Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

«زارا» لە مەتەرێزی زمانەوە بۆ سەنگەری زیندان

06/06/2019 | 15:41:30
+A
-A
کەریم فەرخەپوور

زمان وەک یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی پێناسەی هەر نەتەوەیەکە و بۆ ڕێزگرتن لە زمانی دایک، یونیسێف یەکێک لە لقە کاریگەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژێکی تایبەتی بۆ دیاری کردوە. ئەو ڕۆژە لەگەڵ ئەوەی کە بۆ ڕێزگرتن لە زمانی دایک و پاراستنی زمانەکان دیاری کراوە، لە هەمان کاتدا دەرفەتێک و کلیلی پێوەندیی نێوان ئاخاوتنی نەتەوەکانیشە.
زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانە دێرینەکانی جیهان، زمانی چل میلیۆن ئینسانە کە بەزۆر بەسەر پێنج وڵاتی ناوچەکەدا دابەش کراون. زمانی کوردی زمانێکی فرە زاراوە و دەوڵەمەند و پاراوە کە ڕیشەی مێژوویی هەیە، هەر بۆیەش بە سەرکوت و داپڵۆسینی نەیاران و دوژمنانی کۆتایی نەهاتوە و لەنێو نەچووە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەسەنایەتی و بەرگریی ئازایانەی کورد لە زمانەکەی بۆ ئەوەی وەک زۆر زمانی دیکەی جیهان نەفەوتێ.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەگەرچی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کراوە و تەنانەت لە ئیدارە دەوڵەتییەکانیشدا قسەکردن بەو زمانە ئاسایی نییە و یا لانیکەم بەرامبەرەکە لە زمانی کوردی تێناگا و خاوەن خاک و ئاوەکە ناچارە بە زمانی بێگانەکە قسە بکا، کە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە کورد لە ڕووی ناچارییەوە زمانی بێگانەکەش فێربێ؛ بۆ ئەوەی لە کار و ئەرکی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتی دوا نەکەوێ.
لە کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە مناڵانی کورد هەر لە دەسپێکی خوێندنەوە دەبێ بە فارسی بخوێنن و هەوڵ دەدرێ کە زمانی دایکیان لەبیر بەرنەوە و زمانی بێگانە بکەنە زمانی ڕەسمی و مێشکی مناڵەکان بشۆنەوە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوایەتییان لاواز بکەن و یەکێک لە پێناسە نەتەوەییەکانیان کە زمانە، فەرامۆش بکەن؛ بەڵام دڵسۆزانی کورد لە مامۆستا و شاعیر و نووسەرەوە بگرە تا دەگاتە گۆرانیبێژ و بەیتبێژ و حەیرانبێژ، هەوڵیان داوە کە لە دژوارترین کاتەکاندا زمانی کوردی بپارێزن و خزمەت بە گەشەسەندنی بکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان بە هەموو شێوەیەک ویستوویانە مناڵانی کورد لە زمانی دایک بێبەری بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵسۆزانی پاراستنی زمانی کوردی بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوون و بە هەر جۆرێک کە بۆیان لوابێ ئەوە خزمەتیان بە زیندووهێشتنەوە و پاراستنی زمانی کوردی کردووە. ئەوان لە بەرامبەر زوڵمی زۆرداراندا پەرچەکرداریان هەبووە و ئەگەر بە شێعر و بەیت و گۆرانیش بووبێ، ئەوا سینگ بە سینگ و نەوە بۆ نەوەی دواتر هۆنراوە و هۆزانی کوردییان گواستۆتەوە و لە تاریکە شەوە ئەنگوستەچاوەکانی شەوەزەنگی بێدادیدا مایەیان لە خۆیان داناوە و بە گیان و بە دڵ پاراستوویانە.
لەگەڵ هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەک پێشوو زمانی کوردی کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و سڕینەوە و هەوڵێکی زۆر درا تا بتوانن زمانی فارسی بکەنە زمانی هەموو گەلانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد کە دەکرێ بڵێین لە نەتەوەکانی دیکە زیاتر هۆگری زمانەکەی بوو. لەگەڵ ئەوەی کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران لە دوو بەنددا مافی زمانی ناوچەیی پەسەند کراوە بەڵام ئەو بەند و یاسایانە وەک زۆر ئەسڵ و یاسای تر هەر نووسراوەی سەر کاغەزن و بەکردەوە نەک هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی هەڵنەگیراوە، بەڵکوو هەوڵ دراوە بە پێشێلکردنی یاساکان بیرتەسکانە زمانەکانی دیکە بسڕنەوە .
مامۆستا «زارا محەمەدی» ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی «نۆژین» کچێکی ئەردەڵانی و مامۆستایەکی دڵسۆزی کوردە کە بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەوڵی زۆری داوە و خۆبەخشانە وانەی کوردی بە مناڵانی کورد گوتۆتەوە. زارا لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەستی بەو بۆشایی و کەمایەسییە کردبوو هەر بۆیە ئازایانە بۆ خزمەت بە زمانی کوردی و مناڵانی کورد هاتۆتە مەیدان و دڵسۆزانە هەوڵی داوە مناڵانی بێبەش لە زمانی دایک؛ فێری وانەی کوردی بکا.
لەگەڵ ئەوەی کە «زارا» بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران بەپێچەوانەی یاسا کارێکی نەکردوە و تووشی هەڵەیەک نەبووە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوند کە ڕێز لە هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی ناگرن تەنیا بە تاوانی کورد بوون و وتنەوەی وانەی کوردی مامۆستا «زارا»یان بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕاپێچی دادگا و بەندیخانە کردوە.
دەوڵەتی ئێران یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە پەیماننامەی یونسکۆی تایبەت بە زمانی دایک قەبووڵ و ئیمزا کردوە و هەر بەپێی ئەو پەیماننامەیەش بێ، کۆماری ئیسلامی هەقی نییە مامۆستایەکی خۆبەخشی خزمەتکاری زمانی دایکی نەتەوەیەک دەسبەسەر و ڕادەستی دادگا بکا.
زارا لەسەر وتنەوەی وانەی کوردی ڕاپێچی دادگا کرا و پێش زارا زۆر دڵسۆزی دیکە تەنیا بە تاوانی خزمەت بە گەل و نیشتمان و ژینگەی کوردستان ڕادەستی دادگا کراون، کەوتوونەتە ژێر ئەشکەنجە و بەندیخانەکانیان کردۆتە قوتابخانە؛ سەربەرزانە چوونەتە پێی سێدارە، بەڵام دڵسۆزانی کورد نەک هەر نەترساون و بێدەنگ نەبوون، بەڵکوو لێبڕاوانەتر لە پێشوو هاتوونەتەوە مەیدان و جێگەی ئەوانیان پڕ کردۆتەوە.
ئەگەرچی زارا لە قوتابخانەوە ڕاپێچی بەندیخانە کرا، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەندیخانەش بۆ زارا هەر دەبێتە قوتابخانە و لە سەنگەرێکی دیکەدا خزمەت بە کورد و ناسنامەی کورد دەکا و لەو سەنگەرەشدا بەسەربەرزییەوە وانەی خۆڕاگری و نەبەزین فێر دەبێ و لە دواڕۆژیشدا قوتابییەکانی هەر بەو هەستە پاک و بێگەردەوە گۆش و پەروەردە دەکا.
دوای دەسبەسەرکرانی زارا، ئەنجومەنە فەرهەنگی و مەدەنییەکان و خەڵکیکی زۆر لە تاراوگە و لەنێوخۆی وڵات بە چالاکیی جۆراوجۆر و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و نووسینی نامە ئەو کردەوەی ڕێژیمیان مەحکووم کردووە کە ئەوە لە لایەک دەگەڕێتەوە بۆ وەفایەک بە خزمەتەکانی زارا بە مناڵانی کورد و زمانی کوردی و، لەلایەکی دیکەشەوە نیشانەی هاوسۆزی و هەست بە بەرپرسایەتی کردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردە کە دەرهەق بە هاونیشتمانانیان بێدەنگ و بێهەڵوێست نین و هەموویان خۆیان بە ئەندامی یەک خێزان و یەک بنەماڵە دەزانن. هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەگەر زارا لە بەندیخانەشدا بمێنیتەوە، ئەوە قوتابییەکانی لە قوتابخانەی کوردایەتی و زمانی کوردیدا هەر بەردەوام دەبن و؛ ڕێچکە و ڕێگەی زارا و زاراکان ون ناکەن و وانە فێربوون و کوردایەتی و بەرەنگاری هەر لە برەو و بەرەوپێش چووندایە .