لەسەر داوای ئەمریکا بڕیارە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ کۆببێتەوە.
وتەبێژی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی گوتی: دانیشتنی ئاژانس لەسەر داوای ئەمریکاو سەبارەت بە پیتاندنی یورانیۆمە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە لە ڕادەی پێویست کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە دەرچووە .
جێیئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە بڕیاریداوە پیتاندنی یورانیۆم زیادبکات و، ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوەو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکیش پشتڕاستیکردەوە کەڕێژیمی ئێران لە ڕادەی دیاریکراو لایداوە .
جەکی ڤۆڵکات” نوێنەری ئەمریکا لە ئاژانسی وزەی ناوکیدا ڕۆژی هەینی ١٤ی پووشپەڕ ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و گوتی دەبێ کۆماری ئیسلامی پابەندی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێ .
هەروەها کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەمان ڕۆژ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی نابێ دەستی بە چەکی ناوکی بگات و، جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی سەرەکیی تیرۆر لە دونیادا ناوبردو گوتی : ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین کە چەکی کۆمەڵکوژ بەرهەم بێنێ و، گوشارەکانمان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زۆرتر دەکەین یان دەبێتە ڕێژیمێکی ئاسایی و، دەست لە کردەوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەو جیهاندا هەڵدەگرێت یان لە ژێر گوشارە ئابووریەکاندا ناچار بە وتووێژ دەبێ.