتنی دەستەڵات، بەرپرسیاریەتی و وڵامدانەوەی ڕێبەرانی وڵات بەپێی قانوونی بنەڕەتیی وڵاتەکەیە، کە لە لایەن زۆرینەی خەڵکەوە پەسەندکراوە. یاسای بنەڕەتی لێرەدا ئامرازێکە کە چوارچێوەی دەستەڵاتی حکوومەت دیاریی دەکا و پێش بە سەرەڕۆیی حکوومەت دەگرێ. واتە حکوومەتێک کە لەسەر بنەمای قانوونی بنەڕەتی پێکهاتبێ، حکوومەتێکە کە لە ڕێگای قانوونەوە هەم لە بواری دەستەڵاتی خۆی و هەم لە شێوەی بەڕێوەبردنی قانوونەکاندا، مەیدانی لێ سنووردار دەکرێ.  لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە هەر سیستمێکی خەڵک‌ساڵاردا _بێجگە لە بریتانیا، ئیسرائیل و زێلاندی نوێ_ قانوونی بنەڕەتی وەک بەڵگەیەکی دارێژراو هەیە. لە سیستمە سیاسییەکانی وڵاتانی وەکوو ئاڵمان و ئامریکا، دەستەڵاتی دادوەری مافی پێداچووونەوەی دادگەریانەی هەیە و بەپێی ئەو دەستەڵاتەی کە هەیەتی دەتوانێ ئەو یاسایانەی لە لایەن دەستەڵاتی یاسادانانەوە (مقننە) پەسندکراوە بەڵام لە دژایەتی لەگەڵ قانوونی بنەڕەتیی وڵاتەکەدایە، هەڵوەشێنێتەوە.

هاوکات لە حکوومەتێکی دێموکراتدا هاووڵاتیش خۆی پابەند بە ڕەعایەتی قانوون و قاعیدە دابینکراوەکانی وڵاتەکەی دەزانێ. بە گشتیی هاووڵاتیان لە دێموکراسییەکاندا خاڵێکی گرینگ و دیارن. هەر چەند تەواوی ڕێژیمەکان لە دەستەڵاتداران و خەڵک پێک دێن، بەڵام تەنیا لە دێموکراسییەکاندا مافی شارۆمەندان لەبەر چاو دەگیرێ و بەرابەریی سیاسیی تەواوی شارۆمەندان وەکوو خاڵێکی گرینگ لە ژیانی کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکرێ.

بەرابەریی سیاسی، حقووقی و ئاکاری(ئەخڵاقی)ی تەواویی شارۆمەندان یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی دێموکراسییە. واتە لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکدا شارۆمەندی پلەی یەک و دوو نییە و، هەر کەس بە یەک کەس دەژمێردرێ، نەک زۆرتر. بەرابەریی سیاسی لێرەدا بریتییە لە مافی هەر شارۆمەندێک بۆ بەربژێر بوون و دەنگدان. واتە کەس مافی زۆرتر لە دەنگێکی نییە و ڕێژەی دانیشتووانی ناوەندەکانی هەڵبژاردنیش بەلانیکەم دەبێ وەکوو یەک بن هەتا قورسایی هەر دەنگێک لە هەر کامیاندا کەم و زۆر بەرامبەر بمێنێتەوە.

بەرابەریی حقووقی بریتییە لە هەبوونی مافی پشتیوانی لێکران لە لایەن قانوونەوە، هەروەها زەوتنەکرانی مافی هیچ کەس بە هۆکاری ڕەگەزی، قەومی، جنسی و یان جۆری ڕەچەڵەک، بیر و باوەڕ و ئەندامەتیی گرووپێک یان هەبوونی کار و پیشەیەک.

بەرابەریی ئەخڵاقیش بەو مانایەیە هەر شارۆمەندێک (لە زۆربەی بوارەکاندا تەنانەت ناشارۆمەندانیش) پێویستە مافی لۆمەکردن و ڕێزگیرانی بەرابەریان لە لایەن قانوون و سیاسەتەکانی حکوومەتەوە هەبێ. هەروەها دەرفەتی بەرابەریان بۆ کار و پیشە، دەرس خوێندن، نیشتەجێبوون، مافە سیاسییەکانیان و کەڵکوەرگرتن لە سوود و قازانجی کۆمەڵایەتی و، بەشداری لە ڕکابەرییان بۆ مسۆگەر بکرێ.

ناکۆکیی سەلیقەکان لەسەر شێوە و سنووردارکردنی ڕکەبەری، سەرچاوەی زۆرترین جیاوازی لە نێو چەشنە جۆراوجۆرەکانی دێموکراسییەکان دایە. لەوەدەچێ چۆنیەتیی بەرێوەبردنی ڕێفراندۆم وەکوو پێوەرێکی گرینگ بۆ سڵامەتیی دێموکراسی پێناسە بکرێ. واتە پێویستە بەڕێوەبردنی گشتپرسی بە شێوەیەکی سالم و دادپەروەرانە بێ و، بژاردنی دەنگەکان بە چەشنێکی بێلایەنانە و دروست بێ. ڕێفراندۆم تەوەرەی سەرەکیی دێموکراسییە و بە چەشنێکی نۆرەیی بەرێوە دەچێ و، شارۆمەندان ڕێیان پێ دەدرێ تەنیا بەو بەربژێرانە دەنگ بدەن کە حیزبەکان دەستنیشانیان کردوون. ئەم حاڵەتە لە  قۆناخە سەرەتاییەکانی ڕەوتی تێپەرین بۆ دێموکراسی دەبێتە هۆی سەرلێشێوایی لە نێو کۆمەلگەدا. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، لە نێوان دوو خولی هەڵبژاردندا شارۆمەندان لە ڕێگەی یەکیەتی، کۆمەڵە و بزووتنەوە مەدەنی و گرووپە خۆجێییە‌کان، هەروەها کۆبوونەوەی مووەکەلەکان و هتد پێویستە بەشداری لە سیاسەتە گشتییەکانی وڵاتدا بکەن.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی دێموکراسی دەستەڵاتی زۆرینە وێرای پاراستنی مافی کەمینەیە. واتە حکوومەتی خەلکساڵار بۆی نییە هەر کارێک بە دڵی خۆیەتی بیکا و بە پێی قانوون ناتوانێ مافی کەمینە پێشێل بکات. ئەگەر ئەم خاڵە گرینگە جێبەجێ نەکرێ حکوومەتی دیمۆکراتیک دەبێتە چەشنێک لە حکوومەتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر. لە حکوومەتێکی دیموکراتیکدا دەستەڵاتی زۆرینە کاتێک ڕێ پێدراوە:

* تەواوی شارۆمەندان مافی بەرابەریان هەبێ،

* زۆرینە تەنیا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و سنووردار مافی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی حکوومەتیی هەبێ،

* هەروەها بۆ کەمینەش لە خولی دادێی هەڵبژاردندا شانس و دەرفەتی بوون بە زۆرینە‌ بدرێ.

لەوەدەچێ زەوتکردنی بوارگەلێک لە مافی زۆرینە بەپێی قانوونی بنەڕەتیی وڵات، شێوازێک بێ بۆ پاراستنی مافی کەمینە لە وڵاتە فرە ئەتنیکییەکاندا. بۆ وێنە لە ڕێگای:

* جاڕنامەی مافی شارۆمەندان بۆ پابەندبوونی زۆرینەی حاکم بەو قانوونانەی لە پارلەمانە ناوچەییەکاندا(کۆنفێدرالیزم) پەسەندکراون،

* مسۆگەرکردنی مافی خودموختاری بۆ دەوڵەتە خۆجێیی یان ناوچەییەکان لە بەرامبەر ویستەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا(فیدراڵیزم)،

* پێکهاتنی بەرەی بەرفراوانی تەوای حیزبەکان لە دەوڵەتدا(مەشروتیەت)،

یان

* وتووێژ بۆ گرێبەستی دوولایەنە لە نێوان گرووپە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە وەکوو خاوەنکاران و کرێکاران (نئوکۆرپۆراتیزم.)

وادێتە بەرچاو باشترین شێوەی پاراستنی مافی کەمینە، چالاکیی بەردەوام و ڕۆژانەی یەکیەتییە خاوەن‌ بەرژوەند و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بێ. سەربەخۆیی دەزگای دادوەری، پاراستنی مافی مرۆڤ، مسۆگەرکردنی ئازادیی بیروڕا، ئایین، چاپەمەنی، ڕاگەیەنە گشتییەکان، پاراستنی مافی ژنان و منداڵان، مافی خوێندن بە بەلاش، پارێزگاری لە هەرێمی خۆیی، مافی پێکهێنانی حیزب، یەکیەتی و ئەنجومەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، مافی پێکهێنانی متینگ و خۆپیشاندان، مافی هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات و هتد لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی دێموکراسین.

لیرەدا پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بکرێ، دێموکراسی سەرەڕای مسۆگەرکردنی بەرابەری لە ئازادیدا، ناتوانێ پێکهێنەری دادپەروەریی ئابووریی بێ و جیاوازیی چینایەتی لە نێو ببا. بەڵام دەتوانێ بە هۆی یاساوە ڕێخۆشکەر بێ  بۆ پێکهاتن و تێکۆشانی ڕێکخراوە و بزووتنەوە مەدەنی، سیاسی و پیشەییەکان، هەروەها خەباتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بۆ چەسپاندنی ئاشتیخوازانەی ویست و ئاواتەکانیان لە یاسای بنەڕەتیی وڵات و گۆڕانکاری لە سیستمی دەستەڵاتدا. بە‌گشتی هەبوونی دێموکراسی لە وڵاتێکدا بە مانای چارەسەرکردنی کێشەی چینایەتی و باشتربوونی وەزعییەتی ژیانی ئابووریی خەڵک نییە و ئەم خاڵە ناتوانێ وەکو پێوەر یان تایبەتمەندیی دێموکراسی پێناسە بکرێ.