Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

ئەو بەڵایەی دەبێ لە کۆڵ خەڵکی ببتەوە

06/06/2019 | 15:36:43
+A
-A
عەلی بداغی

بیانووی نووسینی ئەم بابەتە لێدوانێکی دۆناڵد تڕامپ، سەرکۆماری ئەمریکا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە وڵاتی ژاپۆنە کە گوتی، «ئێران هەر بەو ڕێبەرانەی ئێستای دەتوانێ وڵاتێکی گەورە بێ.»
کۆماری ئیسلامیی ئێران چوار دەیەیە لەسەر کارە و حوکمی وڵات دەکا. پرسیار ئەوەیە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چ خێروبێرێکی بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران بووە، هەتا ئەم وڵاتە گەورەیە! بیەوێ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا لایەنێکی بێزەڕ بێ و مانەوەی قازانجی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی هەبێ؟ ڕەنگبێ لێرەدا تەنیا فەکت و ئامارەکان بن کە بتوانن وەڵامێکی باش بەو پرسیارە بدەنەوە.

ڕێژیمێک کە تینووی خوێن و کوشتنە
لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا (لە ڕێبەندانی 1357 هەتا سەرماوەزی 1397) ئەوەندەی پێی زاندراوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی 26325 کەسی ئێعدام کردووە. لە شەڕی 8 ساڵە لەگەڵ عێڕاقدا کە دەکرا هەر لە مانگەکانی یەکەمدا کۆتایی هاتبا و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەئانقەست و بە مەبەستی ڕەگداکوتانی دەسەڵاتەکەیان درێژیان کردەوە 255570 کەس بەکوشت دران، 574101 کەس بریندار بوون کە 237819 کەسیان سەتا 25 هەتا سەتا 75 نقوستان بوون. هەر لەو شەڕەدا 550 هەزار منداڵی چەکدارکراو نێردرانە بەرەکانی شەڕ کە 36000 کەس لەو منداڵانە تەرمەکانیان گەڕانەوە.
لە ئێران لە ساڵدا 18 هەزار کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن، 9 هەزار کۆرپە بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکانیان گیان لەدەست دەدەن، 5 هەزار کەس بەهۆکاری جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵاتی خۆیان دەکوژن؛ و لانیکەم 2 هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی کار تێدا دەچن. وە بەرپرسایەتیی هەموو ئەم مردنانەش لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانیەتی.

دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسقان دژی ئازادییەکان
هیچ ساڵێک نەبووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان و سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤەوە مەحکووم نەکرابێ. دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەت بە کاروباری ئێران لە شووڕای مافی مرۆڤ هەر لەجێدا پێمان دەڵێ کە لە ئێران چ ڕادەبرێ!
ڕێکخراوی ئەمنستی ئینترناشناڵ دەڵێ ئێران زیندانی ڕۆژنامەنووسانە و هەرنەبێ ٧ هەزار ڕۆژنامەنووس بەتۆمەتی جۆراوجۆر کەوتوونەتە زیندانەکانی ئەو ڕێژیمەوە. هەر چەند ڕۆژ پێش ئێستا بوو ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری فیلترینگ و سانسۆرکردنی بابەت و نووسین و بڵاوکراوەدا وەپێش وڵاتی چین کەوتوە و دوای وڵاتانی «سوومالی» و «کۆرەی باکوور»، لە پلەی سێهەمی ڕیزبەندیی جیهاندا ڕاوەستاوە. کاربەدەستانی دەزگای قەزایی خۆیان ئاشکرایان کردوە کە هەموو ساڵێ 430 هەزار کەس لە ئێران دەکەونە بەندیخانەوە و گرتووخانەکان سێ هیندەی زەرفییەتی خۆیان بەندییان تێ پەستاوتوون.

خەساندنی کۆمەڵگە بە پیلان و پلان
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوو لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو هەرەس بردوە. چوار هەتا شەش میلیون کەس لە حەشیمەتی ئێران گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکانن. تەمەنی توشبوون بە مادەی هۆشبەر بۆ 11 ساڵ دابەزیوە. لە سۆنگەی پەرەسەندنی دیاردەی ئێعتیاد، هەژاری و بێكارییەوە ئاماری تەڵاق بەردەوام لە هەڵکشان دایە. تەمەنی لەشفرۆشی بۆ خوار 14 ساڵ دابەزیوەکە بەشی زۆریان خوێندەوارن و خاوەن مێرد و منداڵن.
لە ئێرانی ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ تەمەنی لادان و تاوانکاری دێتە خوارێ و درۆ و چەوتی هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی داگرتوە بەپێی ئاماری دەزگای قەزایی لە ساڵدا لانیکەم 3 میلیۆن پەروەندەی كەیفەری و 2 میلیۆن پەروەندەی حقووقی لە دادگاكانی وڵاتدا كاریان لە سەر دەکرێ و، زیاتر لە 3 میلیۆن پەروەندەش لە «شووڕاكانی حەلی ئیختلاف»دا بەدواداچوونیان بۆ دەكرێ. کاڵبوونەوە و گۆڕانی بایەخ و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان، لادان و قانوون بەزاندن و دروستبوونی کەلێن و کەلەبەر لە نێوان تاک و کۆمەڵگە واقعێکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێرانە کە دەرەنجامی شکستی سیستەمی پەروەردەیی و سیاسەتی کەلانی کۆماری ئیسلامییە لە مهەندیسی کردنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا.

خەڵک لە دەرەوەی هەموو ئامانج و بەرنامەکان
بیرهێنانەوەی چەند ئاماری ڕەسمی پێمان دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆی گرینگ نەبێ خەڵکی ئێران و ماف و گوزەرانیانە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەڵک تەنیا بۆ شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان دەبن و، لە کاتی شەڕدا بۆ دەم لوولەی تۆپەکان. کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان دەڵێن کە لە ئێستادا دوو میلیون بنەماڵە کرێچین و ماڵ و حاڵیان نییە و لەو هەوایەش بڕوا قەت نابنە خاوەنی چوار گۆشەیەک میچەکەی ئی خۆیان بێ. ئەویش لە کاتێکدا کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا کرێماڵ دوو هیندەی پێشوو زیادی کردوە.
نان کە سەرەکیترین قووت و بژیوی ژیانی خەڵکە، لەچاو پار سەتا 20 گران بووە، تێچووی بەرهەمهێنان بۆ وەرزێر و خاوەن باغ و ئاژەڵداران دوو قات چۆتە سەرێ و ئەوان یان دەبێ بەروبوومیان لە بازاڕدا گران بکەن، یان مایەپووچ ببنەوە.
کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس ڕایگەیاندوە کە پێوەری داماوی (فلاکت) بۆ سەروو سەتا 50 هەڵکشاوە. (داماو بە کەسێک دەڵێن بێکار بێ و لەو بارودۆخەشدا کە هەموو ڕۆژێک نرخی کاڵا و شمەک گرانتر دەبێ، ئەو لەبەر بێ داهاتی نەتوانێ هیچی دەست کەوێ.) کار گەیوەتە جێیەک کە قەیرانەکان کاریگەریی لەسەر باڵاکورتی خەڵکی ئێران هەبێ. لێژنەی زانستیی توێژینەوەی خواردەمەنی و پیشەسازیی خۆراک لە ئێران دەڵێ لە 25 ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ئەم وڵاتە باڵایان لە کورتیی داوە کە هۆکارەکەی لەکەمیدانی بەکارهێنانی شیر و شیرەمەنییە لە سفرە و خواردنی ماڵاندا.
ڕاپرسییەکی مەیدانی دەری خستووە کە 26 میلیون کەس لەبن هێڵی هەژاریی موتڵەقدا دەژین. نیزیک بە 4 میلیون کەس لە خەڵکی ئێران لە ساڵی 1397دا دەمیان بۆ گۆشی سوور نەبردوە و 9 میلیون کەس تامی ماسییان نەکردوە. هەروەها فرۆشتنی ئەندامانی لەش لەسۆنگەی هەژاری و بێدەرەتانی دیاردەیەکە کە لە سایەسەری ئەم حکوومەتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە کۆمەڵگەی ئێراندا پەرە دەستێنێ.

بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم
بودجەی ئاوەدانی و قەرار بۆ خۆشبژیویی خەڵک کەمترین بەشی هەیە لە بودجەی ساڵانەی وڵاتدا، بەڵام بودجەی ناوەندەکانی سەرکوت، هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکان، دامودەزگاکانی سەر بە دەسەڵات و پیلانگیڕی و شەڕخوڵقێنی لە ناوچەی بەپێی فیلانە. بۆ نموونە سپای پاسداڕان کە خۆی حاکمی بەڕ و بەحرە لە ئێراندا و شادەماری ئابووریی ئەم وڵاتەی لە دەست دایە، کەچی «قەرارگای خاتەمولئەنبیا»ی سەر بەو ڕێکخراوەیە لە بودجەی گشتیی وڵات بۆ ساڵی 1398، ئەوەندەی ئاشکرایە بڕی 335 میلیارد و 800 میلیون تمەنی بۆ تەرخان کراوە؛ چەندەش بێ ئەوەی دەنگی لێ دەربێنن ڕایدەکێشن با لەوێندەر بوەستێ.
بەشی دامەزراوە و بنیات و ڕێکخراوە دینی و ئیدۆلۆژییەکان لە بودجەی وڵات چەند قات لە بەشی زانکۆ و پەرورەدە و بنیاتە زانستییەکانی وڵات زیاترە کە خزمەتی وڵات و کۆمەڵگە دەکەن.

هەڕەشەیەک بەناوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی
بەڕێز تڕامپ لە کاتێکدا بە توانج، یان هەر بەڕاست ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی شایانی بەڕێوەبردنی وڵاتێکی وەک ئێران دەزانێ، کە هەر بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی ئەمریکا لانیکەم 608 سەربازی ئەم وڵاتە بە بڕیاری ڕێبەرانی ئێران لە خاکی عێڕاقدا کوژراون. هەروەها ئێران لە پشتی هەموو ئەم شەڕ و قەیران و ناسەقامگیرییانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
هەتا ئێستا چەند دادگای نێودەوڵەتی و دەزگای دادی سەربەخۆی وڵاتان کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە بڕیاردان و دەستتێداهەبوون لە کردەوە تێرۆریستییەکاندا مەحکووم کردوە. مەحکوومکرانی ئێران لە پەروەندەی «آمیا» لە ئارژانتین، «مێکونووس» لە ئەڵمان، زنجیرە تەقینەوەکانی ساڵی 2012ی بانکوک لە تایلەند و «هیند» و «کێنیا» تەنیا چەند نموونەیەک بۆ بیرهێنانەوەن. تۆ بڵێی تڕامپ کاتێک ئەو قسانەی دەکرد هیچ بیری لەوە کردبۆوە کە باسی کەسانێک دەکا ئارا و قەرایان نەک لە خەڵکی خۆیان، بگرە لە خەڵکی دنیا هەڵگرتوە؟!

ڕێژیمێکی بارمتەگر، لە سەرەتاوە تا ئێستا
دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و بەبارمتە گرتنی 66 دیپڵۆماتی ئەم وڵاتە بۆ ماوەی 444 ڕۆژ دەستی پێکرد. ئێستا ئەم ڕێژیمە چوار دەیەیە هەموو خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتوە و کردوونی بە قەڵغانی بەڵا. نابێ و ناکرێ لەبەرچاوی هیچ سیاسییەک و کاربەدەستی هیچ وڵاتێک شاراوە بێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ پێگەیەکی لەنێو خەڵکی ئێراندا نییە و ئەوەی تا ئێستا ڕێژیمی ڕاگرتوە و فریای کەوتوە تەنیا دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینەکەی بووە. بەردەوامی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و وەئامان هاتنی هەموو چین و توێژەکان لەم وڵاتە بەڕوونی دەری دەخەن کە ویست و هەڵبژاردنی خەڵک چییە و کامانەن!
***

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڵایەکە هەم بۆ خەڵکی ئێران و هەم بۆ کۆمەڵگەی جیهانی، کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمەش تەنیا شیاوی ئەوەن کە بدرێنە دادگای خەڵک و سەبارەت بە تاوانەکانیان تێیان هەڵپێچن. بۆیە ڕەوا نییە بێ لەبەرچاوگرتنی ویستی ئەم خەڵکە و ڕاستییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، لەگەڵ ڕێژیمێک بەو پێناسە گەندەڵ و نێوەرۆکە دژەمرۆڤایەتییە بکەویە سازان.
ئەم ڕێژیمە دەبێ لە کۆڵ خەڵکی ببتەوە، خەڵکی ئێرانیش قۆڵیان لەم کارە هەڵماڵیوە و بۆ سەرکەوتن لەم ئامانجەش چاویان لە پاڵشپتیی وڵاتانی دێموکرات و هێزە پێشکەوتنخوازەکانە و، ئەمەش چاوەڕوانییەکی بەجێ و دروستە.