Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۵ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 17/10/2019 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

لە کورتیدانی توانای کڕینی خەڵک و داهاتووی ناڕوونی ئابووریی وڵات

06/07/2019 | 21:32:22
+A
-A
محەممەد ئەحمەدی

هەڵکشانی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران وای لێ هاتووە کە خەڵکی ئێران ئەوەی ئەم مانگە دەتوانین بیکڕن، مانگێکی دیکە ناتوانن بیکڕن و مانگ لەگەڵ مانگ توانای کڕینی خەڵک لە کورتیی دەدا. بەگوێرەی ئامارەکان تێچووی مانگانەی ژیانی خێزانێکی ئێرانی لە مانگی بانەمەڕ (گوڵان)دا نیزیکە ٦٠٠ هەزار تمەن لە تێچووی ژیانی هەمان خێزان لە مانگی خاکەلێوەدا گرانتر بووە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە، تێچووی ئەو کاڵایانەی ڕۆژانە بەکار دەهێنرێن لە مانگی ڕەشەممەوە تاکوو مانگی بانەمەڕ، واتە لە ماوەی دوو مانگدا، زیاتر لە ٧٢% گران بووە. ئەوەش لە کاتێكدایە کە بنەمای دانانی مز و هەقدەستی کرێکار بۆ ئەمساڵ لە مانگی ڕەشەممەی پارەکەدا دیاری کراوە. هەرچەند هەر ئەوکاتیش چالاکانی مافی کرێکاری پێیان وابوو ئەو مز و هەقدەستەی دیاری کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەوکاتیش هەر کەم بووە و، ئێستاش بەراورد کراوە پاش دوو مانگ، واتە لە مانگی بانەمەڕدا توانای کڕینی کرێکاران لەسەدا ٧٢ کورتیی هێناوە.

لەو پێوەندییەدا سەرۆکی کۆمیتەی هەقدەستی کانوونی باڵای ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی کاری ئێران بە هەواڵدەریی ‹›ئیلنا››ی گوتوە، دەبێ لەمەولاوە کۆمیتەی هەقدەستی کانوونی ئەنجومەنەکان بە شێوەی مانگانە و بەردەوام کۆ ببنەوە، هەرچەند بۆ ئەو کارە بریکارەکانی دەوڵەت و خاوەنکاران لە ڕۆژانی کۆتاییی ساڵدا نەبێ، باسی ‹›هەقدەست›› بەهەند وەرناگرن.

ئەو چالاکی کرێکارییە پێی وایە: ‹›تەنانەت ئەگەر بریکارانی دەوڵەت و خاوەنکارانیش لە حیسابکردنی مانگانە و بەردەوامی تەبەکی خێزاندا ئامادە نەبن، یان ئەگەر دامەزراوەیەک، یان دەزگایەکی سەربەخۆمان بۆ حیسابکردنی تێچووەکانی ژیان نییە، سەرباری ئەوانەش هەر نابێ بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کاتێکدا کاری چالاکانی کرێکاری و بریکارانی کرێکاران لە وتووێژەکانی پێوەندیدار بە هەقدەستەوە لە ئەنجومەنی باڵای کار ڕاوەستێ.»

هەرچەند لە مانگی ڕەشەممەدا تێچووی تەبەکی بژیوی خێزان بە ٣،٩٧ میلیۆن و ٧٥٩ هەزار و ٢٦٢ تمەن خەمڵێنرا، کەچی فەرامەرزی تۆفیقی، سەرۆکی کۆمیتەی هەقدەستی کانوونی باڵای ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی کاری ئێران پێی وایە، ئەو تەبەکە تا کۆتاییی مانگی خاکەلیوە ٥٧% گران بووە و بۆ ئەوەی کرێکاران بتوانن هەر بەقەت مانگی ڕەشەممە پێداویستیی ژیان بکڕن، پێویستیان بە ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەنی دیکەش بووە.

ئەو چالاکی کرێکارییە بە هەواڵدەریی ‹›ئیلنا››ی گوتوە، هەمان ڕەوت لە مانگی بانەمەڕیشدا بەردەوام بووە و بڕی پارەی پێویست بۆ کڕینی تەبەکی بژیوی خێزان لە مانگی بانەمەڕدا ٦ ملیۆن و ٤٨٢ هەزار و ٢١٥ هەزار تمەن بووە.

ئەو قەیرانە تەنیا ژیانی کرێکاران ناگرێتەوە و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش، وەکوو خانەنشینان، مامۆستایان و زۆرینەی فەرمانبەران و کارمەندانیش تووشی هەمان قەیران بوونەتەوە.

هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر بەشی وەبەرهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش داناوە، بە چەشنێک کە بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ڕاگەیاندراون، داهاتی پیشەسازن و وەبەرهێنەران بە ڕادەیەک کەم بووەتەوە، کە زۆربەیان گەیشتوونەتە ئاستانەی مایەپووچی. تێچووی وەبەرهێنان بۆ وەرزێڕان و ئاژەڵدارانیش لەسەدا ٥٠ زیادی کردوە.

سەرلەبەری ئەو قەیرانانە لە سۆنگەی ئەو گەمارۆ ئابوورییە دژوارەوە پەیدا بوون، کە ئەمریکا بەسەر ئابووریی ئێرانیدا سەپاندوە و هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێ ڕێژیمی ئێران دەست لە پشتیوانیی تیرۆریزمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵگرێ و لە نیوخۆی ئێرانیش واز لە هەوڵی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم و پەرەدان بە بەرنامە مووشەکییەکانی بێنێ، چونکە ئەو کارانەی ڕێژیم لە ناوچەکەدا بوونەتە هۆی نیگەرانیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئەمریکا. لە بەرانبەر ئەو گوشارانەی ئەمریکادا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ستراتیژییەکی ناڕوونی گرتووەتە بەر کە وێ ناچێ بتوانێ بەو ستراتیژییەوە ئەو قەیرانانە بڕەوێنێتەوە، کە ئەویش ستراتیژی نە شەڕ و نە دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا. ڕێژیم دەیەوێ بەو ستراتیژییەوە درێژە بە پاراستنی دۆخی هەیی (وضع موجود) بدا، واتە هەمان بڕشت و نفووزی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بپارێزێ و لە نێوخۆی ئێرانیش درێژە بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی بدا. بەڵام ئەمریکا ئەوەی قبووڵ نییە و دەیەوێ لە ڕێی ستراتیژیی ڕوون و ئاشکرای ئەوپەڕی گوشارەوە ڕێژیم ناچار بکا، یان دانوستان قبووڵ بکا، یان سەرەنجام خۆی بۆ جەنگی سەربازی ئامادە بکا. هەموو کەسێکیش دەزانێ لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕێژیمە بە رەفتارەکانی وای لە خۆی کردووە، کە ئێستا دانوستان لەم دۆخەی ئێستایدا بە واتای مردنی بەرە بەرەی خۆیەتی و، جەنگیش بە لەبەرچاوگرتنی توانای سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، مەرگێکی کتوپڕ و خێرا بۆ ڕێژیم دەکاتە دیاری. سەرباری ئەوەش، ئەو ستراتیژییە ناڕوون و ناچارەکییەی ڕێژیم ڕۆژ بە ڕۆژ سەختییەکانی ژیانی خەڵکی ئێران سەختتر دەکات و هەڵاوسانی ئابووری بەرە بەرە تەبەکی بژیوی چینوتوێژەکانی خەڵکی ئێران بە تەواوی بەتاڵ دەکا.