Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
ژنان

ژنانی قوربانیی توندوتیژی و یاسای پشتیوانی لە قەتڵی نامووسی

07/06/2019 | 18:45:41
+A
-A
فەریبا ڕەشیدی

[ئێمە دەنگی ئەو ژنانەین وا دەنگیان ناگاتە هیچ کوێ و کەس بە هانایانەوە ناچێ و، لەژێر ناوی نامووس و ئازایەتی و شەڕەفدا بەناهەق دەکوژرێن]
توندوتیژی دژبە ژنان لە بێدەنگی و شاردراوەییدا دەکرێ، چونکوو لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا بە هۆگەلی وەک ترس، پاراستنی حەیا، سزای قورس و پشتیوانی لێنەکردنی یاسا؛ ژنان خۆ لە باسکردنی ئەم بابەتانە دەبوێرن.
توندوتیژی دژبە ژنان هیچ سنوورێک ناناسێ و، هەر بەتەنیا بەرتەسک نابێتەوە بە کۆمەڵگە پاشکەوتووەکان. ژنان لە هەموو جێگایەکی دنیا بە کەم و بە زۆر دەکەونە بەر چەشنێکی توندوتیژی، جا جەستەیی بێ، یان سێکسی و ئاخافتەیی. ئامارەکان دەڵێن ٣٠ بۆ ٣٥ لەسەدی ژنانی ئەمریکایی لە لایەن مێردەکانیانەوە ئازار و ئەزیەت دەدرێن و هەروەها، ١٥ بۆ ٢٥ لەسەدیان لە کاتی دووگیانیدا لە لایەن مێردەکانیانەوە لێیان دەدرێ. لە نێوان هەر ١٠ ژنی قوربانیی توندوتیژی، سێ کەسیان بەدەستی مێردەکەیان یا پیاوانی دیکەی بنەماڵە کوژراون. لە وڵاتی شیلی ٦٣ لەسەدی ژنان لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوون. ٤١ لەسەدی ئەو ژنانەی لە هیند خۆ دەکوژن، هۆکاری خۆکوشتنەکەیان ئازار و ئەزیەتدانی مێردەکانی بووە. لە وڵاتی بەنگلادش سەروو ٥٠ لەسەدی کوشتنەکان بەهۆی توندوتیژیی پیاوانەوە ڕوو دەدا.
بەداخەوە لەمەڕ ئێرانەوە هەرگیز ئامارێکی ڕاست و ڕوون لە بابەت توندوتیژیی نێوماڵ کە بەدژی ژنان دەکرێ؛ بڵاو نەبوەتەوە. لە لایەکیشەوە بایەخی پیاو سالارانە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم توندوتیژییە بە تایبەتمەندییەکی ئاسایی بۆ پیاوەکان دەزانێ و، تێ دەکۆشێ پاساوی بۆ بێنێتەوە و پێی وایە ژنانیش دەبێ ئەم بایەخە باوانەی کۆمەڵگە ڕەچاو بکەن و وەری بگرن، یەک لەوانە ئەوەیە کە دەڵێن ژن بە بەرگی سپییەوە دەبێ بچێتە ماڵەمێرد و بە کفنی سپیشەوە بێتە دەرێ.
توندوتیژی دژبە ژنان بە شوێنێکی تایبەت بەرتەسک نابێتەوە. چ لە ماڵ بێ و چ لە شەقام و چ لە شوێنی کار، جیاوازییەکی نییە بۆ ئەوان و بەدڵنیاییەوە هەر تووشی توندوتیژی دەبن. لە نێوماڵ لە لایەن باوک، هاوسەر و برای خۆیانەوە بەرەوڕووی کوتەک و لێدان و بێڕێزی دەبنەوە.
لە زۆربەی وڵاتان، ناوەندگەلێکی لێیە بەناوی “ماڵی ئەمن” کە داڵدەی ئەو ژنانەیە وا توندوتیژییان بەدژ کراوە و؛ هەتا ئەو کاتەی مەترسییان لەسەر مابێ دەتوانن لەوێ بمێننەوە. کاریگەرییەک وا توندوتیژی لەسەر ژنان هەیەتی پتر لەوەی جەستەیان بکاتە ئامانج، ڕۆحیان بریندار دەکا و دەیانکاتە مرۆڤێکی بێکەلک و بێدەسەڵات. بەڵام بەداخەوە لە ئێران ناوەندێک بۆ چاکسازیی ئەم ژنانە دابین نەکراوە.

یاسا پشتیوانی لە بکوژانی قەتڵی نامووسی دەکا
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لە زۆربەی چیرۆکی قەتڵە نامووسییەکانی ئێراندا، ژن وەکوو تاوانباری سەرەکی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ و، لە دادگایەکی بنەماڵەیی و سەربەخۆدا و بەبێ دادگاییەکی شیاو، بڕیاری مەرگ و نەمانی بەسەردا دەسەپێ. بەڵام تەنانەت لە ئەگەری بەڕێوەچوونی دادگایەکیشدا، ئایا یاسا پشتیوانی لەم ژنانە دەکا؟
بەپێی مادەی ٣٠١ی “یاسای سزای ئیسلامی”، بێتوو باوک یان باپیر منداڵی خۆی تەنانەت بەئانقەستیش بکوژێ، قەساس (ئێعدام) ناکرێ. تەنیا لە ئەگەرێکدا، کە دادگا پەی بەرێ سزانەدان ڕەنگە ببێتە هۆی سەربزێویی بکوژ و یان بشێویی نەزمی بیروڕای گشتی، بەپێی مادەی ٦١٢ی هەر ئەم یاسایە؛ دەکرێ بڕیاری ٣ بۆ ١٠ ساڵ زیندان لەسەر بکوژ دەربچێ.
مادەی ٦٣٠ی یاسای سزای ئیسلامی دەڵێ: “هەرکات مێرد، خێزانی خۆی لە کاتی زیناکردن لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا ببینێ و بۆی دەرکەوتبێ خێزانەکەی لەو پێوەندییەدا زۆرەملییەکی لەسەر نییە و بە ویستی خۆی بووە، بۆی هەیە هەر دووکیان بکوژێ و، لە ئەگەری ئەوەیدا خێزانەکە زۆری لێ کرابێ، تەنیا بۆی هەیە پیاوەکە بکوژێ.”
ئەم یاسایانە لە ڕوانگەی زۆرێک لە یاسازانانەوە، هەل ڕەخساندن و بوار خۆشکەرییەکە بۆ قەتڵی نامووسی. تەنانەت لە زۆر حەڵەتدا، ئەگەر باپیر و براش بکوژ بن، لە ڕێگای ئەم یاسایانەوە بڕیاری قەساسیان لەسەر لادەچێ. ئەم شێوە یاسایانە پیاوان نەوەک هاوسەر و هاوژین بەڵکوو، هەروەک خاوەنێک دەزانێ و هەر بەم پێیەش دەسەڵاتی تەواو بە پیاو دەدرێ. هەر بۆیە پیاو خۆی بە خاوەنی ماڵ و ژیانی ژن دەزانێ.
لە درێژەی ئەرکە مرۆڤانەکانی خۆماندا دەبێ خۆمان لە هەمبەر لەنێو بردنی قەتڵی نامووسیدا بە ئەرکدار بزانین و، بۆ تێکەوەپێچانی ئەم ئاکارە قێزەونە هەوڵ بدەین. ئێمە وەکوو مرۆڤێک دەبێ ئەم دیاردە نامرۆڤانە بەتوندی شەرمەزار بکەین. ژنان نامووس و شەڕەفی هیچ کەسێک نین و؛ ئەوانیش بەچەشنی پیاوان مرۆڤێکی ئازادن.