سەرۆکوەزیرانی عێراق :عادل عەبدولمەهدی” لە فەرمانێکدا هەموو میلیشیاکانی عێراقی سەرپشک کردووە یان خۆیان هەڵوەشێننەوە یان تێکەڵ بە ئەرتەشی فەرمی ئەو وڵاتە بن.
عەبدولمەهدی ٣٠ ڕۆژ مۆڵەتی داوە بە میلیشیاکانی شیعەی عێراق لەوانە و گەورەترینیان کە بە حەشدی شەعبی ناسراوە و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە هەموو بنکەو بارەگاکانیان کۆبکەنەوەو، تێکەڵ بە ئەرتەشی ئێراق بن.
هەواڵدەرییەکانی ئێرانی ئەم فەرمانەی ناوبراویان وەکوو شەرعییەتدانی زۆرتر بەو گرووپانە ناوبردووە.
بەڵام هەواڵدەرییە سەربەخۆکان و وڵاتانی دیکە ئاکامی گوشارەکانی ئەمریکای بۆ سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق دەزانن بۆ کەمکردنەوەی هێژموونی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و ناوچەکەدا .
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیە، بە دیاریکردنی مۆڵەتێکی سی ڕۆژە بە میلیشیاکان ڕایگەیاندووە؛ کە دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە یان دەبێ پەیوەست بە ئەرتەشی عێراق بن و، ئەو ناوە واتە “حەشدی شەعبی” لەسەر خۆیان لابەن یان لە ژێر ئەو ناوە دەبێ چەکەکانیان ڕادەستی ئەرتەش بکەن و تەنیا دەتوانن کاری سیاسی بکەن .
هەروەها ناوبراو هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە دوای مۆڵەتی دیاریکراو هەر گرووپ و تاقمێک کە سەرپێچی لەم فەرمانە بکات سزا دەدرێت.
واتە دەرچوون لەو فەرمانە بەواتای شەڕی” ئەرتەشی عێراق” لەگەڵ “حەشدی شەعبی”دا دێ.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بەسەریەکەوە ٤٠ گرووپی حەشدی شەعبی نزیکەی ١٥٠ هەزار هێزیان هەیە، هەرلەوکاتەشدا هێزی دیکەش لە عێراقدا هەن، کە حەشدی شەعبی نین بەڵام لە ژێر فەرمانی کۆماری ئیسلامیدان کە ئەو فەرمانە ئەوانیش دەگرێتەوە.
پێویستە بگوترێ کە لە یەکەم کاردانەوەدا “موقتەدا سەدر” سەرۆکی گرووپێکی حەشدی شەعبی بە ناوی” سەرایاسەلام” پێشوازی لەو بڕیارە کرد و، ڕایگەیاند کە ئامادەیە هێزەکانی خۆی تێکەڵ بە ئەرتەش بکاتەوە.