دوابەدوای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر بردنەسەرەوەی ڕادەی پیتاندنی یورانیۆم، وەزیری دەرەوەی ئیسراییل “یسراییل کاتس”وتی وڵاتەکەی خۆی بۆ شەڕێک ئامادە دەکات کە لەوانەیە لە بەینی ئێران و ئەمریکادا ڕوو بدات.
“کاتس” لە لێدوانێکدا کە لە کۆنفرانسی “هێمنایەتی نێونەتەوەیی”دا قسەی دەکرد گوتی: ئێران لە هێڵی ئاسایی دەرچووەو پێ ناوەتە هێڵی مەترسیدارەوە.
ئاماژەی ناوبراو بە ڕادەی پیتاندنی یورانیۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو کە لە زاری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراوە و لە سنووری دیاریکراوی ٣٠٠ کیلۆ تێپەڕیوە و حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە.
هەروەها ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا گوتی:هەڵەی بەراوەردی کۆماری ئیسلامی وای لەو ڕێژیمە کردووە کە لە بازنەی ئاساییەوە بکەوێتە بازنەی مەترسیدارەوەو ئەمەش ئەگەری شەڕ زۆرتر دەکا و، ئێمەش خۆمان بۆ ئەم شەڕە ئامادە دەکەین.
شایەنی باسە کە دوای بڕیاری “دۆناڵد ترامپ”، ئەمریکا کلایەنە لە بەرجام کشایەوەو، گەمارۆی توندی خستە سەر کۆماری ئیسلامی، لە بەرانبەریشدا ئێران دوای تەقاندنەوەی کەشتییەکان و خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە کەنداو، بۆ چاوترساندنی زلهێزەکان هەڕەشە دەکا کە پیتاندنی یورانیۆم زیاتر دەکا و ، تا بەم چەشنە گوشار بخاتەسەر وڵاتانی ئورووپایی تاکوو تاڕادەیەک پێش بە گوشارەکانی ئەمریکا بگرن و بازرگانی لەگەڵ ئێران سنووردار نەکەن.
چێیئاماژەیە کە فەرانسە و بریتانیا و ئاڵمان هۆشدارییان بە کۆماری ئیسلامی داوە کە پیتاندنی یورانیۆم هەر لەو ئاستەدا بهێڵێتەوە کە لە بەرجامدا لە سەری رێککەوتوون.