Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 19/08/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

مستەفا مەولوودی: ڕێژیم لە بەرامبەر فشاری دەرەکی و نێوخۆییدا ناچارە پاشەکشە بکا

06/06/2019 | 13:01:34
+A
-A
دیمانە: شەونم هەمزەیی

“ماوەی چەند مانگێکە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاراستەیەکی تری وەگرتوە. ئەمریکا سپای پاسدارانی خستووەتە لیستەی تێرۆر و ناوگانی سەربازیی خۆی لە ئاوەکانی نیزیک ئێران نیزیک کردۆتەوە. هاوکات بە گوشارە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە تەنگانەوە. دوو لایەن سەرەڕای شیر و شمشیربەستنیان لە ڕوو لەدژی یەکتر، بەڵام لە دانوستان و سازانیش غافڵ نین. پرسیار ئەمەیە کە ئێران بەرەو کوێ دەڕوا؟ دوورەدیمەنی ئەم گۆڕانکارییانە چین و کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد لە ئێران چین.
ئەم بابەتە و چەند تەوەرێکی دی بیانووی وتووێژێکی “کوردستان” بوون لەگەڵ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان.”

کاک مستەفا با بەو پرسیارە دەست پێبکەین کە ئێران بەرەو کوێ دەڕوا؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردایە. بۆیە دەکرێ هەموو گریمانەیەکی بۆ لەبەرچاو بگیرێ.
یەکەم ئەوەی بەربڵاوبوونی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات و فشاری دەرەکی دەکرێ بە چۆکی دابێنێ. دووهەم ڕەنگبێ ڕێژیم بە بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ لەسەر خەڵکی ئێران و پیلان بۆ ماوەیەکی دیکەش درێژە بە مانەوەی خۆی بدا. بەڵام بەگشتی ئەمن داهاتوویەکی ڕوون بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نابینم و لام وایە ناڕەزایەتیی نێوخۆیی و فشاری دەرەکی لە کۆتاییدا ئەو ڕێژیمە بەرەو گۆڕانی بنەڕەتی یان هەڵدێر و نەمان دەبەن.

ڕەنگبێ هیچ کات، تەنانەت کاتی شەڕ لەگەڵ عێراقیش هیندەی ئێستا گوشاری سیاسی و ئابووری لەسەر کۆماری ئیسلامی نەبووبێ، ڕێژیم چەندەی زەرفییەت هەیە بۆ خۆڕاگرئەم گوشارانەدا؟ی لە بەرامبەر

ئەوە ڕاستە هیچ کات ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێندەی ئێستا گوشاری سیاسی و ئابووری و دەرەکی و کۆمەڵایەتی نێوخۆیی لەسەر نەبووە. کاربەدەستانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیش ئەوە ناشارنەوە و حاشای لێ ناکەن. ئەمن پێم وایە هەرچەندە ڕێژیم هێندێک کارتی بەدەستەوەن، وەک ئەوەی نیزام و سیستمێکی ئیدۆۆلۆژیک و ناوەندگەرا توانای بڕیاردانی ئاسانتری هەیە، هێزی پۆشتەی سپای پاسداران و ناوەندی داپڵۆسێنەر و تۆقێنەری ئەمنییەتیی جۆراوجۆری هەیە کە هەم ئەزموون و هەم ئیرادەی سەرکوت و کۆنتڕۆڵی خەڵک و کۆمەڵگەیان هەیە، هەروەها سەرچاوە و ئیمکاناتی وڵات لە کاتی ئاوادا زۆرتر بۆ پاراستنی نیزامی سیاسی هەزینە دەکرێ؛ بەڵام بەو حاڵەش ئەمن پێموایە لە کۆتاییدا ئەو ڕێژیمە ناتوانێ خۆ لە بەرامبەر فشاری دەرەکی و نێوخۆیی خەڵکدا ڕابگرێ و بە چۆکدا دێ. جا چ بە ڕووخان بێ یان بە پاشەکشە کردن بێ لە سیاسەتەکانی، کە لە حاڵەتی ئاواشدا هەر پاشەکشە و شکستە بۆ ڕێژیم.

ئەگەر کەمێک وردتر چاو بە هێز و فاکتەرە دەورگێڕەکانی نێوخۆی ئێراندا بگێڕین، باڵانسی هێز لەنێوان ئەواندا چۆنە؟ ئێران بەرەو سیستمێکی داخراوتری سەربازی دەچێ، یان دیسانەکەش ڕیفۆڕمخوازەکان بەفریای ڕێژیم دەکەونەوە؟
ڕێژیمی ئێران ناوەندگەرایە، بەڵام لەنێو نیزام و سیستمی تا ڕادەیەک «پیچیدە»ی کۆماری ئیسلامیدا جۆرێک دابەشکردنی کار و بەرپرسایەتی هەیە و تا گەیشتن بە بەیتی ڕێبەری چەند لایەی دەستەڵات هەن کە کارکردی لێکجیاوازیشیان لەگەڵ یەکتر هەیە کە ئەوە دەتوانێ لە هێندێک کاتی حەساسدا بە فریای ڕێژیم بکەوێ، بە تایبەت دەبێ قەبووڵمان بێ کە هەموو قۆڵەکانی نێو ڕێژیم لەسەر مانەوە و پاراستنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کۆک و یەکدەنگن، بۆیە هیچ دوور نییە بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەرەکی لەسەر ڕێژیم و مەجال دان بە خەڵك بۆ ئەوەی لەو هەلومەرجە داخراوەدا کەمێک هەناسە بکێشن و، کۆمەڵە ڕێفۆرمێکی سنووردار بکەن کە ئەوە هەم دنیای دەرەوە پێشوازیی لێ بکا و هەمیش خەڵکی ئێران لەگەڵی ڕابێن.

بۆچوونێک هەیە کە هاتنی هێزی ئەمریکا بۆ کەنداو و زۆرترکردنی گوشارەکان بۆ ئەوەیە باڵانسی هێز لە نێو باڵەکانی حاکمییەتدا بگۆڕن. ئێوەش وا بیر دەکەنەوە؟
ئەوە دەتوانێ وەک گریمانەیەک سەیر بکرێ و تا ڕادەیەک ڕاستیش بێ. ڕاستە فشاری سیاسی و ئابووریی دەرەوە لەسەر ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستاش بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئەو ڕێژیمەیە و، کاربەدەستانی ئەمریکا ئەمە ناشارنەوە. بە هەموو پێوانەیەک گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم تێچووەکەشی بۆ ئەوان لە ڕێگاکانی دی کەمترە و بۆ داهاتووش باشتر کۆنتڕۆڵی وەزعەکە دەکرێ و کارەکان چاکتر مودیرییەت دەکرێن. ئەمن باوەڕم وایە دنیای دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکاییەکان لەسەر ئەوە بەئاشکرا و بەنهێنی کار دەکەن. بۆیە ئەو گوشارانە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی. بەڵام هەموو گریمانەیەک دەکرێ لەسەر مێزی کاری بەرپرسانی ئەمریکادا ڕوو بکرێ. واتە ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییدا نەیەوێ بێتە ڕەدایە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دابین نەبن، بژێرەی گۆڕینی ڕێژیمیش دەکرێ بخرێتە ڕۆژەڤەوە.

کاک مستەفا خەڵکی ئێران لە کوێی ئەم هاوکێشەیە دان؟ چ لە ڕوانگەی هێزەکانی گوشاری دەرەکی، چ لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە؟
ڕوونە خەڵکی ئێران پێی خۆش نییە وڵاتەکەی سێبەری شەڕ و گوشاری ئابووریی لەسەر بێ، چونکە باش دەزانن دووکەڵی ئەو فشارانە زۆرتر دەچێتە چاوی ئەوان و بە تایبەتی چینی هەژاری ئەو کۆمەڵگەیە پتری لێ زەرەرمەند دەبێ، هەروەها بەوەش ناڕەحەتن کە وڵاتەکەیان ئاوا کەوتۆتە بەر فشار و لۆمەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، لەوەش تووڕەن کە ئەو هەموو ئیمکاناتە کە لە ئێراندا هەیە لە باتی ئەوەی لە ئاوەدانیی وڵات و خۆشبژیویی خەڵکدا خەرج بکرێ، دەبێتە تێچووی دەستێوەردانی نابەرپرسانەی ڕێژیم و دەسەڵات لە وڵاتانی دیکەدا. بەڵام سەرەڕای ئەو پێناخۆش بوونانە، خەڵكی ئێران دەزانن کە ئەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە چوار دەیەیە خەڵک و وڵاتی کردووەتە سپەری بەڵا و، هۆ و هۆکاری هەموو ئەم نەهامەتییانەیە و بەرپرسایەتیی ئەو بارودۆخە هەمووی دەخەنە ئەستۆی ڕێژیم. بۆیە ئەمن لام وایە خەڵکی ئێران گوشاری سیاسی دەرەکی دەکەنە دەرفەت بۆ بردنەپێشی بزوتنەوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بۆ گۆڕینی ئەو نیزامە و جێگیرکردنی نیزامێکی دێموکراتیک و خەڵکی.

ئەگەرچی گوشارە ئابوورییەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئێران زیاتر بووە، بەڵام وا دێتە بەرچاو کە بزووتنەوە ئێعترازییەکان لە ئاستی پێش دوو ساڵدا نین، هۆکارەکان چین؟
لە پێشدا دەبێ دان بەوەدا بنێین جارێ فشاری ئابووریی دەرەوە و کاریگەریی لەسەر خەڵك بەو ڕادەیە نە گەیشتووە کە بگاتە سەر ئێسقان و لێکەوتەی بەربڵاوی هەبێ. دووهەم خۆ پێش ئەو گوشارانەش خەڵكی ئێران لەو بوارەدا زۆریان چێشتووە، لە حەقیش دەرنەچین زۆربەی چین و توێژە کەم داهاتەکان هاواری خۆیان بەرز کردۆتەوە، تەنانەت لەو ڕێگایە ئەمنیەتی کاری و بژیوی ژیان و تەنانەت گیانی خۆشیان خستووەتە مەترسییەوە. پەیامەکەش بە گوێی هەمووان، لەوانە وڵاتان ودەوڵەتان و کاربەدەستانی حکوومەتیش گەیشتووە، بۆیە بەگشتی خەڵک کەمیان نەکردوە، بەڵام بەداخەوە نە گوێیان لێ گیراوە و نە بە هاورایانەوە چوون. ئەوەش دەزانن کە خەڵک مەیدانی و بەکردەوە ڕادەی دڕندەیی و زەبری مۆرەکانی رێژیمیان لە سەرکوتدا چێشتووە. لە هەلومەرجی ئێستاشدا کە فشاری دەڕەکی لە بواری سیاسی و بەتایبەتی ئابوورییەوە تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیوە، ئەمن پێموایە خەڵكی ئێران ڕەچاوی ئەوە دەکەن ناڕەزاییەتیەکانیان وا لێک بدرێتەوە کە هاودەستی لەگەڵ بێگانە دەکەن، وە ئەوەش ببێ بە بیانوو بۆ سەرکوت کردنی زیاتری خەڵك. بۆیە مولاحزەیەک دەکەن، بەڵام مەرج نییە ئەم حاڵەتەش دەوامی زۆری هەبێ. لەبەر ئەوە خەڵك نیازی زۆر زەرووریان هەیە و ڕێژیم ڕوونە نە ئامادەیە داواکانیان جێبەجێ بکا و نە تواناشی هەیە. هەر بۆیە هاتنەسەر شەقامی خەڵک و پێداگرییان لەسەر مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان، ئەویش لە شێوەی ناڕەزایەتیدەربڕین شتێکی چاوەڕوانکراوە.

بارودۆخەکە لە کوردستان چۆنە؟
بارودۆخی کوردستانی ئێران بەگشتی جیا ناکرێتەوە لە سەرانسەری ئێران، بەو جیاوازییە کە فشار لەسەر خەڵكی کوردستان دووهێندە زیاترە بە بەراورد لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێران. خەڵكی کوردستان کەمتر بەشداری دەستەڵاتی سیاسی و ئیداریی وڵات کراوە، کوردستان زۆر کەمتر ڕووی ئاوەدانی بەخۆیەوە دیوە. وە لەبەر ئەوەش خەڵكی کوردستان هەڵگری پەیام و خواستی سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بووە، زۆرتر فشاری دەزگاکانی ئەمنیەتی و سپای پاسدارانی ئێرانی لەسەر بووە و کوردستان زۆرتر بە ئەمنیەتی کراوە و بەرپرسانی نیزام بە چاوی ئەمنیەتی دەڕواننە هەموو جموجۆڵێکی خەڵكی کوردستان، بەڵام خۆڕاگریی خەڵك و بوون و تێکۆشانی هێزە سیاسییەکان و جووڵەی مەدەنی، فەزایەکی تەواو سیاسی و لەسەرهەست بوونی لە کوردستاندا خوڵقاندوە، کە ئەوە بۆ ئێستای حکوومەتی کۆماری ئیسلامی چالشێکی گەورەیە و بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران و کوردستان فاکتۆرێکی بەهێزە.

لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک باسی نوێ کەوتووەتە سەر زاری کاربەدەستانی ڕێژیم کە لە نێوەرۆکدا بۆ کورد گرینگن. بۆ نموونە خاتەمی باس لە فیدرالیزم دەکا، یان ڕۆحانی باس لە ڕێفراندۆم دەکا، خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات بۆ ئەم مژارانە چین؟
وڵاتی ئێران زۆر پان و بەرینە و خەڵكێکی زۆری بە جیاوازیی جۆراوجۆری نەتەوەیی، دینی، مەزهەبی و فەرهەنگی و کولتوورییەوە هەیە، بۆیە دروستە کە بۆ چارەسەری کێشەکان واقیعبینانە بیر بکرێتەوە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو هەموو جیاوازییانە باشترین سیستم، بە فیدرالی کردنی وڵاتی ئێرانە. ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی نەمر دوکتور قاسملوو ئەمەی بە ئاغای خومەینی گوتوە و ئەم حەقیقەتەی لەگەڵ باس کردوە. ئێستا کە لە نێو کاراکتەرەکانی ڕێژیمدا کەسانێک پەیدا دەبن باس لە فیدرالیزم دەکەن و تەنانەت باس لە ڕێفراندۆم دەکەن، _بەو مانایە کە بۆ دیاریکردنی نیزامی سیاسیی وڵات پرس بە خەڵك بکرێ_ ئەمە لە نەوعی خۆیدا باش و قابیلی دەرکە، بەڵام بە مەرجێک کە ئەمە مافی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی ئێران دابین بکا و کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن و پەراویزخستنی نەتەوەکان لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی وڵات بێنێ.

دەوری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەو هاوکێشانەدا چۆن دەبینن؟ ئەوان لە چ پێگە و ستاتۆیەکدا جێیان گرتوە؟
زۆر باس لەوە کراوە کە یەکێک لە هۆیەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە لاوازیی ئۆپۆزیسیۆن دایە. بە داخەوە ئێستاش ئەوە هەر ڕاستە. ئەمن پێم وایە ئەوەیە خەڵکی وڵات بە ناچاری ملیان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاکێشاوە و فشاری دەرەوەش هەر بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم هەر لە لاوازیی ئۆپۆزیسیۆنەوە سەرچاوە دەگرێ. لەبەر ئەوەی جێگرەوەیی ڕێژیم بۆ خەڵك و دنیای دەرەوە دیار نییە و شکڵی نەگرتوە و، نەبۆتە ئادرەس کە ئێستاش بە داخەوە هەر وایە.

ئەدی مەوقعیەتی ئۆپۆزیسیونی کورد لەم هەلومەرجەدا چۆنە؟ پێتان وایە ئامادەیی ڕۆڵ بینین لە گۆڕانکارییەکانیان هەیە؟
بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بەگشتی باشترە لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری. لەو ماوەیەدا هێندێک هەنگاوی زیاتریشی هەڵگرتوە و وەک دەبینین، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی پێک هێناوە کە ئەمە لەجێدا کارێکی باش و پێویست بوو. بەڵام زۆر کار ماوە ئۆپۆزیسیۆنی کورد بیکا تا بتوانێ کاریگەریی زیاتری لە کوردستان و ئێران و ناوچەدا هەبێ.

وەک دوا پرسیار، لەم هەلومەرجەدا هێزە سیاسییەکانی کورد ئەوەی دەبێ بیکەن چین و ئەوەی دەبێ نەیکەن کامانەن؟
لەم هەلومەرجەدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەی دەبێ بیکەن، یەکگرتن و داڕشتنی پلانی هاوبەشە بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان لە زۆر ئاست و بواردا. خەڵكی کوردستان و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێک. ئەوەش کە دەبێ نەیکەن و خۆی لێ بەدوور بگرن، نایەکگرتوویی و پەڕشوبڵاویی ڕیزەکانیانە.

زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا
ئێوەش ماندوو نەبن