Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 17/07/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

گرژیی نێوان ئەمریکا و ئێران قووڵە، بەڵام ئاخۆ دەبێتە شەڕ؟*

22/06/2019 | 15:13:49
+A
-A
و: کەماڵ حەسەنپوور

جارێکی دیکە دەنگۆی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاو بۆتەوە.
ساڵێک دوای کشانەوەی دۆناڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانی، ئەو شەڕە ئابوورییەکەی دژی کۆماری ئیسلامیی بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵ کردۆتەوە.
لە دوای کشانەوەی ساڵی ڕابردوو و سەپاندنەوەی دووبارەی ئابلۆقەکان، بڕی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە دوو میلیۆن بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە نیو میلیۆن دابەزیوە کە بۆتە هۆی داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتە. ئێستا کە خەریکی بەڕێوەبردنی سیاسەتی «ئەوپەڕی زەختە»، ترامپ پاشماوەی هەناردەی بە کۆتاییهێنان بە ئیجازەی کڕینی نەوت لە لایەن هەشت کڕیاری مەزنی نەوتی تاران کردۆتە ئامانج. مەبەستی ترامپ: لە ڕێگای هەژارکردنی ئێران، ڕێبەرانی تاران ناچار بکا کە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی قبووڵ بکا، ئەمجار بەپێی ئەو مەرجانە کە ترامپ و هاوکارە نیزیکەکانی پێداگرن کە زۆرتر لە بەرژەوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیدا دەبێ.
لەم دواییانەدا وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ گوتی، «ئێمە بەرەو سفر دەچین»، کە مەبەستی هەناردەی نەوتی ئێران بوو. «چەندە لەوێ دەمێنینەوە، لە ئاستی سفر، بەتەواویی پێوەندی بە ڕێبەرە پایەبەرزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە. ئێمە داواکانمان زۆر بە ئاشکرا بە ئایەتوڵڵا و هاوکارەکانی ڕاگەیاندوە.»
هەم ترامپ و هەم ڕێبەرانی ئێران دەڵێن کە شەڕیان ناوێ. بەڵام لە دوای زیاترکردنی ئابلۆقەکان لە لایەن ترامپەوە لە مانگی ڕابردوودا، ئاستی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەوە: نیشانە شوومەکانی لە هەنگاوی سەربازیی ئێران دژی هێزە ئەمریکاییەکان لە ناوچە، کەڵەکە بوونی خێرای تواناییە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دەرەوەی کەنارەکانی ئێران، هێرشی سابۆتاژی بۆ سەر پاپۆڕە نەوتکێشەکانی عەڕەبی کە گومانی دەست تێدابوونی ئێرانییەکانی لێ دەکرێ و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بۆڕی نەوتی عەڕەبستان لە لایەن حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتگیرییان دەکا، دەبینرێن.
پاشان، لە ناکاو، هەم واشینگتۆن و هەمیش تاران بەبێ ئەوەی کە پێیان خۆش بێ لە لێواری دوژمنایەتییەکەیان لە سەرەتای ئەو مانگە هەنگاوێک بۆ دواوە کشانەوە، کاتێک کە پۆمپێئۆ ڕایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکان ئامادەیە بێمەرج لەگەڵ ئێران وتووێژ بکا. سەرۆک کۆماری ئێران لە وڵامدا گوتی دەکرێ وتووێژ بکرێ، بەو مەرجە کە واشینگتۆن «بە ڕێزەوە» لەگەڵ تاران هەڵسوکەوت بکا.
ئارۆن دەیڤید میلەر، ڕاوێژکاری پێشووی شەش وەزیری کاروباری دەرەوە لە بارەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە نیووزویکی گوت: «لە سێ حەوتووی ڕابردوودا، تۆ چوونەسەرێی جیدیی ئاستی گرژییەکان دەبینی کە هەم ئێرانییەکان و هەم ئەمریکاییەکان باسیان لەوە کردوە کە ڕێگای چاوترسێن کردنی لایەنی بەرامبەریان هەیە. بەڵام ئەگەرچی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران ئێستا هەوڵ دەدەن خۆ لە یەکتر لادەن، ئەو دەڵێ، «هێشتا مەترسیی پێکدادانی سەربازی هەیە.»
بەڕاستی، هیچ نیشانەیەک لەبەردەستدا نییە کە بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ ئامادەیە پاپۆڕە فڕۆکە هەڵگرەکە، تاقمی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52، ١٥٠٠ هێزی دەریایی و سیستمی بەرگریی هەوایی پاتریۆت کە بۆ ناوچە بەڕێ کراون بگێڕێتەوە و، سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی وڵاتە یەکگرتووەکان هەر لە جێی خۆیەتی، کە پێشبینی کردنی ڕووداوەکانی داهاتوو زۆر دژوار دەکا.
کاڵین کال، یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما، لە وتارێکدا لە واشینگتۆن پۆست، سێناریۆیەکی ترسناکی باس کردوە کە چۆن وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران چەندە بە ئاسانی دەتوانن بە هەڵە تووشی شەڕ بن. بە وتەی کال ئەگەر هەناردەی نەوتی ئێران، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵات، بەهۆی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بگاتە چەند سەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا، ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزی سەربازیی ئێران داوا لە میلیشیا شیعەکانی عێراق، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، بکا کە چەکەکانیان بەرەوڕووی ٥٠٠٠ هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان کە لەوێ جێگیر کراون و دیپلۆماتە ئەمریکایی لە ناوچەی سەوزی بەغدا بگرن. ئەو هەروەها گوتی، عەمەلیاتی سابۆتاژی دژی کەشتیوانی لە کەنداوی فارس و چڕکردنەوەی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەڕەبستان ئاکاری چاوەڕوانکراون.
بە وتەی کال، هێرش بۆ سەر ئەمریکاییان دەتوانێ هێزی سەربازیی ئەمریکا دژی میلیشیا عێراقییەکان هان بدا، کە بە نۆبەی خۆی ئێرانییەکان بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە کەنداوی فارس مینڕێژ دەکەن. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لەوانەیە ئامانجە سەربازییەکانی نێوخۆی ئێران بۆمباران بکەن، لە نێویاندا دامەزراوە ئەتۆمییەکان. لە جوابدا ئێران لەوانەیە داوا لە هێزەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان و سووریە بکا کە بەرەیەک دژی ئیسڕاییل بکەنەوە و شارەکانی مووشەکباران بکەن کە ببێتە هۆی کوژرانی سەدان کەس. بێگومان ئیسڕاییل بە هێزێکی زۆرەوە تۆڵە دەستێنێتەوە و حیزبوڵڵا و پێگەکانی ئێران لە لوبنان و سووریە لەنێو دەبا. لە کاتێکدا کە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و ئێران خوێنی زۆرتری ئیسڕاییلی و ئەمریکایی دەڕێژێ، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەکەوێتە ژێر زەختێکی زۆری سیاسی تا بە هانای ئیسڕاییلەوە بچێ و کاری ڕێژیمی ئێران بۆ هەمیشە یەکسەرە بکا. بە وتەی کال هەنگاوی بێ ئەملاولای دوایی ئەوە دەبێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێران بە هێزی زەمینی داگیر بکا و شەڕێکی تەواو دەست پێبکا کە «نە ترامپ و نە ڕێبەرانی ئێران نەیاندەویست.»
ئەوە سێناریۆی مۆتەکەیە. بەڵام ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی لەسەر سیاسەت بەرامبەر بە ئێران زۆر ناکۆکە، ترامپ دەوری کەسێکی میانەڕەو دەبینێ و هەردوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جان بۆڵتۆن و وەزیری کاروباری دەرەوە پۆمپێئۆ هەڵوێستێکی توندئاژۆیانەتریان هەیە. سەرۆک کۆمار، بە تەواوی لە توانایی مامەڵەچییەتی خۆی دڵنیایە، بۆیە وێدەچێ کە دڵنیا بێ کە دەتوانێ ئێران ناچار بکا بێتە سەر مێزی وتووێژ، شوێنێک کە ئەو دەڵێ هەوڵەکانی بۆ ڕێککەتنێکی ئەتۆمیی باشتر لە سەرۆک کۆماری پێش خۆی لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئابلۆقەکان چڕتر دەکاتەوە. بۆڵتۆن و پۆمپێئۆ دەیانهەوێ هەر ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران زۆر زیاتر لە مەسەلەی ئەتۆمی لەخۆ بگرێ و مەرجی ئەوتۆ بگرێتەوە کە چیدیکە ئێران وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی نەمێنێ.
لە مانگی مای ڕابردوو، پۆمپێئۆ دەرزەنێک داواکاریی دیاری کردن، لە نێویاندا پێشگرتن بە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە تا هەتایە، تەنانەت پیتاندنی ئاشتیخوازانەی، ئاستی کەم بۆ ئیزۆتۆپی دەرمانی. ئەوە گرینگترین سازشێک کە ئێران لە دانووستانەکان بۆ ڕیککەوتنی ٢٠١٥ ئابڕووی خۆی پێ کڕییەوە لەنێو دەبا. بەڵام داواکان هەروەها دەخوازن کە ئێران کۆتایی بە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی بێنێ و دەست لە پشتیوانیی دەوڵەوتی سووریە، میلیشیای شیعەی حیزبوڵڵای لوبنان، میلیشاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و شەڕکەرەکانی حوسی لە یەمەن هەڵگرێ. ئێران ئەو داواکارییانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ڕەت کردۆتەوە و دەڵی کە ئەوە بە مانای تەسلیم بوونی تەواوە.
لەولاوە، بۆڵتۆنیش نەیشاردۆتەوە کە ئاواتەخوازە ڕێژیمی تاران بڕووخێنێ. بۆڵتۆن لە بابەتێکیدا لە ژانوییەی ٢٠١٨ لە گۆڤاری واڵستریت جۆرناڵدا نووسی، «سیاسەتی ئاشکرای ئەمریکا دەبێ کۆتایی هێنان بە شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ پێش کۆتایی ٤٠ ساڵەی ژیانی بێ. دانپێدانانی ڕێژیمی نوێی ئێران لە ٢٠١٩، دەتوانێ سەرشۆڕیی دیتنی بە بارمتە گیرانی دیپڵۆماتەکانمان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ قەرەبوو بکاتەوە. بارمتەکانی پێشوو دەتوانن باندی کرانەوەی باڵوێزخانە نوێکەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە تاران ببڕن.»
لەم دواییانەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە لەوانەیە ترامپ بۆلتۆن لەسەر کار لابا چونکە پێی وایە توندئاژۆیە. کاربەدەستانی کۆشکی سپی دەڵێن کەو ئەو دوو کەسە پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە نییە. بەڵام ئەوەش زیاد دەکەن کە جارێ سەرۆک کۆمار بەوە ڕازییە کە لە بۆڵتۆن وەک «پۆلیسی خراپ» کەلک وەرگرێ، ئەگەر تەنیا بۆ ئەو مەبەستەش بێ کە لەبارەی مەبەستەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان سەر لە ئێران بشێوینێ.
ژەنڕاڵی خانەنشینکراو جەیمز جۆنز، ڕاوێژکارێکی پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئۆباما بە گۆڤاری دێ هیڵی گوت: «ئەوەی لەبارەی سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە ئێران باشە ئەوەیە کە من دڵنیام ئێرانییەکان ئەسڵەن نازانن ترامپ بە تەمای چییە. ئەوان هاوسەنگیی خۆیان لەکیس داوە و، لەوانەیە بەیانییەک لەخەو هەستن و ببینن کە بۆ وێنە هیچ هێزێکی دەریاییان نییە.»
ئەو نموونەی جۆنز باسی دەکا شتێکی بە هەڵکەوت نییە. لە ئاپریلی ١٩٨٨دا، لە مەزنترین بەرەوڕووبوونەوەی دەریایی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە، هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان هێرشی کردە سەر هێزی دەریایی ئێران بۆ ئەوەی تۆڵەی مینڕێژکرانی کەنداوی فارس لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق بکاتەوە، ئەو کارەی ئێرانییەکان ببووە هۆی زیان پێگەیشتنی پاپۆڕێکی ئەمریکایی. لە کۆتایی تێکهەڵچوونەکەدا، هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان نیوەی پاپۆڕەکانی ئێرانیان لەکار خستبوو یا نوقمیان کردبوون.
پسپۆڕانی ناوچەیی دەڵێن کە هێزی سەربازیی ئێران وانەی بەنرخ لەو تێکهەڵچوونە فێر بوون، وانەی ئەوتۆ کە لە بە گوتەی کاربەدەستانی ئەمریکایی و لێکۆڵەرانی سەربەخۆ؛ ئەوان ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان کەلکی لێ وەردەگرن. میلەر، کە ئێستا جێگری بەرپرسی ناوەندی ویلسۆن، ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی سیاسی لە واشێنگتۆنە دەڵێ: «ئەو وانانەی کە ئێرانییەکان فێری بوون ئەوە بوو کە نابێ بەشێوەی ئاسایی بەرەوڕووی هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان ببنەوە، تۆ دەبێ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هێرش بکەیە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کەوابوو کەلک لە بەلەمی بچووک کە هەڵگری هێزی تایبەتیی ئێرانن وەردەگیرێ تا پاپۆڕە سعوودی و ئیماڕاتییەکان مینڕێژ بکەن. لەهەمان کاتدا، حووسییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرنە سەر سعوودی و هێرش دەکەنە سەر بۆرییە نەوتەکانی ڕۆژهەڵات بەرەو ڕۆژئاوا.»
میلەر دەڵێ کە ئەو دوو هێرشە بۆ نیشاندانی پێشپەردەی شوومی ئەو شتانەی کە لەوانەیە لە ئەگەری درێژەکێشانی زەختی ئابووری بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دژی ئێران بقەومێن گەلێک بەنرخ بوون. ئەو دەڵێ: «ئەوان پێنج تا دوازدە مایل دوور لە کەناری فوجەیرە هێرشیان کردە سەر ئەو دوو پاپۆڕانە. یەکیان هیی ئیماڕات بوو. بۆڕییە نەوتەکان نەوتی عەڕەبستانیان بۆ دەریای سوور دەگواستەوە. هێرشەکان نائاسایی بوون، کەس نەکوژرا و، زۆر دژوار بوو بیسەلمێنی کێ بەڕێوەی بردوون. بێگومان جارێ شتێکی وانین کە ببێتە هۆی هێرشی ڕاستەوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێرانییەکان.»
پسپۆڕەکانی دیکەی ناوچە لەسەر ئەوە هاوڕان کە زۆر وێدەچێ ئێران لە پشت ئەم هێرشانە بۆ سەر پاپۆڕ و بۆڕییە نەوتەکان بێ، ئەوەش زیاد دەکەن کە لەوانەیە ئامانجەکە ئەوە بێ نرخی نەوت بەرز بێتەوە چونکە تاران هەست بە ئاسەوارەکانی کەم بوونەوەی هەناردەی نەوتەکەی دەکا. هێنری ڕۆم، لێکۆڵەرێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گرووپی ئوراسیا، ناوەندێکی ڕاوێژکاریی بازرگانیی نێونەتەوەیی دەڵێ: «تا ئێستا ئەو شتە نەقەوماوە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوان هەوڵی خۆیان نەدابێ.»
جگە لەوە، لێکۆڵەران چاوەڕانیی ئەوە دەکەن کە ئێرانییەکان وردە وردە بەشە یاساغکراوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی خۆیان زیندوو بکەنەوە بۆ ئەوەی کە ئورووپا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو چالاکییانە هەندێک زەختی ئابووری لەسەریان کەم بکاتەوە، یا ئەگەر وتووێژ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد لەو شتە وەک کارتی وتووێژ کەلک وەرگرن.
ڕۆم بە نیووزویکی گوت: «لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە، دۆخی هەنووکەیی ناتوانێ درێژەی هەبێ. ئابووریی ئەوان ناتوانێ بەرگەی دابەزینی هەناردەی نەوت بۆ سەر سفر، بگرێ. کەوابوو ئەوان ناچارن بە شێوەی جۆراجۆر کاردانەوەیان هەبێ تا ئاستی زەختەکە کەم بکەنەوە.» ئێران ڕەتی کردۆتەوە کە هێزەکانی لە پشت ئەو هێرشانە بن.
بەشێک لە چاودێران هەندێک خاڵی ڕوون لە ویستی کوتوپڕی بەڕێوەبەرایەتی و ئێرانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژ بەدی دەکەن. بەڵام هێنانی هەردوو لا بۆ سەر مێزی وتووێژ کارێکی ئاسان نابێ، هەروەک بەڕێوەبەرایەتیی ئێرانیش هەندێک داواکاری هەن: تاران پێداگرە کە بیر لە دانووستان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی ناکاتەوە تا بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ٢٠١٥، کە بە مانای هەڵگرتنی ئابلۆقەکان و کۆتایی هێنان بە هەڵمەتی ئەوپەڕی زەختە.
لە کاتێکدا کە ترامپ نیشانی داوە کە پێشبینی کردنی هەنگاوی داهاتووی نامومکینە، زۆر لێکۆڵەر پێیان وایە کە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی، کە ترامپ هێندە هەوڵی دا تا بێئیعتیباری بکا وەک خۆکوژیی سیاسی دەبێ بۆ سەرۆک کۆمار، کە بەتەمایە لە ٢٠٢٠ دووبارە هەڵبژێردرێتەوە. میلەر دەڵێ: «بەڕێوەبەرایەتی ناتوانێ، بە هیچ شێوەیەک، بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران، بێ بنکۆڵکردنی جێی متمانەبوونی خۆی و سیاسەتەکەی. لە ڕاستیدا، ئەوان دەبنە گەبجاڕ ئەگەر ئامانجی ئەو هەموو هەوڵانە تەنیا ئەوە بووبێ کە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو بەرجام و دیسان [بیرۆکەی] هەڵگرتنی ئابلۆقەکان بفرۆشنەوە.»
ڕۆم پێی وایە کە ئەگەری وتووێژ لەسەر ئەو شەش ئەمریکاییانە کە ئێران زیندانیی کردوون هەیە، «ئەگەر تاران هەست پێ بکا کە بەشێک لە ئابلۆقەکان هەلدەگیرێن.» بەڵام ئەوەش زیاد دەکا کە وەستانی دیپلۆماسی و توندتر کردنی زەختەکان بۆ سەر ئابووریی ئێران لە شەش مانگی داهاتوودا نوسخەیەکە کە بوار بۆ شێوەیەک لە ناسەقامگیری خۆش دەکا کە دەتوانێ ببێتە هۆی ناکۆکیی سەربازی، تەنانەت ئەگەر ڕێبەرانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران پێداگر بن کە شەڕیان ناوێ.
***

* نیووزویک – جاناتان برۆدەر